هۆشداریەک بۆ دادوەرە گەندەڵەکان پارێزەر
PM:05:12---30-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 3923 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین: پارێزەر/ سۆران محەمەد غەریب
 کاتێک گەندەڵی هەبێت گومان لەوە ناکرێت دەبێت دژە گەندەڵیش هەبێت ... لەبەرامبەر ناداپەرەوەرەکانیش دەخوازێت کەسانی دادپەرەوەر هەبن بۆ بەگژداچونەوە ... مەرج نیە ئەوەی دادوەر بێت و بڕیار بە دەست بێت لەشوێن کاریدا کە دادگایە کەسانی دڵسۆز و دادپەرەوەر بن ، لەبەر ئەوەی ئەم باسە پرسێکی ڕێژەییە و لە دادوەرێکەوە بۆ دادوەرێکی تر دەگۆڕێت ... دادوەر هەیە هێندە دادپەرەوەرە هەموو گەنجینەی ئەم جیهانەی پێ ببەخشیت ئامادە نیە تۆزقاڵێک لە بنەماکانی دادپەروەری لابدات ، بەرامبەر بەمە دادوەر هەیە لەبەر بەرژەوەندی خۆی لە پێناو دەستکەوتێکی کەسی هەمیشە لەسەرپێ ئامادەیە تا هەموو یاساکانت بۆ بشکێنێت و مافدارت بۆ دەکات بە بێ ماف و ڕەشت بۆ دەکات بە سپی و ئەوەی هەیە و نیە لە دادپەرەوەری بۆت هەڵدەگێڕێتەوە تا مەبەستێک یاخود مەرامێکی تایبەتی خۆی بهێنێتە دی.

 بەمەش دادگا لەبری ئەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ دادپەرەوەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و سزا سەپاندن بەسەر تاوانکاردا دەبێتە گۆڕەپان و وێستگەیەک بۆ تۆڵەکردنەوەی لە خەڵکی خاوەن ماف و پێشێلکردنی یاسا و گاڵتەکردن بە مانا شکۆدارەکانی دادپەرەوەری.

 هەروەکو باسمکرد لەسەرەوە مەرج نیە ئەوەی دادوەر بێت .. ! دادپەرەوەر بێت ، بە تایبەتی لە هەرێمێکی وەک کوردستانی باشور کە تەواوی ئەم دەسەڵاتە دادوەریە بە دەست چەند کەسانێکەوە داڕزێندراوە و ڕۆژ بەڕۆژ نەک هەر باری لەباربونی ئەوەی تیادا نیە بەرەوپێش بچێت ، بەڵکو پەیتا پەیتا لە ئیفیچ بونەوە و بەرەو ئیفلیجتر دەچێت و نوشستی دەخوات . هۆی ئەمەش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم دامەزراوەیە کراوەتە ئامراز بە دەست چەند کەسێکی دیاریکراوە و بە ئارەزوی خۆیان ئەوەی کە بیانەوێت ئەوە دەکەن لە جیاتی ئەوەی کە دادپەروەری بیخوازێت . کەسەکان دیارن و ڕۆژانە لە دادگاکاندا بونیان هەیە ، وەلێ جێگای داخە کەمترین دەنگ لە ناو ئەم دەسەڵاتەدایە لەبەر ئەوەی هەر کەسێک قسە لەسەری بکات و ڕەخنەی لێ بگرێت ئەوا ڕوبەڕووی سزای جۆراو جۆر دەبێتەوە . جا ئەگەر دادوەر یان پارێزەر یان مافناس و فەرمانبەر بێت.

 ئا لێرەدا وتەم لەسەر ئەوانە نیە کە بەشێکن لەناو ئەم دەسەڵاتە دادوەریە و لەوەی کە هەر بە ناو بە خێزانی دادوەری دادەنرێت ، لەبەر ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ناو ئەمانەدا خەریکی ماستاوکردن و خۆبەرەوپێش بردن و سیخوڕی کردن بۆ دادوەرە گەندەڵەکان . بەمانایاکی تر ...بەشێکی زۆر لەو کۆمەڵەن کە بونەتە شوێن قایم بونی دادوەرە گەندەڵەکان . لەکاتێکدا من وەکو پارێزەرێک بە بەردەوامی بێ بچڕان خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی گەندەڵیم ، بە سەدەها پارێزەر و مافناس خەریکی هەواڵ گەیاندن و چاڵ هەڵکەندنن بۆم ، هەر ئەوانە بونەتە تەتەری گەندەڵەکان.

 جا ئەگەر پارێزەر بێت تا لە داواکانیدا کار ئاسانیان بۆ بکرێت وەکو پاداشت یان بەشێوەی تر کاریان جێبەجێ بکرێت . ئەگەر مافناس بێت بەرزکردنەوەی پلەی بۆ مسۆگەر بێت یان لە دواڕۆژدا پشتگیریان لێ بکرێت تا ببن بە دادوەر ... هەر هەموو ئەمانە دەزانم و ئاگاداری تەواوی ئەم خەڵکە ڕیسوا و ناپەسەندانەم ... بۆیە زۆر بێ منەتانە لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی دادوەریدا لە بەرامبەر گەورەترین و بە دەسەڵاتدارترین ئەو دادوەرانە وەستاومەتەوە کە پێشتر دەیەها لاپەڕەی گەندەڵیم لەسەریان بڵاوکردۆتەوە ئەمە لە کاتێکدایە یەک پارێزەر بونی نیە نەک بەم کارە هەستێت ، بەڵکو ناتوانن ببنە هاوکارێکی بچوکیش لەم ئەرکە پیرۆزەدا ، چونکە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لا پیرۆزترە نەک دادپەرەوەری . ئینجا ببین چۆن بە شێوازێکی تر ئاراستەم وەرگرتوە لەو ستەم و نادادپەروەریانەی کە دادوەرە گەندەڵەکان لە پێشودا لەدژم کردویانە و لەڕێگای هۆشداری پێدانیان لەبەرواری ٢٣ / ١ / ٢٠١٨ کە ئاراستەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کردوە . بۆ زانیاری خوێنەران ئەم هۆشداریە پێش زیاتر لە (٣) مانگ زیاترلە ڕێگای دادنوسی سلێمانیەوە ئاراستەم کردون ، بەڵام ئاگادارنەکراونەتەوە لەبەر ئەوەی ئەو فەرمانگەی ناوبراو هەر لە سەرەوە تا خوارەوە تەنانەت پێياگەیاندەریش نەیوێراوە ئەم هۆشداریە ڕادەستی ئەم دوو دادوەرە بکات . بۆیە پاش چاوەڕوانیەکی زۆر ئەم بابەتەم درەنگ بڵاوکردۆتەوە . ئەم هۆشداریە لە ڕێگای ئەم هۆکاری ڕاگەیاندنەوە پێیان دەگەیەنم .. دەبێت خوێنەر ئاگاداری ئەوە بێت کە لە ساڵانی ڕابردودا لە ڕێگای پارێزەرێکی ترەوە هۆشدارەیەک ئاراستەی سەرۆکی دادگای سلێمانی کراوە ، کەچی لە جیاتی ئەوەی ڕێز لە پێڕاگەیاندەرەکە بگرێت و خۆی لێ توڕە کردوە بە ناشیاوترین شێوە و وێنەی هۆشداریەکەی لەتوکوت کردوە . درێژەی ئەم هۆشداریە لە خوارەوە بخوێنەوە لەگەڵ وێنەیەک لە هۆشداریەکە وەکو بەڵگە ...

هۆشداری لە ڕێگای بەڕێز دادنوسی سلێمانی:

 هۆشداریکار: پارێزەر/ سۆران محمد غریب سالح - ژووری پارێزەرانی سلێمانی.

 هۆشداری بۆ کراوان : ١- دادوەر (لطيف عثمان شريف) - سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی - سەرباری کارەکەی. ٢- دادوەر (خدر حسن محمد) - جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی - سەرباری کارەکەی.

 شێوەی هۆشداریەکە: لاتان شاراوە نیە دادگا گۆڕەپانێکە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و سزا سەپاندن بەسەر تاوانکاردا . ئەمە ئەگەر یاسا وەکو ئەوەی کە بونی هەیە دەقا و دەق پیادە بکرێت. خۆ ئەگەر یاسا بە شێوازێکی تر و بە ئاراستەی خۆی لە پیادەکردندا بە لاڕێدابرا ئەوا نە یاسا مانای دەمێنێت و نە پێویست بە شوێنێک هەیە پێی بگوترێت دادگا. دەخوازێت کەسانی وەک خۆتان ئاسا زیاتر وابەستەی یاسا بن نەک یاسا بشکێنن و داتاشینی تیادا بکەن بەویست و ئارەزوی خۆتان هەرچیتان بوێت بیکەن . سەرچاوەی ئەم هۆشداریەم خەم خۆریە بۆ دادپەرەوەریەکی ڕاستەقینە نەک دادپەروەریەکی ساختە و ڕوپۆشکراو.

 ئەوەی بینیومە و بەردەوام دەیبینم دادگاکان کراونەتە کانگایەکی هەڵقوڵاو لە ستەم ، هەر بۆیە ئەم هۆشداریەتان ئاراستە دەکەم مەبەستیشم تەنها دڵسۆزی و پەرۆشیمە بۆ داداگا و دادپەروەری تا کۆتایی بهێنرێت بەو گرژیەی کە دادگای گرتۆتەوە ، چونکە بە بەڵگەوە ئەم کارانەتان لە پێشێلکردنی یاسا و هەندێ کار دەکەونە ژێر کردەی تاوان کردن کە دەرهەقم ئەنجام دراوە کە هەندێکیان دەخەمە ڕوو:

١- لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ سکاڵاتان لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی لە دژم جوڵاند بەمەش تەواوی یاسا و ڕێسایەکتان شکاند لە دادپەروەری بەم شێوازانەی خوارەوە:

 ‌‌أ- داوایەکتان لەسەر تۆمار کردم گوایا من قسەی ناشیاوم ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری و دادوەران کردوە ئەمە لە کاتێکدا من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ هیچ دادوەرێکدا نیە ئەوانەی گوتوتانە هەر هەمووی دوورن لە ڕاستیەوە ، چونکە من تەنها بەڵگە گەندەڵیم ئاشکرا کردوە کە زۆربەیان لەسەر ئێوەن کە لەو بەڵگانە هیچیان نە ساختەن و نە هەڵبەستروان ئەوانەش بەڵگەن نەک قسە . کەچی (یەکێتی دادوەرانی – لقی سلێمانی) دواتر (یەکێتی دادوەرانی هەرێم)یشتان هاندا تا ببنە سکاڵاکار تا لەم ڕێگایەوە پەردەپۆشی ئەو بەڵگانەی گەندەڵی بکەن کە لەسەرتانە.

ب- دوو سکاڵاتان لەسەرم تۆمارکرد تا بێدەنگیم بە دەست بهێنن و چی تر لەسەرتان نەنوسم و بەڵگەکانی گەندەڵی بڵاونەکەمەوە ، هەر بۆیە داوای وەرگرتنی (پاکانەتان) لێکردم ئەویش بە ئاگاداری دادوەری خانەنیشنکراو بەڕێز (عوسمان قادر) کە سەربەرزم بە هەموو هەنگاوێکی ئەو بەڕێزە ، بەڵام لەبەر ئەوەی داواکاریەکەتان دوور لە هەموو ئاکارێکی دادپەروەری بوو ، تەنانەت مانای زۆری دەبەخشی سەرباری ئەو لایەنەی کە دادپەروەری لە هەموو شتێکی تر بە شکۆتر دەبینیم بۆیە بێ یەک و دوو بەرپەرچی ئەوە داواکاریەم دایەوە.

ج – لەو سکاڵایەدا چەندین ڕێکاری نایاسایتان دەرهەقم کرد بە شکاندنی پارێزبەندی (حصانة)ی یاسایی بەوەی فەرمانی دەستگیرکردنتان بۆ دەرکردم بێ گەڕانەوە بۆ (سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ) لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە پارێزەر (پارێزبەندی) هەیە ، بەڵام بە داتاشینی یاسایی نادروست دادوەری لێکۆلینەوەتان هاندا ئەو کارە نایاساییە بکات و چەندین ڕێکاری نایاسایی تریشتان پێ جێبەجێکرد تا مەرامی خۆتان بهێننە دی هەر لە فەرمان بەسەر دادوەری لێکۆڵینەوەدا بە ڕاگیرکردنم تا دەگاتە یاری کردن بە دەقە یاساییەکان تا سەرم پێ نەوی بکەن بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی دادپەروەری . 2- یاسا جێبەجێکردن و پیادەکردنی هەر لەخۆتان دێت ، بەکام یاسا و لە کوێی یاسادا ئەوە جێگای دەبێتەوە (ڕکابەر خۆی ببێت بە دادوەر) بۆ کێشەیەک کە خۆی تیایدا لایەنێکی کێشەکە بێت و بڕیار بۆ خۆی بدات ..؟ ئایا ئەوە نازانن..؟ ( لايجوز الجمع بين الخصم و الحكم ) ئاوەها بە زەقی و بە ئاشکرا پێشێل و سەرپێچی یاسا دەکەن ... ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت ... وەڵامی خۆی دەبێت ...!! 3- ئاگاداری تەواوی ئەو جموجۆڵانەتانم بەوەی چ کارێکتان کردوە کە دژی یاسایە ، باش ئاگادارین کە لە ڕێگای (هاککەر)ەوە چونەتە ناو ماڵپەڕی(فەیسبوکی) من و فەرمانبەر (هەستیار ووشیار)ەوە تا شتێک بە دەست بهێنن و دواجار بیکەنە بیانوو تا بیگرن بە دەستانەوە بۆ دروست کردنی تاوان لەسەرمان . بەس ئەو کەلێنانەی کە بیرتان چوە:

 • ئایا چونە ناو بەشی نامە(مەسنجەر)ەوە پێشێلی ئازادی و مافی تاکە کەس ناکات ..؟

 • ئایا کێ مافی ئەوەی داوە بە ئێوە ئەم دەسەڵاتانە بە خراپی بەکاربهێنن ..؟
 • ئایا کەسێکی ئاسایی ئەگەر ئەمە بکات تاوانە یان نا ..؟ ئینجا نەخوازە کەسەکە دادوەر بێت ..؟
 • باش دەزانین ئەو (هاککەر) کێیە .. ! ئایا لە کوێوە هێناوتانە تا ئەم کارەی پێ بکەن بەرامبەر بەچی ؟ دەبێت ئەوە بزانن ئەو ڕێکارە تەواو نایاساییە و بە تاوان دێتە هەژمارکردن و مایەی لێخۆشبون نیە . هەربۆیە داواتان لێ دەکەم چی دی دادگاکان بە دوور بکەن لە ستەم و کار لە پێناو مافدا بکرێت ، نەک پێشێل کردنی بکرێت ، بە پێچەوانەوە هەموو ڕێکارێکی یاسایتان لە بەرامبەر وەردەگرم لە شوێن و دەزگای هەمە لایەنە، بۆ ئەو کار کردوانەتان کە ڕابردودا کردوتانە مافی خۆم بە سکاڵا و داوا دەپارێزم و لە هەموو ئەو کارانە دەخەمە بەردەستی لایەنە بەرپرسەکان تا لێپێچینەوەتان لەگەڵدا بکرێت ، هەروەها سەکۆی ڕاگەیاندنەکان ئاگادار دەکەمەوە لە پێشێلکاری و هەندێ نهێنی و بەڵگەی تریش لە هەر کاتێکی گونجاودا بمەوێت.

(( هۆشداری بۆ کراو بیانوی نامێنێ ))

 هۆشداریکار پارێزەر/


 سۆران محمد غریب

 ژمارەی پێناس / ٨٧٧ لە ٣٠ / ٨ / ١٩٩٥

دەرچوو لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان



دادوەرە گەندەڵەکان هەڕەشە دەکەن و بەرەو کوێ دەڕۆن؟
هۆشداریەک بۆ دادوەرە گەندەڵەکان پارێزەر
پارتەکەی پارتان لە گەمژەییەوە بەرەو تیرۆری هزر
گەمژەکان لەسەر میراتی ئەژین
دادوەرە گەندەڵەکان دەبێت دادگایی بکرێن نەک ئێمە ..؟
رۆژی شەهیدانی یەکێتی و چەند قسەیەک!
لە ساڵیادی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دادگاکانی هەرێم
لە دوای سزادانی دادوەران(سەردار و تەها).. کام دادوەر سزا دەدرێت ..؟
‎کابینەکەی دکتۆر میران
لاهور و ئەوانیدیكە:
دوو دیمەنی ساتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە