بزانە لایەنە سیاسییەکان چەند هاوکاری کاندیدەکانیان دەکەن
PM:04:41---16-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 1747 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
حزبەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر هاوكاری كاندیدەكانیان دەكەن‌و بەشێكیان یارمەتی ماددییان دەكەن‌و بەشێكیشیان پشت بەكاری خۆبەخش دەبەستن.

ڕۆژی یەک شەممە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژادنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد، ڕۆژنامەی(ژیان) بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات كە پارتەكان بۆ كاندیدەكانیان لەپارێزگای دهۆك خەرجی كردووە.

مەسعود سەرنی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی یەكی پارتی بە ( ژیان)ی وت "بۆ هەر كاندیدێك زیاتر لە 5 هەزار دۆلار خەرج دەكەین، لەكاتێكدا لەهەڵبژاردنەكانی رابردوودا كاندید هەبووە 10 هەزار دۆلارمان بۆ خەرج كردووە".

سەرنی، وتیشی "50 تا 60 لافیتەو فلێكسمان بۆ لیستەكەمان ئامادەكردووەو بۆ كاندیدەكانیش هەر یەكێكیان 30 پۆستەرمان ئامادەكردووەو تا كۆتایی بانگەشەش هی تریش دروستدەكەین".

بازنەی پارێزگای دهۆك لە 11 كورسی پێكهاتووە، پارتی25 كاندید، یەكێتی 22 كاندید، یەكگرتوو 17 كاندید، هاوپەیمانی دیموكراسی 19 كاندید، نەوەی نوێ 4 كاندید، كۆمەڵی ئیسلامی 3 كاندید.

عەلی مستەفا، كارگێڕی دەڤەری دهۆك لەهاوپەیمانی دیمۆكراسی‌و دادپەروەری بە (ژیان)ی وت "بۆ هەر كاندیدێك تائێستا هەزار دۆلارمان خەرج كردووەو لەداهاتوودا 2 هەزار دۆلاری دیكەیان بۆ خەرج دەكەین".

وتیشی "بۆ دروستكردنی پۆستەرو فلێكس بەشێكی پارەكە لەسەر هاوپەیمانی دەبێت‌و بەشەكەی دیكەی لەسەر خودی كاندیدەكە دەبێت".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (ژیان) هەڵمەتی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكان لەپارێزگای دهۆك گەرموگوڕ دەبێت و كێبركێی توند لەنێوان پارتی‌و یەكگرتوو دەبێت.

هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پارە نادەن بە كاندیدەكانیان‌و پشت بەكاری خۆبەخشی دەبەستن.

عەلی ئامێدی، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لەبادینان، بۆ (ژیان)ی رونكردەوە "كاندیدەكانی خۆمان فێری ئەوە نەكردووە پارەی بدەینێ‌و یەكگرتوو پارە ناداتە كاندید بۆ ئەوەی بانگەشە بكات".

وتیشی "ئێمە تەنها ئەلبوم‌و پۆستەرو فلێكسمان دروستكردوە بۆ كاندیدەكان هەر كاندیدێك 500 تا 1000 وێنەو هەندێك بزنس كارت‌و بانگەشەی هەڵبژاردن‌و دروستكردنی فلێكس‌و پۆستەرمان بۆ كردون".

بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای دهۆك تەواوكردووە.

كاوار حەسەن، ئەندامی بەشی هەڵبژاردنی مەكۆی بادینان لەپارێزگای دهۆك بە (ژیان)ی وت "گۆڕان بزوتنەوەیەكی خۆبەخشەو كاندیدەكان خۆبەخشن‌و هیچ بڕە پارەیەكیان لەبزوتنەوەی گۆڕان وەرنەگرتووە".

وتیشی "ئەوەی گۆڕان بۆ كاندیدەكانی كردبێت خۆی لەبابەتی مەوادی لۆجیستی دەبینێتەوە كە بریتییە لەچاپكردنی 500 دانە پۆستەر بە قەبارەی بچوكی A4 بۆ هەر كاندیدێك".

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لەماوەی رابردوودا لەژێر فشاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆی سێ‌ كاندید دوانیان كشانەوە، تەنها بانگەشە بۆ یەك كاندید دەكەن.

عەبدولرەقیب جادر، كارگێڕی راگەیاندن‌و هەڵبژاردن لەمەڵبەندی دووی كۆمەڵ بە (ژیان)ی وت "لەدهۆك لەكۆی سێ كاندید تەنها بانگەشە بۆ یەك كاندید دەكەین و زیاتر لەهەزار پۆستەرو لافیتەمان بۆ دروستكردوەو بەشێك لەوانە لەكوردستان چاپمان كردووەو هەندێكی تر لەوڵاتی چین".

وتیشی "كەمتر لە 2 ملیۆن دینارمان داوەتە كاندیدەكەمان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن".

یەكێتی لەهەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا یەك كورسی لەپارێزگای دهۆك بەدەستهێنا، بەوتەی بەرپرسانی ئەو پارتە لەو سنورەدا 30 بۆ 35 هەزار دەنگی جێگیریان هەیە.

دڵدار زاخۆیی، جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لەبادینان بۆ (ژیان) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە"بانگەشەی ئێمە لەدهۆك سێ قوناغە، قوناغی یەكەم بەشێوەیەكی هێمنانە بانگەشە دەكەین، قۆناغی دووەم بە گڕوتینێكی بەهێزتر دەبێت، قوناغی سێیەم‌و كۆتایی وەكو جۆرە‌ هێرشێك بانگەشە دەكەین".

وتیشی"هەر كاندیدێكی ئێمە زیاتر لە 3 هەزار پۆستەری دروستكردووەو بۆ لیستی یەكێتی ژمارەیەكی زۆر لەپۆستەرو لافیتەو بزنس كارتمان ئامادەكردووە".





بەڕیوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم:ڕۆژانە ٢٠ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدەینە هاوڵاتیان
کۆمسیۆن:ئەنجومەنی کۆمسیاران ٦١٤ سکاڵای ڕەتکردۆتەوە
سلێمانی: خوێندکارانی پزیشکی گردبونەوەیان ئەنجامدا
کەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەینێ
ئەو بڕیارەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی گستی ڕەگەزنامەی هەرێم دەرکرابوو ڕاگیراوە
موچەی خانەنشینان دابەشدەکرێت
دواین زانیاری لەسەر دادگایکردنی دەمیرتاش
مەسعود بارزانی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
پارتی: بۆئەوەی هەڵبژاردن له‌كه‌دار نه‌بێت، نه‌رمیمان نوواندووه‌
دەستلەکارکێشانەوە لەناو گۆراندا بەرپرسانی باڵا دەگرێتەوە

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە