پێنج وڵاتی كه‌نداو سه‌ره‌خۆشییان له‌ ئێران كرد
PM:12:27---10-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 1617 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هه‌ریه‌ك له‌ میر و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌حره‌ین، كوه‌یت، قه‌ته‌ر، ئیمارات و عه‌مان پرسه‌نامه‌یان ئاراسته‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی، سه‌رۆكی پێشووتری كۆماری ئیسلامی ئێران و ته‌نیا سعوودیه‌ هیچ لێدوانێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

میر و ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی كه‌نداو، به‌ جیا برووسكه‌ی ماته‌مینی و سه‌ره‌خۆشییان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن رووحانی كردووه‌.

شه‌وی رابردوو، عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵییدا و به‌ هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌ كۆچی دواییكرد.

ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سه‌ر به‌ پاسداران و سه‌دان كه‌سایه‌تی مه‌زهه‌بی و سیاسی مه‌راسیمێك بۆ پرسه‌ی ناوبراو رێكخرا.

هاشمی ره‌فسنجانی، ناسراو به‌ عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی، له‌ 25ی ئاب/ ئۆگستی 1934 له‌دایكبووه‌ و له‌ 8ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2017 كۆچی دواییكرد.

ناوبراو له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شادا له‌ ئێران بۆ چه‌ند جارێك زیندانی كراوه‌. بۆ ماوه‌ی دوو خول له‌ نێوان ساڵانی 1989 تا 1997سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌.

ئه‌و له‌ گوندی بهرمانی ده‌وروبه‌ری ره‌فسنجانی سه‌ر به‌ پارێزگای كرمانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئێران له‌دایكبووه‌. میرزا عه‌لی هاشمی باوكی بازرگانی فستق بووه‌.

له‌ 1961ه‌وه‌ وه‌ك قوتابییه‌كی خومه‌ینی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستیكردووه‌ به‌ چالاكی سیاسی. له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری شا، ناسراو به‌ ساواك 7 جار و بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ و 5 مانگ ده‌ستگیركراوه‌ و له‌ زینداندا بووه‌.

ره‌فسنجانی، له‌ نێوان 1980 تا 1989 سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی كۆتایهاتنی شه‌ڕی عێراق و ئێران له‌ 1988 له‌ لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه‌ كرایه‌ كاربه‌ڕێكه‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

ره‌فسنجانی به‌ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی له‌ پرۆسه‌ی رازیبوونی ئێران به‌ بڕیاری ئاگربه‌ست هه‌ژمار ده‌كرێت.

له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆمارییدا، ره‌فسنجانی هه‌وڵیدا ئێران و خۆرئاوا له‌ یه‌كدی نزیك ببنه‌وه‌ و ئێران بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی هه‌رێمایه‌تی و وه‌ك هێزێكی هه‌رێمایه‌تی كاریگه‌ر ده‌ربكه‌وێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا هه‌ژموونی خۆی له‌ لوبنان به‌كارهێنا بۆ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك بارمته‌ی خۆرئاوایی.

له‌ رووی ناوخۆییه‌وه‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ كرد، سیستمی ئابووری ئێران له‌ ئابووری ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ئابووری بازار. نه‌یارانی ده‌ڵێن، ئه‌و سیاسه‌ته‌ شكستی هێناوه‌ له‌ به‌دیهێنانی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و نه‌یاری سه‌پاندنی سزا مه‌زهه‌بییه‌ تونده‌كان بوو. كاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، ده‌رفه‌تی كاركردنی زیاتر بۆ ژنان بڕه‌خسێت.

ره‌فسنجانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرا، كه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانییه‌وه‌ سه‌روه‌تێكی بێشوماری كۆكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی كه‌نداو، ره‌فسنجانی لایه‌نگری ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێران و وڵاتانی كه‌نداو بوو، ئه‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی درووست كردبوو، ته‌نیا كه‌س بوو له‌ ئێران بتوانێت گرفته‌كانی نێوان تاران و ریاز به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ئاراسته‌ بكات.

ئێران عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ به‌ پیلانگێڕی له‌ دژی تۆمه‌تبار ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ریشدا سعوودیه‌ ئێران به‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كات.



پێگه‌یه‌كی گرنگی داعش كۆنترۆڵ کرایەوە
شاری ره‌قه‌ كۆنترۆڵكرا
نه‌تانیاهۆ: رێگه‌ به‌ دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی ئێران ناده‌ین
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چاودێریی رووداوه‌كانی كه‌ركووك ده‌كات
پوتین له‌ كاتی وه‌رگرتنی سه‌گێكدا په‌یامێكی سیاسی بۆ وڵاتێك ده‌نێرێت
ئەنجومەنی مەدەنیی دێرەزور: ھەڵوێست وەربگرن
سوریا: لەشکرکێشی تورکیا بۆ سوریا دوژمنکارانەیە
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: رێگە بە داعشە بیانییەکان نادەین رەققە جێبھێڵن
یه‌ڵدریم سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ بەغداد هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌
دیمه‌شق داوای ده‌رچوونی سوپای توركیا له‌ سوریا ده‌كات
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە