سایتی ئاوێنه ورده‌كاری كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی لڤین بڵاوده‌كاته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و ڕۆژنامه‌نووسی گۆڤاری لڤین، سۆران حه‌مه له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیان له‌شاری كه‌ركوك كوژرا، سه‌رچاوه باڵاكانی پۆلیس‌و ئاسایشی كه‌ركوك به"ده‌ستێكی ڕه‌ش"ی ناو ده‌به‌ن، سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانیش به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه . كه‌ركوك، ئاوێنه: به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا‌و ناحیه‌كانی كه‌ركوك، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر ئه‌مشه‌و 21/7 له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ سایتی ئاوێنه ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڕه‌كی ڕه‌شید ئاوای شاری كه‌ركوك، چه‌ند چه‌كدارێك چوونه‌ته به‌رده‌م ماڵی ڕۆژنامه‌نووس (سۆران حه‌مه)و گولله‌یه‌كیان پێوه‌ناوه‌و كوشتوویانه. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ئاسایشی شاری كه‌ركوك (یه‌كێتی)، به‌سایتی ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند "ده‌ستێكی ڕه‌ش له‌كه‌ركوك كه پێشتر رۆژنامه‌نووس‌و نووسه‌ری تریان كوشتووه، ده‌یانه‌وێت ده‌نگه ئازاده‌كانی شاری كه‌ركوك كپ بكه‌ن، پێده‌چێت هه‌ر ئه‌وان ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجام دابێت". له‌لایه‌كی تره‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ئازادی، عه‌قید بێستون قادر به‌سایتی ئاوێنه‌ی ڕاگه‌یاند "دوای بانگی مه‌غریب ئوتومبیلێكی جۆری بی ئێم ده‌بلیوی ڕه‌ش، چۆته به‌رده‌م ماڵی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه له‌گه‌ڕه‌كی ڕه‌شید ئاوا‌و هه‌ر له‌به‌رده‌م ده‌رگای خۆیان كوشتوویانه‌و هه‌ڵهاتوون". سكرتێری لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانیش، له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ڕایگه‌یاند كه پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌سۆران حه‌مه كرا‌وه‌و ئه‌ویش، ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی خستۆته سه‌ر نامه‌یه‌ك‌و گه‌یاندوێتی به‌ئه‌وان‌و وتی "ئێمه‌ش لیژنه‌ی داكۆكی له‌مافی ڕۆژنامه‌نووسانمان له‌سه‌ندیكا ئاگاداركرده‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مانه گروپێك بن‌و كورد بن". ناوبراو ئاشكرایكرد كه "ئێمه وه‌كو سه‌ندیكا به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌حكومه‌ت ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر ناتوانێت گیانی ڕۆژنامه‌نووسان بپارێزێت، ئه‌وا داوا له‌سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووسه كوره‌كانی شاری كه‌ركوك ده‌كه‌ین شاره‌كه جێبهێڵن". له‌تیف باسی له‌وه‌كرد كه هه‌وڵده‌ده‌ن سبه‌ی سێشه‌ممه له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌ت‌و به‌شێوه‌ی خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی ته‌رمه‌كه‌ی به‌خاك بسپێرن. سۆران حه‌مه ته‌مه‌نی بیست‌و سێ ساڵه‌و خوێندكاری قۆناغی چواره‌می په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی كه‌ركوكه به‌شی (بینین‌و بیستن)، پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كه‌ركوكی ڕۆژنامه‌ی كوردستان ڕاپۆرت بووه، به‌ڵام ئێستا به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤینه. پێشتریش سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری لڤین، ئه‌حمه‌د میره له‌لێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنه ڕایگه‌یاند "ئێستا به‌دوای ڕاستی ڕووداوه‌كه‌دا ده‌ڕۆین، به‌ڵام جارێ هیچ لێدوانێك ناده‌م".
|