ناوی بەشێك لە سەرۆكی لیستی حزبەكان بۆ هەڵبژاردنەكان ئاشكرادەكات
PM:02:58---11-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 10150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، بەشێك لە سەرۆك لیستەكان بەدیار دەكەون.

بڕیارە 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەبچێت‌و 205 قەوارەی سیاسی‌و 36 هاوپەیمانیەتی لەعێراق‌و هەرێمی كوردستاندا كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 328 كورسی پەرلەمان.

هەرچەندە بڕیار بوو، لەرۆژی 4-2-2018 تاوەكو 10-2-2018 هەموو قەوارەكان ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بەكۆمیسیۆن بكەن، بەڵام كۆمیسۆن ئەو ماوەیەی بۆ 15ی 2ی 2018 درێژكردەوەو تائێستاش هیچ حزبێكی كوردستان كەبەپێی یاسا بۆیان هەیە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن ناوی كاندیدەكانیان ئاشكرا نەكردووە.

بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنامەی (ژیان) كە لەسەرچاوەیەكی تایبەت لەمەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، جوان ئیحسان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی سەرۆكی بازنەی سلێمانییەو ناوی هەریەك لەحاجی مەسیفی‌و بێستون عومەر بۆ بازنەی هەولێر هاتووە، بۆ بازنەی دیالەش هەرچەند دەنگۆی ئەوە هەبوو مەلا بەختیار بێت، بەڵام بەپێی وتەی سەرچاوەكە شێركۆ میروەیس دەبێت‌و بۆ بازنەی كەركوكیش فەهمی بورهان پێدەچێت سەرۆكی بازنەكەی یەكێتی بێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی"هەڵبژاردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پەرلەمانی عێراق، دەبێت لەسەر بنەمای دڵسۆزی، لێهاتوویی‌و كارامەیی بێت، لەدیاریكردنی كاندیدەكاندا دەبێ كۆتایی بەلیستی گیرفان‌و مەحسوبیەت بهێنرێت، یەكێتی‌و پاراستنی یەكێتی بكرێتە ئەركی هەمووان".

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرێت‌و رۆژی10-1-2018 كۆنگرەی خۆی بەست‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و سەرۆكی حزبەكەی هەڵبژاردو تا ئێستاش بەرەسمی ناوی كاندیدانیان ئاشكرا نەكردووە.

رێبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە (ژیان)ی راگەیاند بەهۆی درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە كە كێ‌ سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان بێت‌و كاندیدانیش دیار نین.

وتی"چونكە رەچاوی دوو پێوەر دەكەین یەكێكیان لەگەڵ پێوەرەكانی كۆمیسۆن‌و یاسایی هەڵبژاردنەكانی عێراق بگونجێت‌و دووەمیش توانای ئەو كەسە بۆ بوون بە پەرلەمانتار، چونكە لای ئێمە دەرفەت كراوەیەو خەڵكێكی زۆری سەربەخۆ حەز دەكەن لەرێگەی لیستەكەی ئێمەوە كاندید بن".

ئەو ڕۆژنامەیە لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە زانیویەتی هەریەك لە بەرهەم ساڵح‌و رێبوار كەریم‌و د.ئاری سامی پزیشك، كاندیدن بۆ بوون بە سەرۆكی بازنەی سلێمانی هاوپەیمانێتییەكە.

سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان-یش، (ژیان) لەسەرچاوەیەكی ناو بزوتنەوەكەوە زانیویەتی كە بۆ سەرۆكی بازنەی سلێمانی ململانێ‌ لەنێوان ئارام شێخ محەمەدو عەدنان عوسماندایە، كۆمەڵی ئیسلامیش بۆ بازنەی هەولێر تا ئێستا كاندیدی بەهێزیان ئیبراهیم عەزیز زاوای عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییە.

لەبارەی كاندیدانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕۆژنامەکە پەیوەندیكردوە بە ئارام سەعید وتەبێژی نەوەی نوێ‌ بەڵام ئامادە نەبوو قسە بكات.

لەپارێزگاكانی عێراق دوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێن، بەڵام لەهەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت‌و هەڵبژاردنەكانیش بەشێوەی لیستی نیمچەكراوە دەبێت‌و عێراق بەسەر 18 بازنەی هەڵبژاردن دابەشكراوەو 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.



وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای ڕۆزنەفت دوو گرێبەستی دیکەیان واژۆکرد
شاندی یەکێتی گەڕایەوە هەرێم
داعش هێرشێکی بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەنجامدا
دەروازەیەكی دیكەی سنوری لەنێوان كوردستان و ئێراندا كرایەوە
تاڵەبانی: كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە كاریگەریی نابێت
پارێزگاری کەرکوک شوێنی ئۆتۆمبیلەکانی نەجمەدین کەریم ئاشکرادەکات
پێشبینیەکانی کەش و هەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ
وێنە:هێنانەوەی تەرمی عادل موراد
ساڵح موسلیم:تورکیا لەسەر ئەجێندای لەناوبردنی کوردان و گەلانی دیکەی هەرێمەکە دروستبووە
جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە