قادر عەزیز دەستەکەی یەکێتی بەرامبەر پارتی ئاشكرا دەكات
PM:04:55---13-02-2017
ئه‌م بابه‌ته 25102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، حزبەكەی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی كوردستان.

قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بارەی كۆبوونەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكەیان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە "كۆبوونەوەیەكی گرنگ بوو كە بۆ شەش مانگ دەچێت بۆ یەكەمجارە یەكێتی و مەكتەبی سیاسی هەموو پێكەوە كۆدەبنەوە، پێشتر كێشەیەك هەبوو لەناو یەكێتی كە ئەو كۆبوونەوانە نەدەكرا، خۆشبەختانە ئێستا ئەم كێشەیە چارەسەركرا، بۆ یەكەمجار دوای ئەو ماوە درێژە مەكتەبی سیاسی پێكەوە كۆبوویەوە و چەند خاڵێكی لەخۆگرتبوو، لەوانەش دۆخی ناوخۆیی یەكێتی و ئەو كێشانەی هەبوو چارەسەركرا و لەمەودوا كۆبوونەوەكان پێكەوە و لە كاتی خۆیدا دەكرێت، دواتر كۆبوونەوەی سەركردایەتیش دەكرێت، بڕیاری ئەوەش درا ئەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەكاندا دەدرێن، هەموولایەك پاندبن پێیەوە".

بەرپرسەكەی یەكێتی باس لەوە دەكات حزبەكەی پڕۆژەی نەخشەرێگایەكی ئامادە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان و لەو بارەیەوە وتی "یەكێتی پڕۆژەی نەخشەڕێگایەكی هەیە كە تایبەتە بەچارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كێشە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەكان، ئەو پڕۆژەیە تایبەت نییە بەحزبێك و لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانە و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە مەكتەبی سیاسی جارێكی تر كۆبوونەوەی لەسەر دەكات و دواتریش سەركردایەتی كۆبوونەوە دەكات و بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت پڕۆژەكە ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی قەیرانەكان".

قادر عەزیز زیاتر لەسەر پڕۆژەكە دوا و وتی"ئەو پڕۆژەیە هەموو بوارەكانی گرتۆتەخۆی لە شێوازی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بارودۆخی ناوچەكە، ئەگەرەكانی بەردەم كورد و ناوچەكە، قۆناغی شەڕی دوای داعش و پەیوەندی لەگەڵ عیراق".

لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاردرا لەسەرئەوەی گۆڕانكاری لە پشكی پۆستەكانی حكومەت بەڕاوێژ لەگەڵ حكومەت بكرێت، هەروەها ئاڵوگۆڕ لە ئۆرگانەكانی ناو یەكێتی و دانانی پۆستەكانی تر لەبەغدا و هەولێر پەسەند كرا.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بارەی وردەكانی ئەو بڕیارەوە وتی "بڕیارەكە بەو شێوەیەیە ئەو دامودەزگایانەی پێویستە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت بگۆڕدرێن، بۆئەوەش لیژنەیەك پێكدێت و تاووتوێی ئەو پرسە دەكات كە بەشێوەیەك بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی یەكێتی و راپەڕاندنی كارەكانی یەكێتیدا بێت كە ئەو گۆڕانكارییانە بكرێت و بەشێوەیەكی گشتگیر بێت، هەروەها كۆمەڵێك پۆست هەیە كە ئیستحقاقی یەكێتییە لە هەرێمی كوردستان و عیراق و تائێستا پڕنەكراونەتەوە تاوەكو پڕبكرێنەوە".

بەوتەی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە ئەم هەفتەیە دەست بەكۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و لایەنەكان بكاتەوە، یەكەم لایەنیش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبنەوە.

