بارزانی ملکەچی داواکارییەکانی عەبادی دەبێت
PM:03:01---13-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 5082 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، لەرێککەوتن نزیکدەبنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان، هەرێم ئامادەییە لەبەرامبەر ناردنی مووچەو کردنەوەی فرۆکەخانەکاندا نەوتەکەی رادەستی بەغداد بکات.

ڕۆژنامەی (ژیان)، لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیاری لەسەر بەشێک لەدەرەنجامی کۆبونەوەو پەیوەندییە نهێنییەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای هەردوولا دەستکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکان، هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە "حکومەتەکەی ئامادەیە تا دوای هەڵبژاردنەکان بەشێکی زۆر لەداواکارییەکانی بەغداد جێبەجێ بکات، بەو مەرجەی سەرۆک وەزیران لەبەشێک لەداواکارییەکانی حکومەتەکەی نەرمی بنوێنێت".

ئەو ڕۆژنامەیە لەسەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێم زانیویەتی "نێچیرڤان بارزانی لەسەر سێ داواکاری حەیدەر عەبادی ڕازی بووەو بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دوور لەچاوی میدیاکان و بەنهێنی شاندێک لەبەغدادەوە بگاتە هەرێم".

سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رێکەوتی 8ی ئازار لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، گفتوگۆیەکی جددی لەهەفتەی ڕابردوو لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

بەوتەی دزەیی، لەڕووی بنەماوە لێکنزیکبوونەوە هەیەو ئەو قسانەی عەبادی لەپرێس کۆنفرانسەکەی رۆژانی رابردودا کردونی ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بووە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە پەیوەندی بەقوباد تاڵەبانی کردووە لەبارەی پەیامی نوسینگەی عەبادی لەسەر ئەوەی ئەوان نایانەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم مامەڵە بکەن لەبەرامبەردا تاڵەبانی ڕەتیکردۆتەوەو داوای کردووە لەگەڵ وەزارەتەکان مامەڵە بکرێت.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بە (ژیان)ی وت "قسەکانی حەیدەر عەبادی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بەر لەنەورۆز، لەرێگەی دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵ و گۆڕان بووە".

"لەقۆناغی یەکەمدا بەغداد مووچەی تەنها وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی دەدات‌و پێدەچێت دوای ئەو  گفتوگۆیەی کە لەنێوان هەرێم و بەغداد لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دەستپێکردووە، بەدەستپێشخەری کۆمپانیای رۆزنەفتی ڕووسی بڕیار لەسەر دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە بدرێت، کە ئەگەرێکی زۆر هەیە حکومەتی عێراقی ڕازی بێت لەرێگەی ئەو داهاتەی هەرێم دەستیدەکەوێت خۆی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە دابەش بکات". ئەحمەدی حاجی ڕەشید وای وت.

وا بڕیارە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا گەشتی نێودەوڵەتی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی دەستپێبکەنەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی (ژیان) دەستیکەوتووە، لەسەر داوای فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق، حەیدەر عەبادی ڕازی بووە لەسەرکردنەوەی ئەو فڕۆکەخانانەو بۆ ئەمەش ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانیشی ڕاسپاردووە لەماوەی 15 بۆ 18ی ئازار بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەر بکەن، بەو مەرجەی حکومەتی هەرێم ڕازی بێت بەداواکارییەکانی بەغداد لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان".

(ژیان) زانیویەتی "سەرۆک وەزیران هامشی ڕەزامەندی لەسەر نوسراوەکە دەربڕیوەو ئاراستەی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووەو لەگەڵ ئەوەشدا لیژنە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی ڕاسپاردووە بەدواداچوون بکەن بەمەبەستی جێبەجێکردنی مەرجەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان".

بەڕێوبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، روونیدەکاتەوە "لەڕێگەی سەرووی خۆیان پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە لەئێستاشدا خەریکی بەدواداچوونن بۆئەوەی بزانن کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانە کەیە".

تەلار فایەق، بەڕێوبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە (ژیان)ی وت "تاوەکو ئێستا نە بەنووسراو و نە بەزارەکی کاتی کردنەوەکەیان بۆ نەهاتووە، بەڵام هەر زانیارییەک وەرگرن لەو بارەیەوە دەستدەکەن بە ئامادەکاری".

بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێم لەسەر چەند خاڵێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی رێککەوتووە، ئەوانیش:

1. ڕادەستکردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەکۆمپانیای سۆمۆو پاشان گەڕاندنەوەی ئەو داهاتە بەمەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جگە لەوەزارەتی پەروەردەو تەندروستی.

2. هێنانی چاودێری ئەمنی لەلایەن بەغدادەوە بۆ دەروازەو فڕۆکەخانەکانی هەرێم لەگەڵ گواستنەوەی بەشێک لەمیکلاکی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی بۆ سەر میلاکی پۆلیسی فیدڕاڵی.

3.دابەشکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە مانگانە لەلایەن بەغدادەوە، مووچەی وەزارەتەکانی دیکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.



کەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەینێ
ئەمڕۆ پارتی و گۆڕان کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن
بۆ یەكەمین جارە توێژەری ساڵ دیاریكرا
پارەی ڤیزەی ئێران بۆ ئەم هاوڵاتیانەی هەرێم لابرا
سلێمانی: سەدان کیلۆ شیرینی لەناوبران
حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی له‌باره‌ی داواكارییه‌كه‌ی هاتوچۆی راپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ربڕی
دابەشكردنی زەوی دەستپێدەكاتەوە
وته‌بێژێك بەرچاو ڕونییەک لەسەر دەستگیرکردنی مێردمنداڵەکەی گەرمیان دەدات
یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر چوار خاڵ رێككه‌وتن

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە