دەقی پڕۆژه‌كه‌ی‌ (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) له‌ باره‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی کوردستان
PM:04:44---11-06-2015
ئه‌م بابه‌ته 7165 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقی ژمارە (1)ی ساڵی (2005).

( دەقی پرۆژە یاساكەی گۆڕان) 
یاسای هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥

مادەی یەكەم:
ماددە یەك زیاد دەكریت بۆ یاساكە ‌و بەم شێوە یە دەخوێنرێتەوە:

ماددەی یەكەم: 
مەبەست لەم دەستەواژانەی خوارەوە، ماناكانی بەرامبەریانە لەم یاسایەدا
هەرێم: هەرێمی كوردستان – عێراق
پەرلەمان – پەرلەمانی كوردستان – عێراق
ئەنجومەن – ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
دادگا: دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان

مادەی دوەم:
ماددەی یەكەمی یاساكە هە موار دەكرێتەوەو دەبێتە ماددەی دوەم‌و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەكەم: هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی دەبێت كە نوێنەرایەتیی (یمپل) گەلی كوردستان‌و یەكگرتویی دەكات‌و نوێنەرایەتیی دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان و، تێدەكۆشێت بۆ زامن كردنی پابەندیی دەسەڵاتەكان بە دەستورو یاساكان‌و، هەڵدەستێت بە هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان‌و، هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتیی باڵای هێزە چەكدارەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایش بە مەبەستی پرۆتۆكۆلی‌و، سەركردایەتیی ئەم هێزانەو ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسپێردرێت.
دوەم: سەرۆكی هەرێم دو جێگری دەبت كە هاوكاریی دەكەن لە ڕاپەراندنی ئەركەكانی‌و، لە كاتی ئامادە نەبونی دا جێگەی دەگرنەوە بە پێی ریزبەندیان.
سێیەم: سەرۆكی هەرێم هەندێك لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكانی دەدات.
چوارەم: سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكانی بەر لە سوێند خواردنیان دەبێت دەست لە پۆستی حزبی بكێشنەوە.

مادەی سێیەم:
مادەی دوەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەكەم: پەرلەمانی كوردستان لە نێو پاڵێوراوەكاندا لە رێی دەنگدانی نهێنی بە زۆرینەی دو سێیەكی ئەندامەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت.
دوەم: ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك ئەو زۆرینەیەی بەدەست نەهێنا ئەوا بۆ جاری دوەم بە هەمان شێواز هەڵبژاردن دەكرێت لە نێوان ئەو دو پاڵێوراوەی زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو كەسەیان دەبێتە سەرۆك كە لە دەنگدانی دوەم دا زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا.
سێیەم: لە كاتی یەكسان بونی ژمارەی دەنگەكان، لە نێوان پاڵێوراوەكاندا دوبارە دەنگدان ئەنجام دەدرێتەوە. 

مادەی چوارەم:
مادەی چوارەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوە وبەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەكەم: ماوەی كاری سەرۆكی هەرێم بە كۆتایی هاتنی خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆتایی دێت.
دوەم: سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی تاكو دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان و دەستكردن بە دانیشتنەكانی، بەو مەرجەی سەرۆكی هەرێمی نوێ هەڵبژێردرێت لە ماوەی چل و پێنج (٤٥) چل و پێنج رۆژدا لە بەرواری ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە.
سێیەم: ئەگەر پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەر هەر هۆیەك بەتاڵ بو، ئەوا سەرۆكێكی تر ‌هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواو كردنی ئەو ماوەیەی ماوە لە خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

مادەی پێنجەم:
خاڵی ٤ و ٥ بۆ مادەی پێنجەمی یاساكە زیاد دەكرێت بەم شێوەوە:
4. لێهاتویی تەواوی هەبێت و ناوبانگی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و، بە تاوانی شەرەف حوكم نەدرابێت.
5. دەستبەرداری پۆستە سەربازی ‌و ئەمنیەكەی ببێت، بەر لە خۆ پاڵاوتنی. 

مادەی شەشەم:
مادەی شەشەمی یاساكە هەڵدەوەشێتەوە.

مادەی حەوتەم:
مادەی حەوتەمی یاساكە هەموار دەكرێنەوە:
1. لە لایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بانگەوازی خۆپاڵاوتن، لە رۆژی- دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، بۆ ماوەی (3) سێ‌ رۆژ، لە راگەیاندنەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە.
2. ئەو كەسانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتن دەكەن داواكاریەك هاوپێچ بە بەڵگەنامە فەرمیەكان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، لە ماوەیەكدا كە لە (10) ڕۆژ تێپەڕ نەكات- لە رۆژی دوای كۆتایی هاتنی ماوەی بانگەوازەكەوە. 
3. سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو پاڵێوراوانەی كە مەرجەكانیان تێدایە بە گوێرەی مادەی (2) ی ئەم یاسایە، لە ماوەی (5) پێنج رۆژدا-لە رۆژی دوای كۆتایی هاتنی ماوەی پێشكەشكردنی داوای خۆپاڵاوتنەوە، رادەگەیەنێت.
4. هەر كەسێك ناوی لەو ڕاگەیاندنەدا نەبو كە لە بڕگەی (2) ی ئەم مادەیە هاتوە، ئەوا مافی تانە گرتنی هەیە لە بەردەم دادگای تەمییزی هەرێمی كوردستان، بە داوایەكی نوسراو، لە ماوەیەكدا كە لە (3) ڕۆژی دەوامی فەرمی تێپەڕ نەكات- لە رۆژی دوای ڕاگەیاندنەكەوە.
5. دادگای تەمییز هەڵدەستێ‌ بە دەركردنی بڕیارێك لە ماوەی (3) سێ‌ ڕۆژی دەوامی فەرمیدا-لە رۆژی تۆماركردنی داواكەوە، بڕیارەكەشی یەكلایكەرەوە دەبێ و، لە ماوەی (2) دو ڕۆژی دەوامی فەرمیدا-لە رۆژی دوای دەركردنی بڕیارەكەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی لێ ئاگادار دەكاتەوە.
6. سەرۆكایەتی پەرلەمان راستەوخۆ هەڵدەستێ‌ بە ڕاگەیاندنی ناوی ئەو پاڵێوراوانەی كە دادگای تەمییز خۆپاڵاوتنیانی قبوڵ كردوە.
7. سەرۆكایەتی پەرلەمان (7) حەوت رۆژ پێش هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناوی كاندیدە پەسەند كراوەكان ڕادەگەیەنێ‌. 
8. پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی (40) چل ڕۆژدا-لە رۆژی دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت.
9. 

مادەی هەشتەم:
مادەی هەشتەمی یاساكە هەڵدەوەشێتەوە و ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
یەكەم: سەرۆكی هەرێم لە ماوەی (30) سی رۆژ- لە رۆژی دوای سوێند خواردنی، دو جێگر بۆ خۆی دەپاڵێوێت و، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یەك یەك بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی دەنگیان بۆ دەدەن و، بە جێگری یەكەم و دوەم ناو دەبرێن.
دوەم: ئەگەر لەماوەی دیاریكراودا سەرۆكی هەرێم جێگرەكانی دیارینەكرد، پەرلەمانی كوردستان دو جێگری بۆ كانید دەكات. 
سێیەم: دەبێت جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هەمان ئەو مەرجەیان تیادابێت كە بۆ سەرۆكی هەرێم دیاری كراوە.
چوارەم: ماوەی ویلایەتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سوێندخواردنیان دەست پێ‌ دەكات بەكۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆك كۆتایی دێت.

مادەی نۆیەم:
ماددەی نۆهەمی یاساكە هەمواردەكرێتەوە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە :
سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی، دوای هەڵبژاردنیان و، پێش دەستبەكاربونیان لە ئەرك و فرمانەكانیاندا، لە ماوەی (7) حەوت رۆژدا- لە رۆژی هەڵبژاردنیانەوە-ئەم سوێندەی خوارەوە لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان- عێراق دەخۆن: 
(سوێند بێت بە خودا، پارێزگاری لە مافەكان و دەستكەوتەكان و یەكڕیزی و بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیانی كوردستان-عێراق و سەروەری یاسا بكەم و، ئەرك و فرمانەكانم، بە دروستی و دڵسۆزی ئەنجام بدەم و، ڕۆڵی نێوەندكاری بێ‌ لایەن لە نێوان دەسەڵاتە گشتیەكان بگێڕم.)

مادەی دەیەم:
ماددەی دەیەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە :
یەكەم: لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا، لە رۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی گشتیەوە، مەرسومی بانگهێشتكردنی پەرلەمان، بۆ كۆبونەوەی یەكەمی خولی هەڵبژاردنی نوێ‌ دەردەكات و، ئەگەر ئەوەی نەكرد ئەوا پەرلەمان لە رۆژی دوای كۆتایی ماوەكەوە لە كاتژمێر (11)ی بەیانی كۆ دەبێتەوە.
دوەم: داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا و راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پاڵێوراوی یەكەم فراكسیۆنی زۆرینە دەستنیشان بكات.
سێیەم:
1. دوای دەستنیشانكردنی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، پاڵێوراوی یەكەم فراكسیۆنی زۆرینە ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە ماوەی (30) سی ڕۆژ-لە رۆژی ڕاسپاردنیەوە.
2. لە حاڵەتی شكستی پاڵێوراوی راسپێردراوی یەكەمدا، دوای دەست نیشانكردنی لەلایەن پەرلەمان، پاڵێوراوی دوەم فراكسیۆنی زۆرینە لە پەرلەماندا رادەسپێرێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لە ماوەی (20) بیست رۆژدا-لە رۆژی راسپاردنیەوە.
3. لە حاڵەتێكدا ئەگەر پاڵێوراوی دوەمیش نەیتوانی لە ماوەی دیاریكراودا كابینەی حكومەت پێك بهێنێت، ئەوا دوای دەست نیشانكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە كەسێكی تر رادەسپێرێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، لە ماوەی (20) بیست رۆژدا.
4. پێكهێنانی كابینەی حكومەت نابێت لە (70) حەفتا رۆژ تێپەر بكات- لە رۆژی دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، بە پێچەوانەوە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.
چوارەم: پێشنیاركردنی پرۆژە یاساو بڕیاری تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆ پەرلەمانی كوردستان.
پێنجەم: واژۆكردنی ئەو یاساو بڕیاڕه تەشریعیانەی كە پەرلەمانی كوردستان دەریان دەكات، لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا، لە رێكەوتی گەیشتنی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە لەو ماوەیەدا تانە لەسەر هەمو، یان هەندێك لە ناوەڕۆكی ئەو یاسا و بڕیارەی كە ئاڕاستەی كراوە دەرببڕێت و، بیاننێرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پێداچونەوەیان، تەنها بۆ جارێك، دواتر بڕیاری پەرلەمان لە سەریان بنبڕ دەبێت، ئەگەر سەرۆك لەو ماوەیەدا واژۆی لە سەر یاسا و بڕیارەكان نەكرد و تانەشی لە سەریان نەبو، ئەوە بە دەرچو دادەنرێن و، لە رۆژنامەی فەرمی بڵاو دەكرێنەوە.
شەشەم: دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی خاوەن پلە تایبەتەكانی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری وەزیری پەیوەندیدارو ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان. 
حەوتەم: دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی خاوەن پلە سەربازیەكان و پلەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ پلەكانی فەرماندەی لیوا بۆ سەرەوە، لەسەر داوای وەزیرە پەیوەندیدارەكان و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دوسیەكی ئەندامانی. 
هەشتەم: دەركردنی مەرسومی دامەزراندن و لابردنی نوێنەری هەرێم لە عێراق و، نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە دەرەوە لەسەر داوای فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و ڕەزامەندی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دوسیەكی ئەندامانی. 
نۆیەم: هەڵدەستێت بە سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، بە مەبەستی پرۆتۆۆڵی.
دەیەم: بەخشینی نیشانەو مەدالیا، بە مەرسومێك لە سەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و، بە گوێرەی یاسا.
یازدەیەم:
1. جاڕدانی باری نائاسایی، بە پێی یاسایەك دوای ڕەزامەندی (3/2) دو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، لەسەر داوای هاوبەشی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دۆخەكانی شەڕی بەرگری لە مەترسی هێزی دەرەكی، یان رودانی كارەساتی سروشتی، یان بڵاوبونەوەی نەخۆشی، بۆ ماوەی تەنها (30) سی رۆژ، دەتوانرێت بەهەمان ڕێوشوێن نوێ‌ بكرێتەوە.
2. دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕێكارانەی لە ماوەی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی گیراوەنەتە بەر، لەگەڵ دەرئەنجامەكانی، لە ماوەی (15) پانزە ڕۆژدا لە رۆژی تەواو بونی بخەنە بەردەم پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەری. 
دوازدەیەم: كاتێك پەرلەمانی كوردستان، متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر وەردەگرێتەوە، سەرۆكی هەرێم مەرسومی قبوڵكردنی متمانە وەرگرتنەوەكەیان دەردەچوێنێ‌ و، داواشیان لێ‌ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ‌ بەمەرجێك لە ٦٠ شەست ڕۆژ تێپەڕنەكات.
سیازدەیەم: دەركردنی مەرسومی قبوڵكردنی دەست لەكار كێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر دەردەچوێنێ‌ و داواشیان لێ‌ دەكا لە كارەكانیان بەردەوام بن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە، تا دەستبەكار بونی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیری نوێ‌ بەمەرجێك لە ٦٠ شەست ڕۆژ تێپەڕنەكات.
چواردەیەم: لەم حاڵەتانەی خوارەوە سەرۆكی هەرێمی مەرسومی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەردەكات:
1. پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە بە زۆرینەی ڕها، لە سەر داوای 1/3 یە لەسەر سێی ئەندامەكانی، یان لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی سەرۆكی هەرێم.
2. ئەگەر لە ماوەی (45) چل و پێنج ڕۆژدا لە بانگهێشتكردنی بۆ یەكەم كۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان بە دەست نەهات.
3. ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران نەدا، لە سێ كابینەی وەزاری جیاوازی یەك لە دوای یەكدا.
4. ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕاو، خولی هەڵبژاردنیش، (6) شەش مانگ یا كەمتری مابو. 
5. نابێت لە ماوەی لێپرسینەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا، پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.
پازدەیەم: دەركردنی مەرسومێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان-عێراق و، دیاری كردنی كاتەكەی، لەم بارانەدا:
1. لە پێش (90) نەوەد رۆژ یان زیاتر- لە دانیشتنی رۆژی كۆتایی هاتنی ساڵی چوارەم.
2. لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا- لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بە مەرجێك نابێت رۆژی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردن لە (90) نەوەد رۆژ- لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕ بكات. 
شازدەیەم: هەمو ئەو مەرسوم و فەرمانانەی بە پێی ئەم یاسایە، یان هەر یاسایەكی تر كە دەبێت لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەربكرێن، بە دەرچو دادەنرێن ئەگەر لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا- لە رۆژی گەیشتنیان بە سەرۆكایەتیی هەرێم دەرنەچوێنران.

مادەی یازدەیەم:
مادەی دوازدەیەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
سەرۆكایەتیی هەرێم دیوانێكی دەبێت و، پێكهاتە و ئەركەكانی بە یاسا رێك دەخرێت و، كەسێك بە پلەی وەزیر سەرۆكایەتیی دەكات كە سەرۆكی هەرێم دەیپاڵێوێت و، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت.

مادەی دوازدەیەم:
مادەی پازدەیەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەكەم: لەم حاڵەتانەی خوارەوە پۆستی سەرۆكی هەرێم چۆڵ دەبێت:
ا: چوڵبونی كاتی:
1. گەشتكردنی بۆ دەرەوەی هەرێم، كە لە ( 30) سی ڕۆژ تێپەڕنەكات.
2. پەككەوتەی كاتی كە لە (90) نەوەد ڕۆژ تێپەڕ نەكات.
ب: چۆڵبونی هەمیشەیی:
1. تەواو بونی ماوەی ویلایەت.
2. كۆچی دوایی سەرۆك.
3. پەككەوتەی هەمیشەیی لە سەر بنەمای راپۆرتی پزیشكی.
4. ئامادەنەبونی هەمیشەیی.
5. پەسندكردنی دەست لەكاركێشانەوە.
6. تاوانباركردنی سەرۆك بە تاوانی تاوانكاری (جنائی.(
7. كاتێك پەرلەمان لە دەنگدانێكی نهێنیدا لە پلەو پایەكەی دەیبەخشێت. 
دوەم:
1. ئەگەر پۆستی سەرۆك بە شێوەیەكی هەمیشەیی چۆڵ بو، بە پێی پلە بەندی جێگرەكەی جێگەی دەگرێتەوە، تا لە ماوەی (30) سی رۆژدا – لە رۆژی چۆڵبونی پلەو پایەكەوە- پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێ‌، بۆ تەواوكردنی كاتی ماوە. 
2. ئەگەر پۆستی سەرۆك و جێگرەكانی پێكەوە بە شێوەیەكی هەمیشەیی چۆڵ بو، لەم كاتەدا سەرۆكی پەرلەمان جێگەی سەرۆك دەگرێتەوە، تا لە ماوەی (30) رۆژدا- لە رۆژی چۆڵبونی پلەو پایەكەوە پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێ‌، بۆ تەواوكردنی كاتی ماوە.
3. سەرۆكی نوێ لە ماوەی (20) بیست رۆژدا-لە رۆژی دوای سوێند خواردنی جێگرەكانی دەپاڵێوێت بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا دەنگیان لە سەر بدرێت، بەو شێوەیەی كە لە ماددەی (6) شەشی ئەم یاسایەدا هاتوە.
مادەی سیازدەیەم:
مادەی شازدەیەمی یاساكە هەموار دەكرێتەوە و بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
سەرۆكی هەرێم، لەم حاڵەتانەی خوارەوە، بە بڕیارێك لە لایەن پەرلەمانەوە بە بەخشراو لە ئەرك و فرمانەكانی دادەنرێت:
1. لە بەر هەر هۆكارێك، نەتوانێ‌ ئەرك و فرمانەكانی ئەنجام بدات. 
2. دەست لەكاركێشانەوەی خۆی بە نوسراو پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، دوای تێپەڕبونی (10) دە رۆژ- لە بەرواری پێشكەشكردنی داواكەی، بە دەست لە كار كێشاوە دادەنرێت.
3. بە داوای (40) چل ئەندامی پەرلەمان و لە سەر بنەمای لێپرسینەوە، بە دەنگی (2/3) دو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، لە دەنگدانێكی نهێنیدا لە ئەرك و فرمانەكانی دەبەخشرێت، لە كاتی شكاندنی سوێندی یاسایی، پێشێلكردنی یاسا و خیانەتی گەورە.
مادەی چواردەیەم:
مادەیەك بۆ یاساكە زیاد دەكرت بە زنجیرەی هەڤدەیەم و بەم شوەیەی خوارەوە دەخوندرتەوە:
یەكەم: جێگری سەرۆكی هەرێم، لەم حاڵەتانەی خوارەوە بە بڕیارێك لەلایەن پەرەلەمانەوە، بە بەخشراو لە ئەرك و فرمانەكانی دادەنرێ‌:
1. لە بەر هەر هۆكارێك، نەیتوانی ئەرك و فرمانەكانی ئەنجام بدات. 
2. دەست لەكاركێشانەوەی خۆی بە نوسراو پێشكەش بە سەرۆكی هەرێم بكات، دوای قبوڵكردنی لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە، پەرلەمان لە ماوەی (15) پازدە رۆژدا دەست لە كاركێشانەوەكەی قبوڵ دەكات، ئەگەر لەو ماوەیەدا قبوڵی نەكرد ئەوا لە دوای تێپەڕبونی (10) دە رۆژ بەسەر ئەو ماوەیەدا، بە دەست لە كاركێشاوە دادەنرێن.
3. لەسەر داوای (10) دە ئەندام پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لێپرسینەوەی لێدەكرێت لە بە جێنەگەیاندنی ئەو ئەركانەی كە لەماددەكانی ئەم یاسایەدا هاتوە و لە دەنگدانێكی نهێنیدا، بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان لە ئەرك و فەرمانەكانی دەبەخشرێت. 
دوەم: شوێنی هەریەك لە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم لە ماوەی (30) رۆژ- لە رۆژی كۆتایی هێنان بە ئەرك و فرمانی، بە پێی هەمان ئەو مەرج و رێكاریانەی، كە لە ماددەی (6) شەشەمی ئەم یاسایەدا هاتوە پڕ دەكرێتەوە. 

مادەی پازدەیەم:
پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.

مادەی شازدەیەم
كار بە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك بێت.

مادەی هەڤدەیەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی دەرچونیەوە كاری پێدەكرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان دا بڵاودەكرێتەوە.
هۆیەكانی دەرچواندن:
بۆ دیاری كردنی پێگە و دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم، لە ناو سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان و، بەرجەستە كردنی یەكێتی گەل و وڵات لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و، ناوبژیوانی بێلایەنانەی نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و، چاودێریكردنی بەرژەوەندیەكانی هاوڵاتیان و، سەقامگیری باری سیاسی و پێشكەوتنی كۆمەڵگاكەمان و، لە پێناو چەساندنی سیستمی پەرلەمانی و، هێنانەكایەی هاوسەنگی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.




كوا خوێنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە؟
منبەج ، بۆچی گرنگە؟!
سەلاحەدین بەهادین دەگەڕێتەوە
موحافیزكاران و ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا
غرووری پارتی دەشكێت، یان سیحری گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە؟
ڕۆشنبیرانی ”بەیعە“گەر
دەربارەی بەیاننامەی ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرەکە
قیڕەقیڕی عەلمانیەت و دین لە کوردستاندا
دکتۆر قاسملو:
"بیرمەندە شۆڕشگێڕەکە"
لولا داسیلڤا ، سەرۆكی بەرازیل
ئەو سەرۆكەی مێژوو دوبارەی ناكاتەوە
ئەژدیهای قــەرز لەگەردنـی هەرێمی کوردسـتانەوە دەئـاڵـێـــت

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە