ژمارەی کاندیدە کوردەکان بۆ لیستە عەرەبییەکان بلاو کرایەوە
PM:04:31---16-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 1955 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
56 كاندیدی كورد لە ناو پارت‌و قەوارە عەرەبییەكاندا خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید كردوە‌و لە شارەكانی هەرێم بانگەشە بۆ قەوارەكانیان دەكەن.

لەرێگەی كاندیدانی كوردەوە لیست‌و قەوارە عەرەبییەكان هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیانی كورد دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە 12ی ئایاری 2018 ئەنجام بدرێت.

هاوپەیمانیەتی سەركەوتن بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە 24 كاندید لەهەر سێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، كە 9 كاندیدیان لەپارێزگای هەولێر‌و 9ی تریان لەپارێزگای سلێمانی‌و شەش كاندیدیشیان لەپارێزگای دهۆكن.

رەوتی نیشتمانی حیكمەش بەلیستێكی سەربەخۆ لەپارێزگای سلێمانی بەشداری دەكات كە 17 كاندید لەخۆدەگرێت‌و هەروەها لەناو ڕەوتی نیشتمانی هۆزەكانی عێراقیشدا شەش كاندیدی كورد هەن.

سەركردەیەكی ڕەوتی نیشتمانی حیكمە بەشداریكردنی لیست‌و قەوارەی عەرەبی لەپارێزگاكانی كوردستان بەدیاردەیەكی نامۆ نابینێت بەوپێیەی هەرێمیش لەچوارچێوەی عێراقێكی "یەكگرتوودایە".

حەبیب تەرەفی، سەركردە لەرەوتی نیشتیمانی حیكمە بە (ژیان)ی وت "یەكێتی نیشتمانی عێراق پێویستی بەو جۆرە لەكاندیدكردنە هەیە لەسەرجەمی پارێزگاكانی عێراق بەبێ‌ جیاوازی".

وتیشی"پێویستە بەرنامەیەك بۆ سەرجەمی عێراقییەكان هەبێت نەك بەتەنها بۆ سوننەو شیعە یان كورد، بابەتی پشكداری مەزهەبی‌و میللی كە لەساڵی 2003 داهێنرا بووە هۆی ئەوەی عێراق رووبەڕووی ئەم دۆخەی ئێستا بكاتەوە".

بەبڕوای تەرەفی عێراق پێویستی بە قەوارەی نیشتمانی هەیە نەك مەزهەبی یان نەتەوەیی.

هەروەها هاوپەیمانی نیشتیمانی بە 9 كاندیدی كورد بەشداری هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەكات كە 5 كاندیدیان لەپارێزگای هەولێر‌و چواریان لەپارێزگای سلێمانییە.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەو بڕوایەدایە كورد بناغەی گەلی عێراقەو ناكرێت كورد وەك لەدەرەوەی بازنەی دەوڵەتی عێراق لێی بڕوانرێت.

كازم شەمەری، سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی بە (ژیان)ی وت "بەشداریكردنی قەوارەو لیستە عەرەبییەكان لەهەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا بووە كە هاوپەیمانی نیشتمانی جیاوازی لەنێوان هاوڵاتیان ناكات چ ئەوانەی لەهەرێمی كوردستان چ هاوڵاتیانی تری پارێزگاكانی عێراق".

وتیشی "بەشداریكردنی قەوارەو لیستە عەرەبییەكان لەهەرێم كاریگەری نابێت لەسەر دەنگی لیستە كوردییەكان وەك چۆن پارتە كوردییەكان لە بەغدادی پاریتەخت‌و شارەكانی تر بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن".

شەمەری پێشبینی دەكات لەپارێزگاكانی كوردستان لەرێگەی ئەو كاندیدە كوردانەیان كە خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی باشن لەهەرێم كورسییەك بۆ دوو كورسی بەدەستبهێنن.




ئاسایش ڕێگربوو لە بەڕێوەچونی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی سۆرانی مامەحەمە
مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە بەڕێوەچوو
دوای چوار ڕۆژ تەرمی پێشمەرگەیەک دۆزرایەوە
لەمەریوان شەڕ لەنێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حدکا ڕویدا
کەرکوک:هێرش کراوەتە سەر هەواڵگری حەشدی شەعبی
کەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەینێ
مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بەڕیوەدەچێت
چەمچەماڵ: دەیەمین ساڵیادی سۆرانی مامە حەمە بەڕێوەچوو
ڕامین پەناهی بۆ بەندیخانەیەکی شاری کەرەج دەگوێزرێتەوە
سبەینێ ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە