قایمقامی سلێمانی بۆ وادەكات؟!
PM:09:05---06-05-2017
ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین: ئەحمەد میرە، نەبەز گۆران


 

 

ئێستا لە شاری سلێمانی هەڵمەتی پاككردنەوەی شار دەستیپێكردوە، ئەم هەڵمەتە لەلایەن لیژنەیەكەوە بەرێوەدەبرێت، سەر پەرشتكارەكەی قایمقامی سلێمانییە. (پارێزگاری دەستلەكار كێشاوە حەزیدەكرد بڵێت: ئیشی منە! ئیشی ئەویش نەبوو.)


هەڵمەتەكە بریتییە لە پاككردنەوەی شار، یانی، چی دەستفرۆش، عەرەبانە، لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكاندا هەیە، لادەبرێن. لەتەنیشت ئەوەشدا بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی شار كەوتووەتە خۆی، ئەویش لە زۆر شوێن( هەموو شوێنێك نا) خۆیان توندوتۆڵكردوەتەوە و، سەرقاڵی رێكوپێكردنی سیستەمی پاركینی ئۆتۆمبێلەكانن. ئەم هەڵمەتە لەناو هاوشارییەكاندا دوو دیدگای دروستكردووە.


دادگای یەكەم: خاوەن كارەكان، واتە: عەرەبانچی و، دەستفرۆشەكان، نیگەرانن لەم هەڵمەتە. دەڵێن: ژیانی ئێمە لەسەر ئەم كارەیە و ئێستا بێكار ماوینەتەوە و پێویستمان بەشوێنە بۆمان دابینبكرێت و، هێشتا ئیدارەی شارەكە نەیتوانییوە شوێنێك دابینكات بۆمان.

دیدگای دووهەم: ئەم دیدگاییەیان دیدی زۆرینەی شارنشینەكانە. پێیان وایە: شار بەتەواوەتی خەریكە پاك دەبێتەوە و، سیمای شار لە دۆخە شێواوییەكە نەماوە و، خەریكە سیما راستەقینەكەی شار بگەرێتەوە شوێنی خۆی. بۆیە كاتێك هاوڵاتییەك دەبینیت خۆی پشكی نییە لەكاری دەستفرۆشی و عەرەبانچییەتی، پێیخۆشە شوێنەكان پاككراونەتەوە و ، رێگای هاتووچۆ ئاسان بووە و، ئێستا ناو بازار بەو شێوازەی جاران شلۆق نییە.


هەردوو دیدەكە لە بەرژەوەندی خۆیانەوە سەیری دیمەنەكە دەكەن. ئەوەی دەستفرۆش و عەرەبانچییەكان لە بەرژەوەندی خۆیانەوە نیگەرانن و، ئەوی هاوڵاتییەكانی دیكەن لەبەر بەرژەوەندی خۆیان كە رێگای هاتووچۆیان خۆشبووە، سەیری هەڵمەتەكە دەكەن. لێرەدا سەرنجی سێهەم دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە، هەڵمەتەكەی قایمقام بۆچییە؟ دیوە باشەكەی؟ دیوە خراپەكەی چییە؟


ئەو وەك بەرپرسێكی ئیداریی شارەكە، مافی خۆیەتی هەوڵبدات سیما بگەرێنێتەوە بۆ شارەكە. مافی خۆشییەتی لەبەر زۆرینە، كەمینەیەك بكەونە بەر هەڵمەتەكەی. مافی خۆشییەتی ڕێگری بكات لەو فەزاییەی كە فەزایەكی ناتەندروست بوو لەناو بازارە گشتییەكانی شارەكە و شەقامە سەرەكییەكاندا دروستبووبوو. هەركەسێكی دیكە لەشوێنی ئەوبێت و، خەمی سیمای شاری بێت هەمان كاردەكات.

بەڵام، بەشێكی زۆری ئەو خاوەنكارانە ژیانیان لەسەر ئەوەیە. (مەبەست ئەوانە نییە، بەردەم دوكانەكەی خۆیان داوە بەكرێ‌ بە عەرەبانچییەكان. مەبەستیش لەوانە نییە، موچەخۆرن و كاری عەرەبانچییەتیش دەكەن.)


ئەو بەشەی كە ژیانیان لەسەر ئەو كارەیە، دەبایە بیرێكیان لێبكرێتەوە. (لەوانەیە بیریشیان لێكرابێتەوە و ئێمە ئاگادار نەبین لێی.) گەر بیریان لێكرابێتەوە ئەوا تەواوی هەڵمەتەكە بێ‌ بۆشاییە، گەر بیریشیان لێنەكرابێتەوە و وشكەكان لەگەڵ تەڕەكاندا سوتێنرابن، ئەمەیان شوێنی قسەلەسەركردنێكی دیكەیە.


هێشتا دیار نییە هەڵمەتەكە تاكەی بەردەوامە. دیاریش نییە، ئایا سیمای شار دەگەرێتەوە بۆ شار، یان تەنها جوڵەیەكی كاتییە. دیاریش نییە بەرێوبەرایەتی هاتووچۆی ئەم شارە، چ نەخشیەیەكی هەیە بۆ سیستەمی پاركین و، چۆن ئەو فەوزایە چارەدەكات. لە هەموو حاڵەتێكدا گەر وەك شارنشینێك بیربكەیتەوە (دورلەپارانەوە بۆ دۆخی ژیانی ئەم و ئەو) ئەوا ناتوانیت بڵێیت: كارێكی خراپە. گەر وەك هاوڵاتییەكی بێ‌ بەرژوەندیش سەیری هەڵمەتەكە بكەیت، هێندە دیوی باشی زۆرە، ناكرێت نادیدەیانبگریت و فەرامۆشیان بكەیت. (خوێنەری بەرێز: لەم شارەدا تەنها لە شەقامی سهۆڵەكە چایخانەیەك هەبوو بۆ نووسەر و هونەرمەند و رۆژنامەنووسان، ئەویشیان لابرد. یانی بێشوێن ماینەوە.) لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك سەیری شەقام و بازار و شوێنە گشتییەكان دەكەیت دوای پاككردنەوەیان، لەوە تێدەگەیت قایمقام و لیژنەكان لە هەوڵدان فەوزاكان كەم بكەنەوە و، سیمایەك بۆ شوێنەكان بگەرێننەوە كە دەمێكە ئەو سیمایە نەدەبینرا. گەر ئێمەش كە بێشوێنكراوین لە بەرژەوەندی خۆمانەوە سەیری هەڵمەتەكە بكەین، بێگومان دژی دەبین، بەڵام بەرژەوەندی هاوشارییەكان گرنگترە لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆمان. ئەكرێت ئێمە بێ‌ چایخانە بمێنینەوە و، شوێنێك نەبێت تێیدا دانیشین، بەڵام ناكرێت لەبەر شوێنێكی خۆمان، دژی هەڵمەتێك بین، دەیەوێت سیستەمی ژیان لە شاردا رێكوپێكبكات. (گومانی تێدانییە زۆر كەس هەموو جوڵەیەك ئایدۆلۆژییەن دەبینن، ئەم سەرنجانەش ئایدۆلۆژییەن دەبینن!)


ئەوەی قایمقام، لیژنەكە، بەرێوبەرایەتی هاتووچۆدەیكات، بیركردنەوەیەكە لە بیركردنەوەی بەرژوەندی تایبەتی كەسەكان گەورەترە. بیركردنەوەیەكە بۆ دروستكردنی سیستەمێك بۆ شار، كە خۆمان لەچەندین شوێن نیگەرانبووین لە نەبوونی ئەو سیستەمە. كاتێكیش گروپێك دێن دەیانەوێت ئەو سیستەمە دروستبكەن بێگومان نەیاریان بۆ دروستدەبێت و، هاوبیریشیان بۆ دروستدەبێت. ئەوەی لەو نێوانەدا گرنگە ئەوەیە: شار سیستەمی تێدابێت باشە، یان تێدیدا نەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، وەڵامی هەمان ئەو پرسیارییە لە سەروتارەكەدا وتمان: قایمقامی سلێمانی بۆ وا دەكات؟.

 

 




‎کابینەکەی دکتۆر میران
لاهور و ئەوانیدیكە:
دوو دیمەنی ساتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا
قایمقامی سلێمانی بۆ وادەكات؟!
پەرلەمان با لەکەرکووک کۆببێتەوە:
پێشنیارێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم
چەند سەرنجێك لەسەر قسەكانی فەرەیدون عبدالقادر
پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکوردستان
لە دژی دادوەری حیزبی : (کورە لە ئاگر گەرمتر)
دەستەی دەستپاکی ... بۆ وا بێ باکی ...؟؟
بۆ ئەوەی چەواشەكارییەكانی پارتی سەبارەت بە ئاڵا دەرخەین
بۆ جاش هونەرمەندو بیرۆکەدزانی کورد ئایدل
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە