لاهور و ئەوانیدیكە:
دوو دیمەنی ساتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا
PM:06:11---31-05-2017
ئه‌م بابه‌ته 17119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین: میران بابان

ماوەیەكی درێژە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی نەگەیشتوە بە چارەسەرێك، نە توانراوە بڕیاری كۆنگرە بدرێت و نە میكانزمێكی دیاریكراویش بڕیاری لێدراوە تا بتوانرێت لەوێوە بڕیار بدرێت.

غیابی سەنتەری بڕیاردان لەناو یەكێتی زیانی گەورەی بەو حزبە گەیاندووە، لەلایەك لەحوكمڕانیی بێهێزو لاوازیكردووە، لەلایەكی دیكە گوم هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بەهەندێ رووداو و بارودۆخ جەماوەرو كادرانی نیگەرانكردووە، بۆیە دەبینین لەهەندێ هەڵوێست و پێشهاتدا تا بڕیاری یەكێتی رۆشن دەبێت كاتی زۆری دەوێت، ئەمە سەرباری ئەوەی نەبونی هەڵوێستی روون و یەكلاكەرەوە وایكردووە لەهەموولایەكەوە لەناو یەكێتی بۆچون دەر ببڕێت و لەهەندێ حالەتدا بۆچونەكان دژ بەیەكن، بەكورتی بۆچونی یەكێتی فەوزایەكی زۆری پێوەدیارە.

لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو یەكێتی بەگرانترین دۆخدا تێپەڕیوە، دۆخێك ئەگەر هەر حزبێكی دیكە بوا، ئەوا زیانی زۆر گەورەتری بەركەوتبو، بەتایبەت لەساتی راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەلایەن كۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح و ئەو پشتیوانییە گەروەی ئیعلامی پارتی لەو هەڵوێست و هەنگاوەی ئەو دوو كەسە كردیان كە بارودۆخێكی دەرونی خراپی بۆ بەشێك لەكادرو لایەنگرانی یەكێتی دروستكرد.

دوو هۆكاری سەرەكیی بونەهۆی دروستبونی ناوەندی بڕیار، یەكەمیان هەوڵ و تێگەیشتنی بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی بەتایبەت هەردوو جێگر بۆ وەرگرتنی بەشەماڵی میراتی تاڵەبانیی، دووەمیان تێگەیشتنیان بۆ هەندێ پرسی گرنگ لە كوردستان، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بەشداریكردن لە حوكمڕانیی و رێككەوتن لەگەڵ پارتییەوە بوو، چونكە باڵی ناوەندی بڕیار مەیلی رێككەوتنی دوقۆڵیان هەبوو لەگەڵ پارتی بۆ بەیەكەوە حوكمڕانیی و دابەشكردنی پۆست و پلەو ئیمتیاز، بەڵام بەرەی بەرامبەر هەمیشە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە هەڵسوكەوت هەڵوێستیان بووە، لەنێوان ئەو دوو هەڵوێستەدا بێگومان زۆرینەی رەهای دەنگی جەماوەری یەكێتی لەگەڵ هەڵوێستی دووەمدا بووە، لەهەموو هەوڵێكی لادانی هەڵویستی یەكێتی جەماوەر سەنگی مەحەك بووەو لەژێر رەخنەو گوشاری شەقامی یەكێتی مەكتەبی سیاسی هەڵویستی خۆی گۆڕیوە، بۆنمونە كاتێك بەشێك لەمەكتەبی سیاسی ووتیان پەرلەمان بێ‌ گۆڕان كارا بكرێتەوە، یان یوسف محەمەد بگۆڕدرێت، یان رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ پارتی بكرێت بێ‌ گۆڕان، یاخود لە پرسی راپرسیدا، دەبینین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێك لەمەكتەب سیاسی و سەركردایەتیان داوەتە بەر رەخنەی توندو ناچار لەهەندێ دۆخدا بۆچونی خۆیان گۆڕیوە یان لێی پەشیمان بونەتەوە.

لەحالێكدا كە یەكێتی سەنتەری بڕیاردانی لاوازە، دەنگدەرو جەماوەری یەكێتی، هەندێجار گۆڕانیش (لەغیابی نەوشیروان مستەفا) لەناو یەكێتیدا بەدوای هەڵویستی جیاوازدا دەگەڕێن، ئەو هەڵوێستە بژاردەكەن كە ئەو لەپێناویدا دەنگیان بە یەكێتی یان گۆڕانداوە، بەتایبەت جەماوەری یەكێتی و گۆڕان لەزین و تیگەیشتن بۆ حوكمڕانیی، نەك نزیكن بگرە هاوهەڵوێستن.

دەنگدەرانی گۆڕان و یەكێتی بەتەنگ رزگاركردنی ئەو بەرەیەوەن كە دونیا بینیان لەیەكتردەچێت، سەرچاوەو ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەكانی رابردوو كە رەمزو ناونیشانەكەی جەلالییەت بوو، ئەو بنەمای ئەو تێگەیشتنەی داڕشت، ئێستاش دوای تێپەڕبونی پەنجا ساڵ بەسەر ئەو ناكۆكییە، هێشتا خەڵكی كوردستان بەدوای هەمان هەڵوێستدا دەگەڕێت، بەهۆی ئەو دەنگ و دونیا بینییەی لایەنگرو دەنگدەرانی یەكێتی، ناوەندی بڕیار نەیتوانی بەردەوام بێت، هەر زوو پەرتەوازەو پەخشان بوو، هاوكات ئەو دەنگانەی لەدەرەوەی ناوەندی بڕیار هێشتا ماون و جار جارە نوزەیان لێوەدێت خێرا دەكەونە بەر توانج و پلارو رەخنەی توند، باشترین بەڵگەش جگە لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی و هەندێ نوسین و ووتاری خەڵكی جیاواز، دەبینین لە ساتی ناشتنی تەرمەكەی نەوشیروان مستەفا كە ژمارەیەكی ئێجگار زۆری جەماوەرو لێپرسراوانی یەكێتی لێی ئامادەبوون و پشتیوانییەكی گەروەی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد، بەشێك لە لێپرسراوانی یەكێتی و كۆنە گۆڕان كەوتنە بەر هۆیهاو هاواری خەڵك، بێگومان رەخنەو هۆیهای خەڵك لەبەرئەوە نەبوو كە یەكێتین، بەڵكو بەهۆی هەڵویستەكانیان بوو، بۆیە دەبینین كاتێك لاهور تاڵەبانی دێتە ناوخەڵك، جەماوەری گۆڕان بەپێچەوانەی ئەوانیدیكە وێنەو سیڵفیان لەگەڵدا دەگرت، هەروەك لە هەولێریش ئەم حاڵەتە دوبارە بویەوەو جیاوازبوو لەوانیدیكە، خۆ لەگەڵ لاهوردا لێپرسراو خەڵكی دیاری دیكەیشی لێبو، لەیەككاتدا سیڵفی لەگەڵ لاهوردا دەگیراو هۆیها لەچەند كەسێكی دیكەدا دەكرا! هەقە ئەوانەی هۆیهایان لێكرا لەخۆیان و دیمەنەكان رابمێنن و خوێندنەوەیان بۆ ئەو رووداوە هەبێت، هەروەكچۆن خەڵك خوێندنەوەی بۆ هەردوو رووداوەكە هەیە.

هەڵویستی لاهور تاڵەبانیی كە برازای تاڵەبانییە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو جیاوازبوو، لەلایەك لەپرسی ناوخۆدا داوای یەكلاییكردنەوەی پرسەكانی ناوخۆی یەكێتی كردووە لەڕێی بەستنی كۆنگرەدا، لەلایەكی دیكە لەپرسەكانی دیكەی پەیوەندیدار بە پەیوەندی لەگەڵ پارتی و شێوازی حوكمڕانیی و بەركەوتەی یەكێتی لە حوكمڕانیی و دواترینیشیان هەڵویستی جیاوازی ئەو پیاوە بەرامبەر نەوشیروان مستەفاو گۆڕان، ئەوەندەی دیكە بردیە پێش، بۆیە دەبینین لە پرسی بڕیاردان لەسەر ئاهەنگ گێڕان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاهەنگەی بڕیاربوو لە كەركوك بكرێت بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیدا، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە لەو روونكردنەوەیەدا ئەوەندەی مەبەست بوو بڵێ‌ ئیدی ئێمە لەناو یەكێتیدا خاوەنی بڕیارین و بڕیار دەدەین و هەڵیدەوەشێنینەوەو ئەو مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیانەی هەڵویستیان (لەنگە) خاوەنی بڕیار نین و ئێمە بڕیار دەدەین نەك ئەوان.

ئەو هەڵویستەی لاهور تاڵەبانیی ئاماژەی دەركەوتنی بارودۆخێكی نوێیە لەناو یەكێتیدا، ئەویش ناوەندو سەنتەری بڕیار لای ئەوانە نییەو نەبووە كە (ناوەندی بڕیاریان) پێكهێنا، بەڵكو لای ئەوانەیە كە بڕیاریان بەدەستە، ئەمەش سەرەتایەكی نوێ‌ دەبێت لەناو یەكێتی بۆ گۆڕانی نوێ‌، ئەگەری نزیك لەو گۆڕانە، بریتییە لە كۆكردنەوەی سەنتەری بڕیار لەناو یەكێتی و دواتر بەلاداخستنی ململانێكان بەلایەكدا.

بەكورتی ئەگەر لەم دۆخەدا ئەگەر بخوازرێت گۆڕانی عەمەلی و دروست بكرێت، بەرلەهەموو شتێك كۆنگرەیەكی جیاواز (ئیسیسنا) بگیرێت، بۆئەوەی هەم هەیكەلی رێكخستنی حزب رێكبخرێتەوەو سەركردەو لێپرسراوی بژاردە و نوێ‌ بێنە پێشەوە، هەمیش شێوەی كاری حزبی گۆڕانی بەسەردا بێت و چونكە ئەو شێوە كلاسیكییە شمولییەی كاری حزبی كە لەشاخەوە دەقی گرتوە بەسەر چووە، حزب لەحزبی رێكخستن و ناونوسین و بارەگاو كۆبونەوەی حزبیی بگۆڕدرێت بۆ حزبی دەنگدەرو حزبی ئەجێندای سیاسی، بەڵام هیچ كام لەو گۆڕانانە بەبێ‌ بونی دامودەزگایەكی ئیعلامیی سەردەمیانە ناكرێت، چونكە راگەیاندن لەم قۆناغەدا رۆڵێكی زۆر كاریگەر دەگێڕێت، راگەیاندنە دەتوانێ لەیەككاتدا تێگەیشتن حزب بگەینێت و ململانێی بەرامبەری حزب مسۆگەر بكات.

خۆ ئەگەر ئەو سەنتەری بڕیارەی ئێستا بەفیعلی بونی هەیە توانی ئەم هەنگاوانە بنێت، ئەوا بێگومان پرسی یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان مسۆگەر دەكات، چونكە لەئێستادا ئەگەرچی رێككەوتنێك لەگەڵ گۆڕاندا هەیە، بەڵام بەم پەرتەوازەییە نە لێپرسراوانی گۆڕان دەتوانن ئەم موجازەفەیە بكەن و ببنە شەریكی یەكێتییەك كە لەبارودۆخێكی باشدا نییە، نە جەماوەرەكەی گۆڕانیش بەم یەكێتییە رازییە كە هەڵویستی روون و سەنتەری بڕیاری گرفتی گەورەی هەیە.



‎کابینەکەی دکتۆر میران
لاهور و ئەوانیدیكە:
دوو دیمەنی ساتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا
قایمقامی سلێمانی بۆ وادەكات؟!
پەرلەمان با لەکەرکووک کۆببێتەوە:
پێشنیارێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم
چەند سەرنجێك لەسەر قسەكانی فەرەیدون عبدالقادر
پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکوردستان
لە دژی دادوەری حیزبی : (کورە لە ئاگر گەرمتر)
دەستەی دەستپاکی ... بۆ وا بێ باکی ...؟؟
بۆ ئەوەی چەواشەكارییەكانی پارتی سەبارەت بە ئاڵا دەرخەین
بۆ جاش هونەرمەندو بیرۆکەدزانی کورد ئایدل
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە