لڤین ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی بڵاو دەکاتەوە
PM:05:01---11-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 6480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
له‌دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، هه‌ردوولا راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان له‌ باره‌ی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا ته‌ئكیدكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفته‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی یاساو ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری یه‌كتر.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوی هاوبه‌شی كۆتایی كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو وه‌فدی باڵای یه‌كێتی و پارتییه‌:

ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
 
له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كانی هه‌ردوو حیزب له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت و پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و ده‌ستكه‌وته‌كانی دوای ڕاپه‌رین كه‌ به‌ خوێن و خه‌بات به‌ ده‌ست هاتوون و له‌ ئاكامی كاری هاوبه‌ش و ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستانی بووه‌، ئه‌مڕۆ شاندی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولا له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌م بابه‌تانه‌یان خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ:
 
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا: بۆ زیاتر پته‌وكردن و په‌ره‌پێدان و گونجاندنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌پێی ئه‌ركه‌كان و هه‌لومه‌رجی نوێ، به‌تایبه‌تی له‌ بواری حوكمڕانی و په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان و په‌یوه‌ندیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا، كه‌ له‌ ئاست گۆڕانكارییه‌ خێرا و زۆره‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا بێت و له‌ به‌رژوه‌ندیی گه‌لی كوردستاندا بێت.
 
دووه‌م: هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ و گرفته‌كانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری یه‌كتر.
 
سێیه‌م: چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی كه‌ به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و مووچه‌خۆرانی به‌تایبه‌تی گرتووه‌، بۆیه‌ هه‌ردوولا پاڵپشت و هاوكار بین بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای چاره‌سه‌ركردن و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌و بوارانه‌ی پێویستن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی دابینكردنی بژێویی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و دابینكردنی مووچه‌ بۆ مووچه‌خۆران و گرنگیدان به‌ بواری نه‌وت و گاز و دابینكردنی شه‌فافیه‌تی زیاتر و پێویست.
 
چواره‌م: دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.
 
پێنجه‌م: دانانی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆ بگرێت، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عیراق و هه‌ر لایه‌نێكی په‌یوه‌ندار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 له‌ ئاینده‌یه‌كی دیاریكراودا، ئینجا ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.
 
شه‌شه‌م: كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوویی بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتنێك كه‌ سه‌ره‌نجام بتوانین كۆی كێشه‌كان چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ دابنێین.
 
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نێشتمانیی كوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان.
2017/1/11



پۆلیسی كه‌ركوك بریارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌
مەسعود بارزانی: کورد چاره‌نووسی خۆی دیاری ده‌كات
ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت
ئێران سنوری‌ ئاسمانی‌ به‌رووی‌ كوردستاندا داخست
ئێران تۆپبارانی‌ گونده‌كانی‌ بناری‌ چیای‌ هه‌ڵگورد دەکات
ڕه‌ققه‌: له‌ شه‌ش ناوچه‌ی‌ شاره‌كه‌ شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌ ‌
هه‌ڵه‌بجه‌: پێداویستییه‌كانی ڕیفراندم دابه‌شنه‌كراون
باڵیۆزخانه‌ی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە سەردانی عێراق
حاكم قادر بۆ کۆسرەت رەسوڵ: ڕیفراندۆم بەبێ کەرکوک ڕابگرە
بنكەی دەنگدان دەبردرێتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە