به‌یاننامه‌ی گۆڤاری لڤین سه‌باره‌ت به تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سۆران مامه حه‌مه، به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاره‌كه‌مان
به‌یاننامه‌ی گۆڤاری لڤین سه‌باره‌ت به تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سۆران مامه حه‌مه، به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاره‌كه‌مان
كاتژمێر 9ی شه‌وی 21ـ22/7/2008 له رووداوێكی تیرۆریستیی ترسناكدا، رۆژنامه‌نووسی دیار‌و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین (سۆران مامه حه‌مه) له به‌رده‌م ماڵی خۆیاندا له گه‌ڕه‌كی (ره‌شید ئاوا)ی شاری كه‌ركوك كه یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه هێمنه‌كانی ئه‌و شاره له لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه تیرۆركرا.
ئێمه له گۆڤاری لڤین سه‌ره‌ڕای سه‌ره‌خۆشیی له خۆمان‌و بنه‌ماڵه‌و دۆست‌و هاوڕێیانی شه‌هیدی رێگای قه‌ڵه‌م (سۆران مامه حه‌مه)، زۆر به توندی ئه‌م رووداوه تیرۆریستییه گه‌وره‌یه ئیدانه ده‌كه‌ین‌و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكی ده‌زانین بۆ سه‌ر رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ له هه‌رێمی كوردستان‌و عێراقدا.
دیاره پێشتریش رووداوی تیرۆریستیی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان كراوه، به‌ڵام تیرۆركردنی سۆران مامه حه‌مه جیاوازه له‌وانی پێشووتر، چونكه ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مجاره میدیای ئازاد له كوردستاندا به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته به‌ر ده‌م مه‌ترسی تیرۆره‌وه، بۆیه وه‌ك گۆڤاری لڤین له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی پێمانوایه جێگه‌ی ئه‌و هاوڕێ ئه‌زیزه‌مان به هیچ شتێك پڕنابێته‌وه، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و كاره تیرۆریستییه ده‌كه‌ین. له‌مه‌شدا به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارێتیی له ئه‌ستۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران‌و په‌رله‌مانی كوردستاندایه، چونكه ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی گۆڤاری لڤین له شاری كه‌ركوك تیرۆركراوه (كه به‌رپرسیارێتییه ئه‌منییه‌كه‌ی له ده‌ستی پارتی‌و یه‌كێتییدایه).
هه‌ر لێره‌وه وه‌ك گۆڤاری لڤین داوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی له‌و رووداوه ده‌كه‌ین به هه‌مانشێوه‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسیی لوبنانیی سه‌میر قه‌سیر-دا ئه‌نجامدرا، چونكه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ست به تارماییه‌كانی ده‌ستێك ده‌كه‌ین كه ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی تیرۆر‌و تۆقاندنی رۆژنامه‌نووسانه‌وه میدیای ئازاد له كوردستان له‌ناوبه‌رێت كه چه‌ند ساڵێكه له‌م هه‌رێمه‌دا خه‌ریكه ده‌كه‌وێته سه‌رپێی خۆی. لڤین‌و رۆژنامه‌نووسانی دیكه‌ی ئازاد له كوردستان گومانی ئه‌وه ده‌به‌ن كه پلانێك له ئارادابێت بۆ كپكردنی ده‌نگه‌كان‌و داخستنی ده‌رگای رۆژنامه‌كان كه به‌داخه‌وه تا ئاستی تیرۆری جه‌سته‌یی رۆیشت‌و ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ترسناكه به‌رده‌وامبێت. هه‌رله‌به‌رئه‌وه داواكاریشین له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ئازادیی رۆژنامه‌وانیی‌و مافه‌كانی مرۆڤ له خستنه‌ڕووی ئه‌م دۆسییه‌یه‌دا هاوكاریمان بكه‌ن، چونكه به‌بڕوای ئێمه گره‌وی ئازادی رۆژنامه‌نوسی له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌ركه‌وتن‌و شكستی ئه‌م دۆسیه‌یه‌وه.
هاوكات داوا له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان‌و ته‌واوی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌ین كه له هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان به دوای راستییه‌كانی رووداوی تیرۆركردنی هاوكاره‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵماندا بن، چونكه ئازادیی قه‌ڵه‌م‌و ئازادیی رۆژنامه‌نووسی له‌م وڵاته‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه به راده‌ی سه‌ركه‌وتنمان له دۆزینه‌وه‌ی دوژمنه‌كانی وشه‌و ئازادیی‌و قه‌ڵه‌مدا.
هه‌ر لێره‌دا به پێویستی ده‌زانین ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه تیرۆركردنی رۆژنامه‌نوسێكی بوێری وه‌ك سۆران مامه حه‌مه، سه‌ره‌ڕای ناسۆره قووڵه‌كه‌ی ده‌بێته هانده‌رێكی گه‌وره بۆ به‌رده‌وامبوونمان له‌سه‌ر كاری پیشه‌یی خۆمان‌و وره‌ی زیاترمان ده‌داتێ له‌و رێگا سه‌خته‌دا كه گرتوومانه‌ته‌به‌ر.
دووباره په‌رۆشیی‌و نیگه‌رانیی خۆمان بۆ رووداوه‌كه دووباره ده‌كه‌ینه‌وه‌و سه‌ره‌خۆشی له خۆمان‌و كه‌سوكاری ئه‌م هاوڕێیه‌مان ده‌كه‌ین..
شه‌وی 21-22/7/2008
گۆڤاری لڤین- سلێمانی
|