"222 هەزار خانەنشینی نایاسایی‌و دوو مووچە‌و سێ‌ مووچە هەڵدەوەشێـتەوە"
PM:03:30---07-01-2018
ئه‌م بابه‌ته 11040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
بەپێی پڕۆژە یاساكەی حكومەتی هەرێم تایبەت بەوەزیفەی گشتی، 160 هەزار خانەنشینی نایاسایی هەڵدەوەشێنەوەو 62 هەزار دوو مووچەیی‌و سێ مووچەیی رادەگیرێن.

لە3ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاكسازی لەخانەنشینی‌و مووچەو دەرماڵەی گەیاندە پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەستیلەكاركێشایەوە تاوەكو ئێستا نەتوانراوە پڕۆژەكە بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

ئەم پرۆژەیە زیاتر لە20 ماددە پێكهاتووەو بەسەر چەند سێكتەرێكدا دابەشبووەو بەشی سەرەكی تایبەتە بەخانەنشینی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دەڵێت "لەپڕۆژە یاساكە بە وردی باس لەخانەنشینی كراوەو میكانیزمی گرنگی تێدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە".

بەپێی سیستەمی بایۆمەتری دوو سەدو چل‌و چوار هەزارو 656 هەزار كەس بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن‌و بڕی مووچەی یەك مانگیان 108 ملیار دینارەو گومان لە دوو لەسەر سێی ژمارەی خانەنشینان دەكرێت.

ئەنەس محەمەد دۆسكی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لەپەرلەمانی كوردستان، بە (ژیان)ی راگەیاند" ئەو پڕۆژەیەی حكومەت كە ئاڕاستەی پەرلەمانی كردوە بە یەكێك لەپڕۆژە زۆر باشەكان دەناسرێت‌و بەشێوەیەكی گشتی پارەیەكی زۆر لەخانەنشینی بۆ خەزێنەی گشتی دەگێڕێتەوە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی، وتیشی "ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكرێت ئەوا 160 هەزار مووچەی خانەنیشنی نایاسایی هەڵدەوەشێنرێتەوە، چونكە لەپڕۆژەكەدا هاتوە ئەگەر كەسێك خانەنشین كرابێت پێویستە بە لایەنی كەم 15 ساڵ خزمەتی هەبێت‌و تەمەنی لەپەنجا ساڵ كەمتر نەبێت".

بەشێك لەو كەسانەی مووچەی خانەنشینی وەردەگرن بەگوێرەی یاسا كارپێكراوەكان ئەو مووچەیە وەردەگرن‌و هەرچەندە مووچەی تریشیان هەیەو بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە ئەو كەسانەش مووچەكەیان دەبڕێت.

دۆسكی بۆ (ژیان)ی روونكردەوە "لەپڕۆژەكە هاتووە كە هەر كەسێك تەنها یەكجار دەتوانێت سودمەندبێت لەوەرگرتنی مووچە لەحكومەتی هەرێم‌و بەپێی ئەو لیستانەی لەبەردەستی ئێمەیە 62 هەزار كەس زیاتر لەمووچەكیان هەیەو بەجۆرێك دوو مووچەیی یا سێ مووچەین".

ئەو پڕۆژە یاسایە تەنها مووچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی‌و پلە نزمەكان ناگرێتەوە، بەڵكو سەرجەم  خانەنشینان دەگرێتەوە، وەك ئەو باسیكرد بەپێی پڕۆژە یاساكە 62 پەرلەمانتارو وەزیر مووچەكانیان دەبڕدرێت چونكە تەمەنیان لەخوار پەنجا ساڵییە یاخود خزمەتیان كەمترە لەپانزە ساڵ.

لەگەڵ ئەوەی ماوەی هەشت رۆژە ئەو پڕۆژە یاسایە گەیشتۆتە پەرلەمان، بەڵام هەر زوو پەرلەمانتارانی بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشكرد، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی رونیكردەوە "هیچ رێگرییەك نییە بۆ پڕۆژە یاساكە، بەڵكو بەشێك لەپەرلەمانتاران پێیانوایە لەچوارچێوەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان ناكرێت خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیرو دادوەران بەیەك یاسا بێت، بەڵكو پێویستە هەریەكەو یاسای تایبەت بەخۆیان بۆ دەربكرێت".

وتیشی "ئەگەر پێویستی كرد ئەوا دەتوانرێت یاسای جیای بۆ دەربكرێت، چونكە پڕۆژە یاسایەكی تر لەپەرلەمانە تایبەت بەخانەنشینی پەرلەمانتاران كە بەوردی باس لەخانەنشینی پەرلەمانتاران كراوە كە بە چ شێوەیەك بێت‌و كێن ئەوانەی خانەنشین دەكرێت".

لەئێستادا پەرلەمانی كوردستان لەخولی چوارەمدایەو ژمارەی پەرلەمانتارانی خانەنشین نزیك بۆتەوە لەچوار سەد پەرلەمانتارو بەپێی یاسای كارپێكراو پەرلەمانتاران بەمووچەی 80% ی خانەنشین دەكرێت كە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران شەش ملیۆن‌و 560 هەزار دینارە.

بە بڕوای دۆسكی "راستە ژمارەی پەرلەمانتارە خانەنشینكراوەكان زۆر نییە، بەڵام چوار ساڵ و دواتر خانشینی بەبەراورد بەو بڕە پارەیە بارگرانییە بۆ سەر بودجەی گشتی".



کۆمسیۆن:کارتی دەنگدان تا سێ ڕۆژ بەرلە دەنگدان دابەش دەکرێت
"هاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بۆ دروستکردنی هێزێکە بەهێزتربێ لەسوپای عێراق "
هاتوچۆی هەولێر ئاگاداریەک بۆ شۆفێران بڵاودەکاتەوە
داوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ڕۆژنامەنوسان دەکرێت
هاورێ تۆفیق:ئەوانەی کارتی بایۆمەتری و کارتەکەی ٢٠١٤یان نیە ناتوانن دەنگ بدەن
کەش و هەوای ئەمرۆ و سبەینێ
ئەمڕۆ ١٢٠ ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت
خۆپیشاندان لەسلێمانی و ڕانیە دەستیپێکرد
حکومەتی هەرێم بەبۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە
لەخورماتوو شیعەکان ڕێگری لەکورد دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە