لە دوای سزادانی دادوەران(سەردار و تەها).. کام دادوەر سزا دەدرێت ..؟
PM:03:24---08-11-2017
ئه‌م بابه‌ته 3928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
سۆران محەمەد غەریب
ئەم جارەی باسەکەمان کە پەردەی نادادی لەسەر خانەی داد هەڵدەماڵێت و ڕووی دادوەری حیزبی یان پاشکۆی بڕیاری بەرپرسان زیاتر دەردەخات لە دادگاکاندا ... سزادانی دوو دادوەری بوێر و دادپەروەرە کە لە پێناو پیادەکردنی یاسا و سەروەر بونی یاسادا بەجۆرێک لەجۆرەکانی سزا فەرمانی سزایان بەسەردا دراوە ، ئەوانیش دوو دادوەری بەڕێزن کە هەریەک لە دادوەران (سەردار عەلی عەزیز) و (تەها عومەر ڕەشید)ە . نەمدەویست بە گورجی و خێرا لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەم ... چاوەڕێی ئەوە بووم ، بەڵکو ببینم کەسانێک لە دادوەران یان پارێزەران یان مافپەروەران یان هەر کەسێک لە ناوەوەی خانەی داد یان دەرەوەی خانەی داد بێتە قسەکردن یان هەڵوێستە وەرگرتن ... بە درێژایی (٣)مانگ زیاتر . تەنها کەسێکی یاسایی باسی لەم بابەتە کرد لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا ، بەڵام بە گیانی تۆڵە کردنەوە بە نەخشەیەکی بۆ کێشراو لە ڕێگای سکاڵاوە زیاتر لە (٤٠) ڕۆژ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیرکرا و خرایە بەندینخانەوە ، بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێت . ئەویش مافپەروەر فەرمانبەری ناو دادگای سلێمانی (هەستیار وشیار) بوو پاشان ئەم فەرمانبەرە لە کەمترین کاتدا بە بڕیاریكی دادگا بڕیاری (٤) مانگ بەندکردنی بەسەردا دەرچوو . جگە لەم کەسە هیچ کەسێکم نەبینی قسەیەک یان هەڵوێستەیەک یان نوسینێک لەم بارەیەوە ڕابگەیەنێت و بڵاوی بکاتەوە ... هەر ئەمەشە وایکردوە هەر دادوەرێک بە پێچەوانە و ئارەزوی دادوەرە حیزبیەکان یان فەرمانی بەرپرسە باڵادەستەکانی حیزبەوە بجوڵێتەوە ، ئەوا بە بەرچاوی هەر هەموو خەڵکیەوە سزا دەدرێت کەسێکیش نیە لەسەریان بێتە وەڵام . ئەمە ئەو پاشەگەردانیەیە بەسەر دادپەرەوەریدا دێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دامەزراوەی دادوەری ئیفلیج و شڕتر دەبێت . بە داخەوە ... هەندێ کەس لەبەرامبەر ئەو دادوەرانەدا کە سزا دەدرێن ئەوە ڕایدەگەیەنن کە نادادی لە ناو خودی دادگاکاندا هەیە ، بەڵام لە هیچ شوێنێکی تر ناتوانن و بوێری ئەوەیان تیادا نیە تەنها وشەیەک بڵێن لە ڕووی دادوەرە ستەمکارەکان کە ڕێکاری سزادان لە دژی دادوەرە بوێرەکان وەردەگرن . چ جای ئەوە بەدی بکرێت لە هۆیەکانی ڕاگەیاندن تەنها نوسینێکی لەسەر بنوسن یان قسەیک لەسەری بکەن . تەنها ئەوە نەبێت هەندێ کەسانی یاسایی بە تایبەتیش پارێزەران لە ناو دادگاکاندا بۆ خۆبردنە پێش لای دادوەرە سزادراوەکان یان لە ماڵپەڕەکاندا چەند وشە و دێڕی ناکاریگەر و سواو و بێ مانا دەڵێن : ( تۆ لە هەر کوێ بیت هەر خزمەتی خۆت دەکەیت) یان (تۆ دادوەرێکی بە توانایت لە هەر دادگایەک بیت شوێن دەستت دیارە) ... هتد . ئەم جۆرە قسانەش بەمەبەستی ئەوەی هیچ لەسەر بەرژەوەندیان نەکەوێت لای دادوەرە حیزبی و ستەمکارەکان تا ڕۆژانە کاریان بەڕێوەبچێت . هەتاوەکو ئێستاکە ئەوەی گوتومە و نوسیومە بەبێ بەڵگە نەبوە وا ئێستا لە سزادانی ئەم دوو دادوەرە بەڵگە دەخەمە ڕوو بەڵگەکەش لەسەری ئەم بڕیارەی خوارەوەیە لەگەڵ هەڵوێستەی یەکێک لەم دوو دادوەرە . ناوەرۆکی بڕیارەکە و لێکدانەوە : ١/ ئەم بڕیارە لە سەرۆکایەتی دادگای تاوانەکانی سلێمانی /١ بە شێوەی پێداچونەوە بە ژمارە ٣٥٧ / ب / ٢٠١٧ لە بەرواری ١٩ / ٦ / ٢٠١٧ لە لایەن سەرۆکی دادگایەک و دوو ئەندامەوە . ٢/ ئەم بڕیارە پەیوەندی بە دۆسیەی لێکۆڵینەوەوە هەیە لە کێشەیەکی بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی سلێمانی . ٣/ کێشەکە پەیوەندی بە بەرپرسە باڵاکانی حیزب و حکومەتەوە هەیە ئەوانیش سەرۆکی حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٥ و وەزیری شارەوانی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی نۆکان . ٤/ دەقی مادەی یاسایی ئەو کێشەیە مادەی (٣٤١) لە یاسای سزادان کە پەیوەندی بە زیان پێگەیاندن هەیە بە موڵک و ماڵی دەوڵەت ، بەڵام لەبەر ڕای دروستی ئەم دوو دادوەرەی سزا دراون دەقی مادەکە بوە بە (٣١٦) لە یاسای سزادان واتا کارئاسانی کردن بۆ بەدەست هێنانی دەست بەسەر موڵکدا گرتن . نهێنیەکانی پشت بڕیارەکە : ١/ ئەم بڕیارە لە لایەن سێ دادوەرەوە دەرچوە کە سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی و دوو ئەندامە ، بەڵام لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە دوو ئەندامی دادگاکە لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی /١ وە ڕاژەکەیان گواسترایەوە بۆ دادگای باری کەسێتی لە سلێمانی ئەوانیش هەریەک لە دادوەران (سەردار عەلی عەزیز) و (تەها عومەر رەشید) ە . بەڵام سەرۆکی دادگاکە لە جێگای خۆیدا ماوەتەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ڕای ئەو دوو دادوەرەی تردا نەبوە . ٢/ ئەوەی دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی ئەو دوو دادوەرە وەکو سزا ڕاژەکەیان گواستراوەتەوە ئەمانەن : أ- ئەگەر سەرنج بدرێتە کۆتا دێڕەکانی بڕیارەکە دەردەکەوێت بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیار دراوە واتا دوان لەم سێ دادوەرەی ناویان لەسەر بڕیارەکەدا هاتوە ڕایان وابوە دەبێت ڕیکاری یاسای لە دژی ئەو کەس و لایەن و بەرپرسانەی کە ناویان هاتوە وەربگیرێت . ب- نوسراوێکی ئاراستەکراو لە دادوەر(تەها عومەر ڕەشید) ەوە کە پێشکەشی بە سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کردوە و تیایدا داوای ڕونکردنەوە لەو سەرۆکایەتیە دەکات ئایا هۆکاری گواستنەوەکەی چیە ؟ بە تایبەتی ئەوە دەخاتە ڕوو گوایا دوای یەک مانگ لە دەرچونی ئەم بڕیارەوە ڕاژەکەی گواستراوەتەوە لە دادگای تاوانەکانەوە بۆ دادگای باری کەسێتی سلێمانی (بۆ زانیاری هەڵوێستەی ئەم دادوەرە لە هەواڵ و ڕاگەیاندراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە ). بۆچی دادوەران سزا دەدرێن ..؟ سزادانی دادوەران لە پێناو چەند مەبەستێکی لە پشتەوەیە کە ئەمانەن : ‌ أ- بۆ چاوشکاندنی دادوەری سزا دراوە تا بڕیاری دادوەرە حیزبیەکان یان بەرپرسەکان جێبەجێ بکات . ب- تا ببێتە پەند بۆ دادوەرەکانی تر تا لە فەرمانی دادوەرە باڵا دەستەکان دەرنەچن . هەرچیەکیان لێ داواکردن بە بێ گفتوگۆ و جێ بەجێی بکەن . ج- پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و بەرژەوەندی بەرپرسەکان لە ناو دادگاکاندا تا لەم ڕێگایەوە یاسا لەسەریان پیادە نەکرێت و ڕوبەڕووی ڕێکارە یاساییەکان نەبنەوە . پرسیارەکە لەئێستادا ئەمەیە : ئایا سزادانی ئەم دوو دادوەرە دوا سزایە بەسەر دادوەراندا دەسەپێنرێت ...؟ لە وەڵامدا دەڵێین : ئەمە دوا بڕیاری سزادان نابێت بەسەر دادوەرە دڵسۆز و بوێرەکان هەروەکو چۆن لە پێشودا چەندین دادوەر سزادراون . دەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین هەتاوەکو دادوەری حیزبی یان پاشکۆی حیزب باڵا دەست بن یان دادگا بە دەست حیزب و فەرمانەکانی حیزبەوە بێت ، ئەوا بەردەوام سزا دەبینین و دادوەرە دادپەروەرەکان سزا دەدرێن . نابێت ئەوەش فەرامۆشی ئەو لایەنە بکەین کە سزادانی دادوەران لەسەر پیادەکردنی یاسایە نەک لەسەر پێشێلکردنی یاسا ، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات و پێویستە بگوترێت ئەبێت چەند دادوەر هەبێت کە فەرمانی حیزب جێ بەجێ دەکات کە ڕۆژانە دەخرێنە جێگای دادوەرە سزادراوەکان و خۆگر دەبن یان لە شوێنەکانیان بەرز دەکرێنەوە یان دادگا هەستیارەکانیان پێ دەسپێردرێت . ئەمە ئەو پرسیارە دەبێت وەڵام بدرێتەوە و ئەمەش بەجێ دەهێڵم بۆ لایەنی پەیوەندیدار و خوێنەران . سەرباری هەر هەموو ئەمانە زیاد لەسەر قسەکانم ئەوەیە لە دادگاکان تەنها داوەرە سزا دراوەکان دەردەکەون کە پابەند نابن بە بڕیاری دادوەرە حیزبیەکان لە بەرامبەر ئەمەشدا چەندەها بارە دادوەر هەن کە فەرمانەکانی حیزب و دادوەرە باڵا دەستەکان جێبەجێ دەکەن ... خوێنەر دەبێت لەوە تێبگات پێش ئەوەی دادوەر سزا بخوات بەدەستی سەردەستەکانی ناو دادگا پێشتر لەڕێگای سەرۆکی دادگاوە یان دادوەرە باڵادەستە حیزبیەکان ئاگادار دەکرێتەوە تا کارێکی دیاری کراو بکات یان بڕیاریک بدات ئەگەر نایاسایش بێت جا . ئەگەر لە پێناو بەرژەوەندی ئەو دادوەرانەدا بێت کە فەرمان دەدەن یان بەپێی سپاردە حیزبیەکان ، خۆ ئەگەر هاتوو نەیکرد ئەوا سەرۆکی دادگا و ئەو دادوەرەی هەمیشە ڕا و بڕیاری خۆی دەسەپێنێت بەسەریدا و بوەتە جوڵێنەری سەرۆکی دادگا فەرمان بە ڕاگواستنی ڕاژەکەی دەدات بۆ دادگایەکی دی و ئیتر دەخرێتە خانەی پەراوێز خستنەوە یان ئەوەتا فڕ دەدرێتە شوێنێکی دوور لەو دادگایەی تیایدا کاری کردوە ... کار گەیشتۆتە ئەوەی بە شێوازێک دادوەرە دڵسۆز و بوێرەکان سزا دەدرێن کە نەتوانێت هیچ جموجۆڵێک بکات یان ڕەخنە و لاری بون لە سزاکە بگرێت دەنا ڕوبەڕووی سزای تر دەبێتەوە ... لەمەو پێش و لەساڵانی ڕابردودا چەندین دادوەر سزا دراون کە لە هۆیەکانی ڕاگەیاندنەوە ناویانم هێناوە ... کەواتا هەتا سپاردە و بڕیاری حیزبی و دادوەری حیزبی و پاشکۆ هەبێت، سزادانی دادوەران بەردەوامی هەیە ..



رۆژی شەهیدانی یەکێتی و چەند قسەیەک!
لە ساڵیادی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دادگاکانی هەرێم
لە دوای سزادانی دادوەران(سەردار و تەها).. کام دادوەر سزا دەدرێت ..؟
‎کابینەکەی دکتۆر میران
لاهور و ئەوانیدیكە:
دوو دیمەنی ساتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا
قایمقامی سلێمانی بۆ وادەكات؟!
پەرلەمان با لەکەرکووک کۆببێتەوە:
پێشنیارێک بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێم
چەند سەرنجێك لەسەر قسەكانی فەرەیدون عبدالقادر
پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەکوردستان
لە دژی دادوەری حیزبی : (کورە لە ئاگر گەرمتر)
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە