ڕیفراندۆم هه‌قه‌، به‌ڵام با به‌شێوازێكی هه‌قیش جێبه‌جێ‌ بكرێ‌
عـه‌لـی بـاپـیـر

خوای كاربه‌جێ‌ "عز وجل" له‌باره‌ی قوڕئانه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: (وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ ۗ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا وَنَذِيرًا (١٠٥) الإسراء -١٠٥-، واته‌: قوڕئانمان به‌هه‌ق ناردوه‌و، هه‌قیشی گرتۆته‌ خۆی‌و، تۆشمان ته‌نیا به‌ موژده‌ده‌رو ترسێنه‌ر ناردوه‌.
واته‌:
قوڕئان هه‌م له‌خودی خۆیدا هه‌ق‌و ڕاسته‌و، هه‌م به‌شێوازو چۆنیه‌تییه‌كی هه‌ق ‌و ڕاستیش دابه‌زێنراوه‌.
به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ كه‌ خاوه‌ن هه‌ق ‌و مافێكی ڕه‌وابی، به‌ڵكو پێویسته‌ "ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ هه‌قه‌كه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكه‌ی" به‌شێوازو ڕێبازێكی ڕێك ‌و ڕاست ‌و ڕه‌واش داوای بكه‌ی ‌و هه‌وڵی بۆ بده‌ی، ئه‌گه‌رنا گه‌لێك جار گرتنه‌به‌ری شێوازو ڕێبازی هه‌ڵه‌و ناڕه‌وا بۆ ده‌ستخستنی هه‌ق، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌سته‌به‌ر نه‌بوونی، بگره‌ دوور لێكه‌وتنه‌وه‌شی!.
به‌پێویستی ده‌زانم له‌گه‌رمه‌ی هه‌راو گاڵه‌گاڵی ئێستای نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ‌و، داموده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گشتپرسیی له‌هه‌رێمدا، چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا بخه‌مه‌ڕوو و سه‌ره‌تاش هیوادارم هه‌موولایه‌ك بابه‌تییانه ‌و دوور له‌پاشخانی فیكریی‌ و سیاسییان له‌قسه‌كانم ڕامێنن:
یه‌كه‌م:
بێگومان وه‌ك ده‌یان جار گوتوومانه‌و به‌ر له‌سی‌وسێ‌ (٣٣) ساڵ (١٩٨٤)ز له‌كتێبی: (سۆزی نه‌ته‌وایه‌تیی‌و بیری ناسیۆنالیزم)ی به‌نده‌دا هاتووه‌: نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی دنیا، مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی كه‌ خاوه‌نی ئیراده‌و ئیداره‌ی خۆی بێ‌، به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆشه‌وه‌، چ له‌هه‌رێمی كوردستانی عێڕاق "باشووری كوردستان"و چ له‌هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی كوردستانی به‌ش به‌شكراودا: باكوور، ڕۆژ هه‌ڵات، ڕۆژئاوا.
دووه‌م:
بۆیه‌ ئه‌نجامانی گشتپرسیی بۆ به‌فه‌ڕمیی ده‌ربڕینی داواكردنی ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵك ‌و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌قێكی سرووشتیی‌و ڕه‌وایه ‌و، هیچ گرێ ‌‌و گۆڵێكی تێدانییه‌.
سێ‌یه‌م:
به‌ڵام بێگومان "وه‌ك له‌به‌رایی ئه‌و نووسینه‌دا گوتمان" ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی گشتپرسیی، ئینجا چ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانی به‌دوادابێ‌، چ به‌دوایدا نه‌یه‌ت، پێویسته‌ پاش زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆیی‌ و ده‌ره‌كیی ‌و ئاماده‌كردنی پێشه‌كییه‌كان (مقدمات) بێ‌، چونکه‌ هه‌ركه‌س بیه‌وێ‌ ئه‌نجامێكی دروست وه‌ده‌ست بێنێ‌، ده‌بێ‌ پێشتر پێشه‌كییه‌ دروسته‌كان (المقدمات الصحیحة)ی بۆ هه‌ڵبچنێ‌، تاكو ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌سه‌ردا نه‌چه‌سپێ‌ كه‌ ده‌ڵێ‌:
ترجو النجاة ولم تسلُك مسالكها إن السفينة لاتجري على اليَبسِ
چواره‌م:
مسۆگه‌ر زه‌مینه‌ سازیی نێوخۆ له‌پێش زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كییه‌وه‌یه‌و، بگره‌ هۆكارێكی گرنگ‌ و كاریگه‌ریشیه‌تی، ئنجا ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازیی ده‌ره‌كیی په‌یوه‌سته‌ به‌ویستی غه‌یری خۆمانه‌وه‌، زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ، له‌به‌رده‌ستی خۆماندایه‌و به‌ویستی خۆمانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌.
زه‌مینه‌سازیی نێوخۆش به‌ته‌بایی ‌و ئاشته‌وایی ‌و ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان "به‌تایبه‌ت هێزه‌ سه‌ره‌كیی‌و خاوه‌ن پێگه‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان" ده‌ست پێده‌كات ‌و، به‌میانی گێڕانه‌وه‌ی شكۆو كاریگه‌ریی بۆ دامه‌زراوه‌كان دا "به‌تایبه‌ت په‌رله‌مان" گوزه‌ر ده‌كاو، به‌گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك‌ و جه‌ماوه‌ری بێزار و دڕدۆنگ ‌و نیگه‌ران، به‌رانبه‌ر به‌قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان، ته‌واو ده‌بێ‌.
بێگومان هۆكاره‌كانی تووڕه‌یی‌و بێزاریی ‌و بێ‌ متمانه‌یی خه‌ڵك ‌و جه‌ماوه‌ری به‌شخوراویش، به‌رانبه‌ر به‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌یان زۆرن، به‌ڵام له‌هه‌موویان كاریگه‌رتر بریتین له‌:
١. شكاندنی شكۆی دامه‌زراوه‌كان.
٢.پێشێلكردنی یاسا، به‌تایبه‌ت له‌بواری ئه‌منیی‌و ئازادیی بیروڕادا.
٣.سته‌م‌و قۆرخكاریی‌و گه‌نده‌ڵیی.
٤.به‌ملیاردلێردكردنی كه‌سانێكی كه‌م له‌سه‌ر حیسابی بژێوی خه‌ڵك‌و دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی.
پێنجه‌م:
به‌دڵنیایی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی نه‌رێنییانه‌ی حكوومه‌تی نێوه‌ندیی (مركزي) یان وڵاتانی دراوسێ‌، یان وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوا، دژ به‌ڕیفراندۆم، بكه‌ینه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌نجام نه‌دانی! چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكی ڕه‌واو سروشتی خۆمانه‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ به‌وردیی حیساب بۆ ده‌رهاویشته‌كانی هه‌ڵوێستی نه‌رێنیی هه‌رلایه‌ك بكه‌ین‌و، به‌قسه‌و هه‌ڵوێستی دڵگه‌رمانه‌و سۆزدارانه‌ خۆمان فریو نه‌ده‌ین‌و، به‌مه‌ره‌دی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌چین كه‌: (بۆ ڕیش چووبوو سمێڵیشی خسته‌بانی!) به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هه‌رێم، پێویسته‌ هۆشیاربین‌و حیسابی وردو دوور بكه‌ین.
شه‌شه‌م:
پێویسته‌ هه‌رچی زووتره‌ ئه‌و مۆركه‌ شه‌خسیی‌و حیزبییه‌ی به‌هه‌ڵه‌ یان به‌ئانقه‌ست له‌پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم دراوه‌، لـێی بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌دڵنیایی بابه‌تێكی نیشتیمانیی گرنگ‌و چاره‌نووسسازی وه‌ك ڕیفراندۆم، به‌هۆی به‌شه‌خسه‌نه‌و به‌حیزبیی كردنیه‌وه‌، بچووك ده‌بێته‌وه‌و ده‌شێوێندرێ ‌‌و، ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن‌ و سه‌روبه‌رگرتنیشی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
حه‌وته‌م: له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم:
وه‌ك گوتراوه‌: (المرء قليل بنفسه كثير بأخيه) مرۆڤـ خۆی به‌ته‌نیا كه‌مه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ براكه‌یدا زۆره‌، هیوادارم ئه‌گه‌ر هه‌موولایه‌ك به‌جیددیی ده‌مانه‌وێ‌ به‌ره‌و ئه‌نجامدان‌و پاشان سه‌روبه‌رگرتنی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆم بچین، عه‌قڵ‌و دڵی خۆمان له‌ئاست یه‌كدیدا فراوان بكه‌ین‌و، گرێ‌‌و گۆڵی ده‌روونیی‌و مێژوویی توڕبده‌ین‌و، دڵنیابین كه‌ كارو پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ به‌كه‌سانێك ئه‌نجام ده‌درێ‌، كه‌ عه‌قڵ‌ و دڵیان گه‌وره‌و فراوان بێ ‌‌و له‌واقیعدا بژین نه‌ك له ‌مێژوودا!
هه‌روه‌ها دڵنیابین كه‌ ڕیفراندۆم، به‌بێ‌ زه‌مینه‌سازیی نێوخۆ و ده‌ره‌كیی، به‌تایبه‌ت كۆده‌نگیی‌و ته‌بایی نێوخۆ، یان ئه‌نجام نادرێ‌، یان نیوه‌چڵ ده‌بێ‌.


ئه‌م بابه‌ته 447 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:04:23:17/07/2017
زیاتر ...
وتار
وەرزش
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
گۆڤاری لڤینی نوێ
بەشداریکردن