قادر عەزیز لە بارەی دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی پێشتری هەردوولا و بڕیاری كۆبوونەوەی داهاتوو وتی "كۆبوونەوەی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر راوبۆچوون گۆڕینەوە بووە و هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، كۆبوونەوەی تر لە نێوان هەردوولا دەكرێت، پێوەر و سەنگی محەكی یەكێتی بۆ هەر رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنێك ئەوەیە تا چەند لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە. یەكێتی بەهیچ شێوەیەك ئینفیراد ناكات بەڕێككەوتن لەگەڵ هیچ لایەنێك و پێیوایە دەبێت پێكەوە بەهەموو لایەنەكان كێشەكان چارەسەر بكرێن بە بەشداری هەموو لایەنەكان بەتایبەت پێنج لایەنە سەرەكییەكە، نابێت هیچ لایەك پەراوێز بخرێت و كێشەكان بەهەموو لایەنەكانەوە چارەسەر دەكرێن كە پێویستە چارەسەری بنەڕەتیش بن".

بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی وت كە حزبەكەی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێككەوتنی لەگەڵ پارتی هەبێت، بەڵام نابێت ئەو رێككەوتنە لەسەر حسابی لایەنەكانی تر بێت و وتی "یەكێتی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی بكات لەسەر حسابی هیچ لایەك نابێت بەتایبەت ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان هەیە".

لە بارەی وردەكاری رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو لە وەڵامدا وتی: "ئەوەی باس دەكرێت تائێستا نازانرێت چۆنە و رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوولاش تائێستا هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەوە گۆڕانكاری تێدا دەكەن یان رێككەوتنێكی تازە دەكەن یان لەسەر ئەو پڕۆژانەی هەیە رێك دەكەون، یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە باشترین رێككەوتنی لەگەڵ پارتی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان، چونكە هەردوولا دوو هێزی سەرەكین لە ھەرێم و حوكمڕانی، بەڵام دیارە یەكێتی بەهیچ شێوەیەك نایەوێت بەتەنیا ئەو حوكمڕانییە بكات لەگەڵ پارتی و دەیەوێت بە بەشداری لایەنەكانی تریش بێت وهیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو كێشانەی هەیە بەبێ‌ لایەنەكانی تر چارەسەر نابن تەنانەت یەكێتی و پارتیش، رێككەوتنی یەكێتی و پارتی گرنگە بەو مەرجەی لەسەر حسابی لایەنەكانی تر نەبێت".

سەبارەت بەهەڵوێستی حزبەكەی لە بەرامبەر نیگەرانییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر رێككەوتنی سیاسی نێوانیان كە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو لە سلێمانی ئیمزاكرا، قادر عەزیز وتی"لەگەڵ گۆڕان لەسەر ئاستی سەركردایەتی كۆبوونەوە دەكرێت بۆ قسەكردن لەسەر ئەو رەخنە و گلەییانەی هەردوولا لە بارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان هەیە، ئێمە پابەندبوونی خۆمان بەو رێككەوتنەوە دووپاتكردەوە و پێمانوایە رێككەوتنێكی گرنگە و پەیوەندی بەسەقامگیری ئەم دەڤەرەوە هەیە كە ئەوەش بەشێكە لە سەقامگیری هەموو هەرێمی كوردستان و پەیوەندی بەم ئیدارە هاوبەشەوە هەیە كە ئێستا لەلایەن یەكێتی و گۆڕان پێكهاتووە".




هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ژێرە بەڕەی نۆکانی خستە سەر بەڕە
عادل موراد: 30 حوزه‌یران دوباره‌ نابێته‌وه‌
سلێمانی‌: فرۆشتنی‌ ئاژه‌ڵ و گۆشت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت
شەڕڤانان سێ گوندی دیکەیان کۆنتڕۆڵکردەوە
ئاسایشی ڕاپەڕین: دوو کەس بە 47 ملیۆن دیناری ساختەوە دەستگیرکران
لڤین ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی سبەینێی حکومەت بڵاو دەکاتەوە
یەکێتی: هەڕەشەکانی پارتی و گۆران قبوڵ ناکەین
پەرلەمانتارێک: بارزانی بووەتە نوکتەی فەیس بووک
پلانی داهاتووی یەکێتی بۆ سکرتێری گشتی بەم شێوەیە دەبێت
بزانە بەرهەم ساڵح داوای چی لە کۆسرەت ڕەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی کردوە

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە