سازانی راسته‌قینه‌ به‌بێ بڕواو متمانە دروست نابێ
جەلال جەوهەر


پێویستی مرۆڤایەتی و ئەزمونەکانی ژیان سەلماندویانه‌ که‌ پێکەوە بوون و هاوکاری لە نێوان دوولا یان زیاتر، بە گشتی ئەنجامی باشی لێکەوتۆتەوە، ئەگەر تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش (تێکگەیشتن) و ئامانجی هاوبه‌ش و پێویست هەبووبێ لە نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.
دیارە ژیان و کاروانی مرۆڤایه‌تی  لە دونیادا ئاست و شیوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە گرتوە، بەهۆی جیاوازی ئاستی فیکری، سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ژینگە، و بەهۆی شەڕ و ململانێ و خۆسەپاندنی داگیرکەران .
بەشێوەیەکی گشتی تا ئاستی فیکری، سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتیی میللەتان و هێزه‌سیاسیه‌کانی بەرزبێ ئەوەندە ئاستی تێگەیشتنی هاوبەشیان بەرز دەبێ ، و لەهەر جێگایەکدا تێگەیشتنی هاوبەش و ڕێزگرتن لە ویستی یەکتر لە ئاستی بەرزدابێ ، لەوێ پەیوەندی نێوان لایەنەکان بەهێز دەبێ ، و هەموو پەیوەندیەکی بەهێز و باشیش بڕواو متمانەی بەهێزی لێدەکەویتەوە، و هەر کاتێ بڕواو متمانەش دروست بێ لە نێوان لایەنەکاندا بێگومان ئەو کاتە سازانیش دروست دەبێ ، و بە پێچەوانەشەوە ، لەهەر جێگایەکدا ئاستەکان(فکری،سیاسی،..) نزم بێ ، لەوێ تێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندیەکان و بڕواو متمانە بەیەکتر نزم دەبێ، وبواری سازانیش له‌وێدا زۆر که‌م دەبێ .
 بڕوا و متمانە بە یەکتر کاتێ به‌رهه‌م دێت و بە کرده‌وه‌ دروست دەبێ لەنێوان دوولایەندا ، کە قسەکان ئەکرێن بە کردار، و په‌یمان و بەڵێن و رێکەوتنەکانیش جێبەجێ دەکرێن .
پاڵنەر و هاندەریش بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن و رێکەوتنەکان دەوەستێتە سەر بڕوابوون و پابەندبونی کەسایه‌تی و لایه‌نه‌‌کان بە بنەما پیرۆز و ئەخلاقیەکانی ژیان و یاسا کارپێکراوەکان .
                                بڕوا و متمانه‌ له‌ ناو کورد
شوێنی کوردستان و میللەتی کوردیش وا هەڵکەوتوە لەم جیهانه‌، کە خاکەکەی تا ئەمرۆ بە داگیرکراوی بمێنێ، و میللەتەکەشی بندەست بێ، ئاستی فیکری و  سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە خوارەوەی میللەتانی دونیاوه‌بێ، و تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە ویستی یەکتر ،و پابه‌ندبون به‌ بنه‌ما پیرۆز و ئه‌خلاقی و  یاساکانیش له‌ ئاستێکی زۆر نزمدابێ،و  پەیوەندیه‌کانیش تەندروست نه‌بێ، و بڕواو متمانە بە یەکتر، له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی، و له‌ ناو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانی عێراق به‌تایبه‌تی زۆر له‌ خواره‌وه‌ بێ.


ئاستی نزمی بڕواو متمانە لەنێوان کورد و لایەنەکانی کوردستان و هۆکارەکان:
هۆکارەکانی که‌می و ونزمی بڕوا و متمانە زۆرن لەناو کورد بە گشتی ، و لەنێوان هێز و لایەنەکانی کوردستان بەتایبەتی . ئێمە لەم بابەتە کورتەدا هەوڵ ئەدەین بە کورتی تیشک بخه‌ینه‌ سەر هۆکارە گرنگەکان .                                               
١- هۆکاره‌ مێژووییه‌کان  :-
ێ‌/ دۆخی بڕوا و متمانه‌ له‌ قۆناغی داگیرکردن .
کورد زۆر جیاواز لە بەشێکی زۆری گەلانی دونیا ، تا ئەمرۆش وڵاته‌که‌ی  داگیرکراوە و میللەتەکەشی ژێردەستەیە، بەهۆی کورد خۆی، و لەبەر کۆمەلێک هۆی بابەتی .  ،،،
دۆخی داگیرکردنی کوردستان و کارەساتەکانی شەڕو کوشتن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات، و سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی کورد لە شەڕی نێوان داگیرکەران ، وله‌ شەڕی دژی جوڵانەوەی کورد، به‌م جۆره‌ داگیرکه‌ران میلله‌تی کوردیان په‌رت و بڵاوکردو هێزو توانایان لێبڕی و دوایان خست له‌ کاروانی مرۆڤایه‌تی .
درێژەکێشانی شەر و  ململانێی زلهێزەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ، و شەڕو ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی  ناوچەکە ( عوسمانی وسەفەوی )بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌، و سیاسەتی داگیرکەران لە چاندنی تۆی تەفریقە و دوبەرەکی لەنێوان هۆز و خێڵ و عەشیرەت و خێزانی کورد، و سیاسەتی ترساندن،برسیکردن ،په‌راوێزخستن ، غەدر و خیانەت ،راگواستن و نه‌فیکردن ،... بوە هۆی ئەوەی ئاستی ژیان و گوزەران و ئاستی رۆشنبیری و سیاسی میللەتی کورد لە ریزبەندی خوارەوەی میللەتانی ناوچه‌که‌ و دونیادا بێ .
سه‌رئه‌نجام تێگەیشتنی هاوبەش له‌ نێو کورد و جولانه‌وه‌که‌ی دروست نه‌بوو له‌ سه‌ر پرسی کورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد ، و پەیوەندیەکانی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شی سنوردار و لە ئاستی خوارەوەی میلله‌تاندا بێ ، به‌م جۆره‌ داگیرکەران توانیان نەخۆشی بەدگومانی لەنێو کورد و لایەنەکانیدا بڵاوبکەنەوە ، و  وابکەن کورد بڕوا و متمانەی بە جوڵاندنەوەکەی خۆی نەبێ ، و لەنێو خۆشیاندا بروا و متمانەی تەواویان بە یەکتر نەبێ ، وبێ بڕوایی و بێ متمانەییش بکەن بە بەشێک لە کەلتوری کورد و لایەنەکانی کورد لە کوردستان .

ب/ دۆخی بڕوا و متمانه ‌له‌ قۆناغی رزگاری و (26) ساڵی دەسەڵاتداریەتی کورد لە کوردستانی عێراق .
بەهۆی بیری تەسک و کوێرانەی حیزبایەتی، و بەهۆی وابەستەیی هەندێکیان، و کاریگه‌ری که‌لتوری  داگیرکه‌ران و رژێمه‌ دکتاتۆره‌کان به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌، دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق زۆر بێباک و که‌مته‌رخه‌مبون له‌ بیناکردن و راستکردنه‌وه‌ و چاککردنی پرسە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مه‌عنه‌وی و ده‌رونی خه‌ڵکی کوردستان لە ماوەی( 26) ساڵی رابوردوو، ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ک هه‌ر چاکیان نه‌کرد،به‌ڵکو بیری تەسکی حیزبایەتی له‌ کوردستان جێگای تێگەیشتنی هاوبەشی نیشتیمانی و سیاسی گرتەوە ، و بەرژەوەندی خێزان و حیزبیش جێگای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی گرتەوە ، و شه‌ڕی ناوخۆ جێگای ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی گرته‌وه‌ ، و داڕوخانی باری ئابوری جێگای بۆژانه‌وه‌ وئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌ی گرته‌وه‌ ، ئینتیما و وه‌لائی نشتیمانی گۆڕا ئینتما و وه‌لا بۆ تاکه‌که‌س و حیزب ، دزی و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و وڵات ، جێگای دابه‌شکردنی داهاتی گرته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ ، و هه‌ره‌س هێنانی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان جێگای بیناکردنه‌وه‌ی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی گرته‌وه‌ ، قوتابخانه‌ و زانکۆکان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بکرێن به‌ ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی زانستی و په‌روه‌رده‌یی نیشتیمانی بوون به‌ ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی حیزبی، کارکردن بۆ به‌حیزبی و سیاسیکردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ، جێگای هه‌وڵه‌کانی گرته‌وه‌ بۆ سه‌ر به‌ خۆیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ،...ئەنجام هه‌موو ئه‌مانه‌ ، کەلتوری بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لە نێو کورد و هێزەسیاسیەکانی کوردستان زیاتر و قوڵترکردەوە ، و گەیشتە قۆناغی دژایەتی و دوژمنایەتی و هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆ لە نێوان ئه‌و هێزانه‌.

٢/ هۆکاره‌کانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەرونی .
مانەوەی کوردستان بە داگیرکراوی بۆ ئەو ماوە دورودرێژە ، میللەتی کوردی دابڕی لە دونیای دەرەوە بە گشتی ، و لەبواری فیکری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی ، ئەم دۆخە بوە هۆی ئەوەی که‌ کورد نەک هەر بە کەلتوری گەلانی دونیا ئاشنا نەبێ ، بەڵکو بە مێژو و کەلتوری خۆشی ئاشنا نەبێ ، و داببڕێ و دوربکەویتەوە لە بەشێکی زۆری هاوزمانەکەی خۆی ، بەهۆی داگیرکردن و دابەشکردنی وڵاتەکەی ، هەر لەبەر ئەوەشە ، بازنەی بیر و کەلتور و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤی کورد بە گشتی سنوردار بوە ، و لە سنوری بیر و کەلتوری تاکه‌ کەس و خێزان و هۆز و خێڵ و عەشیرەت تێنه‌په‌ڕێ و نەترازێ .
لە لایەکی تریشەوە زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی ، و باری قورسی ژیان لە نەبوونی وبێ بەشی ، و دەربەدەری و ئاوارەبوون ،....، هەموو ئەمانە باری کەسێتی ومه‌عنه‌وی و دەرونی مرۆڤی¬ کورد و لایەنە کوردیەکانی لاوازکرد ، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد و هێزه‌ سیاسیه‌کان هه‌میشه‌ خۆیان بە کەم و بچوک و لاواز بزانن لە بەرانبەر داگیرکەران .
بەم جۆرە ئاستی نزمی فکری و رۆشنبیری، ولاوازی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وباری روخاوی ئابوری ودارایی و دەرونی لە نێو کورد و لایەنە کوردیەکان  بون بەهۆی ئەوەی تێگەیشتنی هاوبەش له‌ ئاستێکی زۆر کەمدا بێ ، و بڕوا و متمانەشیان بە یەکتر زۆر لاوازبێ ، دیاره‌ پرۆسه‌ی سازانیش له‌ دۆخێکی له‌م جۆره‌دا ئاسان نابێ ،به‌ڵام ئه‌سته‌میش نیه‌ ،گه‌ر ویستێکی نیشتیمان په‌روه‌رانه‌ هه‌بێ.
             بڕوا و متمانه‌ له‌ ناو کورد چۆن دروستده‌بێ
پرۆسه‌ی دروستبونی بڕوا و متمانه‌ به‌یه‌کتر، پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه‌، وکاتی پێویست و ئاماده‌ کاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فیکری، سیاسی، ئابوری دارایی، کۆمه‌ڵایه‌تی ورۆشنبیری ده‌وێ.
بڕوا و متمانه‌ به‌بونی راو تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، وبه‌های ئه‌خلاقی هاوبه‌ش، وبه‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دێته‌کایه‌وه‌.
 گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ کوردیشه‌وه‌،خۆیان به‌ ئیماندار وخاوه‌ن بڕوا ده‌زانن، به‌ڵام له راستیدا بڕوا و تێگه‌یشتنیان و پابه‌ندبونیان به‌ پرنسیپه‌کانی ئاینی و نیشتیمانی،و ئه‌خلاقی زۆر ساده‌ و رووکه‌شه‌،چونکه‌ ئه‌و بنه‌ما پرنسیپانه‌ نه‌بوه‌ به‌ که‌لتورێکی گشتی راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵ ، ونه‌بوه‌ به‌ به‌شێک له‌ ژیان وکرداری رۆژانه‌ی مرۆڤی کورد و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌.
 لێره‌دا بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که‌ ناته‌واویکی زۆر هه‌یه‌ له‌بڕوا  وکه‌لتور ،و په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانی، ئه‌خلاقی، رۆشنبیری وکۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بونی سه‌روه‌ری یاسا وعه‌داله‌ت ویه‌کسانی، و ناته‌واوی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و سیاسه‌تی ئابوری ودارایی له‌ هه‌رێمی کوردستان.
بڕوا و متمانه‌ به‌ یه‌کتر، دواتریش سازان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵات وکۆمه‌ڵگایه‌ک دێته‌دی، که‌ یاسا سه‌روه‌ر بێ،و پرنسیپه‌کانی دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی تێدا جێبه‌جێ بکرێ،   وزه‌مینه‌ی تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ره‌خسابێ، وپابه‌ندبون به‌ به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان له‌ ئاستێکی به‌رزدابێ،که‌ ئه‌ویش ته‌نیا وته‌نیا به‌سیسته‌مێکی حوکمڕانی چاک وپاک و ته‌ندروست دێته‌ ئاراوه‌.

ئه‌م بابه‌ته 610 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
PM:04:37:17/07/2017
زیاتر ...
چارەنوسی کورد له‌ سایه‌ی سیسته‌مه‌ جیاوازه‌کانی حوکمڕانیدا له‌ عێراق‌
سازانی راسته‌قینه‌ به‌بێ بڕواو متمانە دروست نابێ
هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ساده‌ بۆ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌ حوکمڕانیی هه‌رێمی کوردستان‌
قەیرانەکان و کاریگەریان لەسەر ژیانی دانیشتوان و یه‌کڕیزی نیشتیمانی و پرۆسه‌ی سیاسی
قه‌یرانی داگیرکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان
نیگەرانییەکانى پارتى بەرامبەر بە پەرلەمان لە چییەوە سەرچاوە دەگرن
وتار
وەرزش
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
گۆڤاری لڤینی نوێ
بەشداریکردن