پارتەکەی پارتان لە گەمژەییەوە بەرەو تیرۆری هزر
PM:04:48---25-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین: هەوار جەمال سابیر – سۆران محەمەد غەریب

کلتوری خۆیەکسان کردن بە حەق و ڕەتکردنەوەی بیری بەرامبەر بە هەموو شێوەیەک لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت ئاکارێکی ناتەندروستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگایە، بەڵام مەترسی گەورە لەم ئاکارە ناشیاوە لەو کاتەدا زۆر بەزەقی دەردەکەوێت و زیاتر ترسناکتر دەبێت کە هەنگاوەکانی پێ بە پێ مل بکێشێت بەرەو کایەیەکی بەرفراوانتر و لە تاکەوە بپەڕێتەوە بۆ دەستە و تاقم و ڕێکخراوی سیاسی لە ناو کۆمەڵگا یان گەل یان نەتەوە...هتد.

یەکێک لەو نێوەندانەی ئەم دیاریدە ترسناکەی تیادا زاڵە لەم تریتۆریایەی ئێمەدا پارتە ڕامیاریەکانن. بەجۆرێک ئەم خۆ یەکسان کردنە بە حەق و خۆ بەچەقی حەقیقەت بینیە زۆر بە خێرایی سنوری گەمژەیی و نەزانی تێدەپەڕێنێت و سەردەکێشێت بۆ تیرۆری هزریی تا دەگاتە ئاستی پاکتاوکردنی جەستەیی و قەڵاچۆکردنی بەرامبەر.

مۆدێلی (پارتی پارتان) بریتییە لە مێژوو ڕەتکردنەوەو خۆدانان بە سەرەتاو کۆتایی حەقیقەت و مێژوو، لێرەوە ڕەوایی بەخۆدانی ڕەها دەبێتە کلتوری ئەم مۆدێلە، بەئامانجی قۆرخکردنی دەستکەوتەکانی ئازادیی بۆ دەستەبژێرێکی باڵادەست و بێبەریکردنی جەنگاوەرە راستەقینەکانی ڕێگەی خەباتی سەخت و قوربانیەکانی، لە مۆدێلی پارتی پارتاندا ئازادی دەکرێتە سەرمایەی کەمینەیەک و منەت لە سەر زۆرینەیەک. لە هزری پارتی پارتاندا تا ئەو کاتە تۆ نیشتمان پەروەریت کە لەگەڵ ئەویت وبە هەمان بیرکردنەوەکەی ئەو بیر دەکەیتەوە، بەڵام هەر کە بویت بەخۆت یاخود وەکو خۆت بیرت کردەوە ئیدی لە دیدی ئەودا تۆ ناپاکیت و و بە جوڵێنراوی دەستی دەرەکی ناوزەد دەکرێیت ئەمەش سەرەتای ڕەوایەتیدانە بە تیرۆری هزری و پاشان جەستەیی.

گەر لاپەڕەکانی مێژوویی سەدەی ڕابردو و سەرەتای ئەم سەدەیە هەڵبدەینەوە زۆر بە خێرایی گوزەر بکەین بە ناو ئەو مێژوەی کە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و دەوڵەتی عێراق بە تایبەتی و بە تایبەتریش کوردستانی باشور ئەم دیاردە قێزەونەمان دێتە بەر دیدە و لە ڕابردودا بونی هەبوە و  بەشێوەیەکی بەربڵاو دەبینرێت، بۆ نمونە لە دوای ڕوخاندنی یەکەم ڕژێمی کۆماریی دوای پادشایەتی کە دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم بوو بە دەستی قەومیە توندڕەوەکان و بەعسیەکان ، ئەم کۆمەڵە خۆیان وەک پارتی دایک (پارتی پارتان) دەبینی خۆیان بە پاڵەوان و ڕزگارکەری گەلی عێراق دەزانی. دیارە چاوگەی ئەم بیرە تەسک و بێ مانایە لەوەوە هەڵقوڵابوو کە ئەوان تاکە پارتێکن دەتوانن ببنە جێگای متمانە و بەدیهێنەری خەونی ملیۆنەها کەسی ناو عێراق و تەنانەت تەواوی نەتەوە و نیشتمانی عەرەب. بە مانایەکی دی ئەوان هەموو شتن و خەڵکی و هێزەکانی تر هیچ. ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە حیزبی بەعس هەڵگری هەموو پەیامێکی ڕاستیە و حەقیقەتی ڕەهاش هەر لای ئەوانە و هەر ئاراستە و ڕێبازێکی دەرەوەی ئەوان یاخود پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئەوان ناپاکی و تێکدانە و ڕەوایە کە لە ناو ببرێن. ئیدی ئەم هەنگاوانە لە گەمژەیی ڕەتکردنەوەی ڕەهای بەرامبەرەوە ملی کێشا بۆ پاکتاوکردنی ئەندامان و هاوڕێبازانی خۆیان و دواتر بەرپاکردنی چەندین جەنگ و پاکتاوکردنی ڕەگەزی کوردانی بە دوای خۆیدا هێنا.

ئەم وێنەیە لە شێوازی بیرکردنەوە بە کوردستان نامۆ نیە و بە بونی هەندێک جیاوازی کەمەوە، دەنا بیرکردنەوە ئا بەم جۆرە و بە هەمان شێوە بونی هەیە و ڕۆژ بەڕۆژ لە تەشەنەسەندندایە. کە چەند ڕەوتێک بنچینەدا خۆیان لە بەرپەرچدانەوەی ئەو شێوازە لە گەمژەیی و تیرۆری هزرەوە دروست بون کە حیزبی بەعس و ئەوانەی پێش ئەوان بەرهەمیان هێنابوو. پاشان خۆشیان بە هەمان هەناسەوە کاریان پێ دەکرد و تا ئێستاکەش ئەم دیاردە بێزراو و ترسناک و ناپەسەندە بەردەوامی هەیە کە دەتوانین بڵێین بە خاڵێک دەست پێدەکات لەسەر هێڵێک، بەڵام تیشکێکی بێ کۆتایە و دوایی نایەت. تەنانەت ئەم جۆرە لە بیروباوەڕی پڕ لە گومڕاییەی دەگاتە ئاستی ئەوەی ژیان و بژێوی و ئازادی و تەواوی پایەکانی دیموکراسی مەرجدار بکرێت بە بوون و مانەوەی ئەو بیرە سیاسی و حیزبیەی کە هەرگیزا وهەرگیز ناکرێت خۆی لە تۆزقاڵێکی ئەم پرسانەدا ببینێتەوە لەڕووی جێکەوتەکان . ئەگەر ڕاستگۆیانە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین کە هیچ هێزێک هەرچەندە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و ماف زەوتکار و درۆزان... هتد بێت ناتوانێت خۆی لەم ئاستەدا بخوێنێتەوە، تەنها لە ڕێگەیەکەوە نەبێت ئەویش ئاوێنەیەک لەبەردەم ڕوخساریدا ڕابگیرێت .. بکەر و نیشاندەرەکانی ڕووی ڕاستی ئەم ڕوخسارە ناشرینانە بە خەڵکانی دڵسۆز و بوێرەکانی ناو هێزە سیاسیەکان دەکرێت کە ئامادە نین مێگەل ئاسا لەگەڵ مل کەچەکانی حیزبدا ڕێ بکەن یاخود لە ڕێگای چاودێرانی سیاسی لە توێژە جیاوازەکاندا.

ڕابردومان زۆر شتی خستۆتە بەرچاومان لەم هزرە بێ مانایە کە هیچ هێزێک بەدەر نابێت لێی.. لەوانە گەمژە  و تیرۆرستێکی پارتێک دێت و پێمان دەڵێت گەر ئێمە نەبوینایە کەس کوردی نەدەناسی... کورد چی بوو..؟ گەمژە و تیرۆرستێکی دی دێت و پێمان دەڵێت گەر ئێمە هەرەسمان بە هەرەس نەهێنایە ئێوە چی بون و ئێوە کێن...؟ ئێوە لە ناوچوبون...! گەمژە و تیرۆستێکی دیکە دێت پێمان دەڵێت گەر سەرۆکەکەی ئێمە نەبوایە ئێوە دەبوو خەون بەو ئازادیەوە ببینن کە بونی هەیە...! دەبێ ستایشی ئێمە بکەن کە لە دەست گەمژەکانی پێشو قوتارمان کردون...! ئێستا واقوڕماوین نازانین چۆن کار بکەین بۆ ئازادی ..؟ چونکە هەر گەمژەیەک دێت و خۆی دەکات بە خاوەنی..! با ئەوە لە بیرنەکەین کە هەر ئێمە جەنگاوەرە ڕاستەقینەکانی ئازادین و هەمیشە منەتباری ئازادین... ئازادیەک تاوەکو ئێستاکە بۆی دەجەنگێین و هێشتا پڕ بە ناخی خۆمان بە دەستمان نەهێناوە.

ئەوەی جێگای سەرنجدان و تێڕامانە لەم هاوکێشە پڕ لە گاڵتەجاڕیەدا نەبونی بەرخودان و تێکۆشان و شەهیدانی ئازادیە کە لە زۆترین کاتدا ئەوانەن لە دەرەوەی بیری وشکهەڵاتو و گەندەی ئەم حیزبانەن لە هەر قۆناغێکدا لە قۆناغەکان بە ناشیاوترین کاری مرۆڤانە زۆر دڕندانە کەوتونەتە بەر شاڵاوی تیرۆری هزرەوە تا دەگاتە تیرۆری جەستەیی.

بە پێوەرەکانی ئەم پارتانە  (پارتی پارتان) بۆ نمونە: باژێڕێکی وەکو شاری سلێمانی کە هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو لە ڕابردودا بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و چالاکی تیادا هەبوە ئایا ڕەوایە هەموو دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی پێش ڕاپەڕین(بەحیزبی بەعسیشەوە) منەتی ئەوەی لەسەر بکەن کە کاتی خۆی لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیان خەڵکی بەردەوام خۆپیشاندانیان کردوە.
ئەم جۆرە لەبیرکردنەوانە ئەوە دەردەخات کە گەلی کورد خاوەنی سەروەریەکانیان نین، بەڵکو خاوەنداری دەگەڕێتەوە بۆ ئەم پارتانە. ئەمە لە کاتێکدا ئەم گەلە بە بێ بچڕان و دابڕان لە خەباتی سەختدا بوە بۆ بەدیهێنانی پانتاییەکی فراوان و لەبارکردنی زەمینە بۆ ڕەخساندنی ئازادی بۆ تاکەکان و کۆمەڵ.

ئەم جۆرە لە گوتارە بێ چێژ و دوور لە ژیربێژیانە مەرامی خۆی هەیە و ئامانج لێی گەمژاندنی خەڵکیە و درێژ کردنەوەی هزری نزم و بێ ئاستی پارتەکەی پارتانە بەوەی ئەو دەنگە نەشازە بداتە گوێی خەڵکی کە هاوڵاتیان لەم ناوچەیە بە پارتی پارتانەوە هەموو شتن و بەبێ ئەوان هیچن. مەبەست لەمەش خۆنمایش کردن بە ڕوخسارێکی جوان و خۆ وێناکردن بە پارتێکی نمونەیی کە لە ناوەخندا پوچەڵ و بێزلێکراوە.

دوای ئەم هەموو گوتارانە ئەگەر بێت و گوتارێکی ڕاستگۆیانە نەیەتە ئاراوە کە لێکەوتەکانی هەڵقوڵاوی هزری دروست و پایەکانی هەڵگری بیری بابەتیانە بێت، ئەوا ئەم جۆرە هزرە مەترسیەکی ترسناک دەخاتە بەردەم گشت ئەو هێز و حیزبانەی کە لە کاتی ئێستادا خۆیان کشاندوە بۆ پارتە هەرە نوێیەکان بەوەی خۆیان وێنا بکەن بە ڕزگارکەر و پارتی نمونەیی.




زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە