خشەی پێی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دێت
چیاو نما؛ گۆڕان بەسەر دوو بەرەدا دابەشدەکەن
PM:04:29---13-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 14574 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
ڕێکەوتێکی کەموێنەیە، 9 ساڵ لەمەوبەر گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری لەمنداڵدانی میدیایەکی بەهێزو کاریگەرەوە بیرۆکەی هاتنەبونی گەڵاڵەبو، بەڵام دوای 9 مانگ لەکۆچی ڕێکخەرو دامەزرێنەرەکەی، میدیایەکە دادەخرێت‌و جارێکی تر دەبێتەوە چەق‌و ڕیزبەندی پێشەوەی باسوخواسەکان، بەڵام ئەمجارە لەوێنەیەکی تەواو پێچەوانەدا.


ململانێکانی ئێستای گۆڕان لەهەر کوێیەکدا تەقیبێتەوە، هەمو ئەوانەی کە لەهۆکاری چارەسەرنەکردن و کەڵەکەبونی کێشەکان دەپرسن ناچاربون لاپەڕەکانی ڕابردو هەڵبدەنەوە، پرسیاری ئەوە بکەن بۆچی نەوشیروان مستەفا تا لەژیاندا بو ئەو پرسانەی یەکلانەکردەوە؟.

ڕابردو لەبەردەم پرسیاردا

(ژیان) لەگەڵ زیاد لەهەڵسوڕاوێکی گۆڕان هۆکاری قوڵبونەوەی کێشەکانی باسکرد، بەشێوەیەکی گشتی بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون، بۆچونێکیان جەخت دەکات کەزیاد لەجارێک داوا لەنەوشیروان مستەفا کراوە چارەنوسی کۆمپانیای وشەو تاپۆی گردەکەو موڵک و پشکەکانی تری گۆڕان یەکلابکاتەوە بەڵام نەیکردوە، لێرەشەوە گومانیان لەتەواوی هەنگاوەکانی دوای ئەوە بۆ دروستبوە، لەهەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنەوە تادەگاتە تاپۆکردنی گردی زەرگەتەو پشک و موڵکەکانی تری گۆڕان لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، گومانەکە لەوەدا چڕبۆتەوە کەدانانی ڕێکخەری ئێستای گۆڕان (عومەری سەید عەلی) لەبنەمادا سەفقەیەکی سیاسی بوبێت.

وردەکاری سەفقەکە ڕوون نیە ئەو کاتە کراوە کە عومەری سەید عەلی چۆتە بەریتانیا بۆ دیدەنی نەوشیروان مستەفا یان لەنێوان کوڕەکانی و ناوبراودا دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا کراوە، بەڵام ئەوەی ڕونبۆتەوە هەموو ئەوەی دەگوزەرێت ڕێکەوتن بێت نەک ڕێکەوت.

ڕێکەوتنێک کە هەر لایەو بەرژەوەندی خۆی لەبەهێزبونی ئەویتردا ببینێتەوە کە ناوەرۆکەکەی بەمجۆرەیە، لەبەرامبەر بونی عومەری سەید عەلی بەڕێکخەری گشتی گۆڕان تەواوی موڵکەکانی گۆڕان ڕادەستی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بکات ئەمەش لەشێوەی پەڕینەوە لەقۆناغی ڕاگوزرەوە بۆ مەیین و شوێنپێ قایمکردن.

بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیش بەو شێوەیەی نەخشەی بۆ کێشراوە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا هەموو تواناو پێگەی خۆیان لەناوەو دەرەوەی بزوتنەوەکە بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژارنی عومەری سەید عەلی بەڕێکخەرو پاراستنی شوێن و پێگەی خۆی و هاوڕێکانی (کوتلە)کەی لەئایندەدا، هەیکەلی ئێستای خانەی ڕاپەڕاندیش تا ئاستێکی زۆر پشتڕاستی ئەم بۆچونە دەکات کە کۆی پێشهاتەکانی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پلان بۆ دارێژاوەو ڕێکەوتنی پێشوەختەی لەسەر کراوە، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەکە بەرگێکی دیموکراسیشی لەبەر کرا، بەڵام دیموکراسیەکی خاڵی بوو لە ڕکابەریی و بەوشێویەش عومەری سەید عەلی و گروپەکەی کران بەزۆرینەو خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە لەخانەی ڕاپەڕندندا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی (ژیان) لەسەرچاوەی باڵای ناو گۆڕانەوە دەستیکەوتوە ڕێکخەری گۆڕان بەئاشکرا لەکۆبونەوەی خانەی ڕاپەڕاندا ڕایگەیاندوە، گردی زەرگەتەو میدیا موڵکی کۆمپانیای وشەیەو کۆمپانیای وشەش موڵکی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە، ئەمەشیان بەشی دووەمی ڕێکەوتنەکەیە کە گواستنەوەی خاوەندارێتی موڵکەکانی گۆڕانە بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.

هەندێک هۆکاری سەرەکی نیگەرانیەکانی عوسمانی حاجی مەحمود بەمە دەزانن و دەڵێن ناوبراو گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە عومەری سەید عەلی گۆڕانی ڕادەستی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کردوەو گۆڕانیش بەرەو بنەماڵەیی بون دەچێت.

بۆچونی دووەمیان، ئەمانیش کەسانی خاوەن پێگەن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێن، لەسەرەتاکانی ساڵی 2017 زیاد لەبەرپرسێکی گۆڕان نامەی تایبەتیان بۆ نەوشیروان مستەفا ناردوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی گردەکەو دروستکردنی خانەی ڕاپەڕاندن بەڵام دواتر زانیویانە کە کاک نەوشیروان زۆربەی کاتەکان تەندروستی خراپ بوەو توانای تەرکیزو بڕیاردانی نەبوەو کوڕەکانی هەرکەسێک و هەرنامەو تەلەفونێک خۆیان مەبەستیان نەبوبێت ڕێگەیان نەداوە بگاتە لای‌و لێناشاردۆتەوە، بەپێی ئەو بۆچونەیان نەوشیروان مستەفا لەهەموو ئەم کارانەی دوای کۆچی دوایی ئەوکراوە بێبەرییە.

بزوتنەوەی گۆڕان شوێنپێی کێ هەڵدەگرێت؟

لەئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرگی دوبەرەدا دەردەکەوێت، ئەوانەی لەکوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە نزیکن و بەبزوێنەری کارەکانی ئەوان ناودەبرێن چەند کەسێکی دیاریکراون، بەوتەی بەرپرسێکی باڵای گۆڕان ئەوانەی دەوری کوڕەکانی کاک نەوشیروانیان داوە، هەیانە ڕۆژانە لەسەر تەلەفزیۆن دژی بنەماڵە سیاسیەکان لێدوانی گڕاوی دەدات بەڵام لەپێناو بەرژوەندی خۆیدا خەریکە خەون و چاوەڕوانیی سەدان هەزار کەس لەگۆڕان لەگۆڕ دەنێت، وەک ئەو وتی "بەڵگەیان هەیە کە کوڕەکانی کاک نەوشیروان گەنجیان لەدەورە تا دوا ساتەکان بەجیا بەڵێنیان بەشاسوارو بەرهەم ساڵح داوە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لەگەڵیان بن، بەڵام کە دۆخی گۆڕان بەقازانجیان کەوتۆتەوە، ئێستا بونەتەوە گۆڕانی عەیارە 24 و تەحەکوم بەبزوتنەوە دەکەن".

بەرەیەکی تریش کە خۆیان بەدژی هەنگاوەکانی ئەمان دەناسێنن، پێیانوایە هەوڵێک لەناو گۆڕان هەیە بۆ ئەوەی حزبەکەیان بکرێتە حزبی بنەماڵە، بەتایبەت دوای تاپۆکردنی گردی زەرگەتەو دانانی کەسە نزیکەکانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە جومگە جیاوازەکانی گۆڕان.

ئەمانە لەسەر قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود حساب دەکرێن، بەڵام هەندێک لەمانە ئەوە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن تا ئەو شوێنە پشتیوانی بۆ چونی ئەوانن کە دژی بەبنەماڵەیبون و دەستبەسەراگرتنی گۆڕان دەوەستنەوە لەوە بترازێت ئەم قسەیە تۆمەتی ئەوانەیە کە خۆیان بون بەپیاوی خەڵکی ترو دەیانەوێت لەم ڕێیەوە شەرعیەت بەو کارەی خۆیان بدەن.

کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا وا خۆیان پیشان دەدەن کە دەستوەردان لەکاروباری بزوتنەوەکە ناکەن و خۆیان بەدوور گرتوە لەبڕیارەکانی، بەڵام ئەوانەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخی گۆڕان دەکەن دەڵێن، چیاو نما جگە لەڕێکخەری گشتی (محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەپرسی پەیوەندییەکانی گۆڕان و جەمال محەمەد سکرتێری جڤاتی نیشتمانی‌و جەلال جەوهەر بەرپرسی کاروباری حکومەت و ڕەوف عوسمان سەرۆکی جڤاتی گشتی)یان لەخانەی ڕاپەڕاندن مسۆگەر کردوە، لەخانەش هەموو بڕیارێک بەزۆرینەو کەمینە تێدەپەڕێنرێت، بەقسەی کەسێکی نزیک لەعوسمانی حاجی مەحمود ئەوەش یەکێکی ترە لە نیگەرانیەکانی ناوبراو کە لەڕێگەی زۆرینەو حساب نەکردن بۆ پەیڕەوی ناوخۆ هەرچیەکیان بوێت تێیدەیەڕێنن و هەر بڕیارێکیش لەبەرژوەندی گروپەکەی خۆیان‌و جێگەی ڕەزامەندی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا نەبێت لەمپەری بۆ دروستدەکرێت.

سکرتێری جڤات وتی KNN خاوەنی هەیەو دەسەڵاتمان نیە

بەدرێژایی ساڵانی ئۆپۆزسیۆن بون لەهەموو دانیشتنێکی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا، خاڵی یەکەمی کۆبونەوەکە بەداوایەکی ئەو دوو هێزە لەبەرپرسانی گۆڕان دەستیپێدەکرد تا گوتاری میدیاکەیان هێور بکەنەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا گرنگ و هەستیارەدا زیاتر لەمانگێکە کەناڵی KNN داخراوەو هەست بەبونی بۆشاییەک ناکرێت، هۆکاری ئەوەش بێڕۆڵکردنی میدیاکە بو بۆ موجامەلەکردنی پارتی و یەکێتی لەڕابردوداو شەڕی ئێستاش لەسەر خاوەندارێتیە لەژێر ناونیشانی چاککردندا، ئەم قسەی ڕاگەیاندکارێکی دیاری گۆڕانە بۆ (ژیان).

بەپێی زانیارییەکانی (ژیان) لەچەند ڕۆژی رابرودا ژمارەیەک کارمەندی کەناڵی KNN لەوانەی دوای داخستنی کەناڵەکە گرێبەستیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە، سەردانی سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان_یان کردوەو یاداشتێکی ناڕەزاییان داوەتە جڤات، ئەو کارمەندانە بە سەرۆکی جڤاتیان راگەیاندوە کە سزادراون و تۆڵەی سیاسیان لێکراوەتەوە، لە بەرامبەردا سەرۆکی جڤات پێی وتون داواکەتان رەوایەو بەدواداچونی بۆ دەکەین.

دواتر سەردانی جەمال حاجی محەمەد سکرتێری جڤاتی نیشتمانیان کردوەو نارەزایەتیەکانی خۆیان پێ راگەیاندوە، لە بەرامبەردا سکرتێری جڤاتی نیشتمانی پێی وتون، کەناڵی KNN سەر بە کۆمپانیای وشەیەو کۆمپانیای وشەش موڵکی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایەو ئێمە ناتوانین دەستوەردان بکەین.

بەوتەی یەکێک لەکارمەندەکان کە بۆ (ژیان) قسەی کرد، وتی "ئەوەی زۆر بەلامانەوە سەیر بو ئەوەیە کە سەردانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەمان کردو پێمانوت ئێمە چەندین ساڵە کارمەندین لە کەناڵەکەداو خزمەتمان کردوەو هەموومان سەرچاوەی ژیانمان تەنها ئەم مووچەیە بوەو هەمووشمان خێزاندارین، (عومەر سەید عەلی)یش لەوەڵامدا پێی وتون: توشی قەیرانی دارایی بوین و ئیفلاسمان کردوەو چەند ساڵە بە خێوتان دەکەین ئیتر ناتوانین بە خێوتان بکەین".

وتوشیەتی: خۆ دەزگای خێرخوازی و هەتیوخانەمان دانەناوە بۆ خۆتان سەربەستن دەچنە کەناڵەکانی پارتی یان کەناڵەکانی یەکێتی ئیتر ئێمە ناتوانین ئێوە لە خۆ بگرین.

هەر ئەو ڕۆژە ئەو کارمەندانە سەردانی (قادری حاجی عەلی) ییان کردوەو ئەویش پێی وتون: ئەگەر بسەلمێت دورخستنەوەتان سزادانەو پەیوەندی بە سیستمی کەمکردنەوەی کارمەندەوە نیە ئەوا هەڵوێستی دەبێت و ئەمە قبوڵ ناکات.



حكومه‌ت ده‌ستكاری مووچه‌ی ئه‌م توێژه‌ ناکات
‌حزبی‌ دیموكرات ئاماری چالاکیییەکیان ئاشکرا دەکەن
پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەكات بۆ كۆبوونەوە
تەمەللی: هه‌ر 8 كورسیه‌كه‌ی شاری وان بۆ هه‌ده‌په‌ ده‌بێت
هۆشیار عه‌بدوڵا: له‌ هه‌رێم ئابڕوبه‌رترین هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام دراوه‌
‌ئاسایش كه‌سێكی به‌ چوار جۆر مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركرد
كۆسره‌ت ره‌سول: شه‌هیدان و تێكۆشه‌ران سه‌رمایه‌ی ئه‌م گه‌له‌ن
ئەمڕۆ وادەی یاسایی ئەنجومەنی پاریزگاکان کۆتایی دێت
گۆڕانکاری لە ٦٠ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکرێت
سەزای تەمەللی لە شاری وان دەنگیدا
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە