پارتی بەم مەرجانە ئامادەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
PM:05:02---05-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 3050 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
هەوڵێك لەئارادایە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا نە كۆمسیۆن‌و نەحزبەكانیش لەسەر دواخستنەكەی رێكنەكەوتون.

لەكۆبوونەوەی رۆژی 9ی7ی2018ی سەرۆك فراكسیۆن‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان، بۆچوونی بەرپرسانی كۆمسیۆن وەرگیراوە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت. 

لەكۆبوونەوەكەدا عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان پرسیاری ئەوەی لەسەرۆكی كۆمسیۆن كردووە كە بۆ دواخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان چەند كاتیان پێویستە.

لەكۆبوونەوەكەدا هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی پرسیارەكەی ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان وتویەتی ئەگەر 25 رۆژی دیكە مۆڵەت بدەنە كۆمسیۆن ئەوا دەتوانن هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدەن.

دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنامەی(ژیان)ی وتووە"داواكردنی مۆڵەتی تەنها 25 رۆژ بۆ ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی كۆمسیۆنەوە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان جێگەی تێڕامان بووە بۆیە داواكراوە بەنووسراوی رەسمی ئەو بابەتە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت". 

دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە كە سەرجەمی پارت‌و قەوارە سیاسییەكان لیستی كاندیدانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە. 

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، رەتیدەكاتەوە داواكاریی دواخستنی هەڵبژاردنەكە لەكۆمسیۆن كرابێت‌و بە ڕۆژنامەکەی وتووە"هەموو رێكارە یاسایی‌و ئیدارییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە30ی ئەیلول گیراوەتەبەرو ئامادەكاری لەلایەن حكومەتەوە كراوەو كۆمیسیۆنیش ئامادەكاری خۆی كردووەو وەك پارتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بكرێت". 

وتیشی "هیچ هۆكارێكی بروا پێهێنەر نابینین لەلایەن ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنیان كردووە ئەم هەڵبژاردنەش هەڵبژاردنێكی درەنگ وەختەیە نەك پێشوەختە تا قسە لەسەر ئەوە بكەین وادەكەی چی وادەیەك بێت".

لەرۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان‌و بەرپرسانی كۆمسیۆندا هەموو لایەنەكان داوای ئەوەیان كردووە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان بەیەكەوە بكرێن، هەم لەبەر خەڵك هەم لەبەرئەو پارەیەی لەپرۆسەكەدا خەرج دەكرێت، هۆكارێكی دیكەش بۆ حزبەكان گەڕێنراوەتەوە لەوەی كە ماندوبون لەئامادەكاری بۆ پرۆسەكانی هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك‌و بۆ ئەوەش بەریەككەوتنی هێزە سیاسیەكان تۆزێك كەم بێتەوە كە هێشتا بەریەك كەوتنەكان بەهۆی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق تەواو نەبووەو دووبارە لایەنەكان دەچنەوە بەریەككەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

هەریەك لە شێركۆ جەودەت پەرلەمانتاری یەكگرتو و شێركۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری گۆران‌و سۆران عومەر لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئاری عەبدولەتیف لە بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ (ژیان) ئاماژەیان بەوەكرد كە حزبەكەنیان لەگەڵ ئەوە نین كە هەڵبژاردن دوابخرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆیان كردوە‌و پارتی لەبەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردندا چەند مەرجێكی دیاریكردوە، ئەویش ئەوەیە پێشنیاری كردوە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پارێزگاری كەركوك‌و سەرۆككۆمار بكرێنە یەك پاكێچ، بەجۆرێك سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی لەبەرامبەردا پارێزگای كەركوك بۆ پارتی‌و دوو ساڵیش تەمەنی پەرلەمان درێژبكرێتەوە‌و تێیدا دەستور تێپەڕێنرێت بەجۆرێك بێت بەپێی یاسا دوو خولی دیكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ پارتی مسۆگەربێت، بەڵام تائێستا یەكێتی بەم پێشنیارانە ڕازی نەبووە.
بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) پارتیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نیە، بەڵام دەیەوێت هۆكاری دواخستنەكەی بخاتە ئەستۆی یەكێتی‌و گۆڕان‌و ئیسلامییەكان، چونكە بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگی ئەو حزبە كەمیكردوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا  (723،830) دەنگی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا (743،984 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، ئاستی دەنگەكانی نزیكە ( 20،000 ) دەنگ كەمیكردووە.

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان باسوخواسی دواخستنی هەڵبژاردن وەك هەوڵێك بۆ دوودڵیكردنی دەنگدەرو بێئومێَدكردنی خەڵك لەپڕۆسەی دەنگدان لێكی دایەوە. 

شیروان زرار، بە (ژیان)ی وت"وەك كۆمسیۆن هەموو ئامادەكارییەكمان كردووەو پارەیەكی زۆر لەو پڕۆسەیەدا خەرج كراوەو لەڕووی تەكنیكییەوە هیچ گرفتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لەئارادا نییە". 

وتیشی "دواخستنی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندایەو بەپێی یاسا دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان نییە كە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بگۆڕێت". 

جەختی كردەوە "كۆمسیۆن هیچ وادەیەكی دیاری نەكردووە بۆ پێكەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەو هۆیەی ئەو دوو هەڵبژاردنە لەڕووی تەكنیكییەوە زۆر جیاوازن لەیەكتری".



دواین زانیاری لەسەر دادگایکردنی دەمیرتاش
مەسعود بارزانی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
پارتی: بۆئەوەی هەڵبژاردن له‌كه‌دار نه‌بێت، نه‌رمیمان نوواندووه‌
دەستلەکارکێشانەوە لەناو گۆراندا بەرپرسانی باڵا دەگرێتەوە
نەوەی نوێ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەتدەكاتەوە
پێشمەرگەیەک منداڵێکی خۆی بە ئۆتۆمبێل شێلا
یەکگرتوو: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند ناکەین
وتەبێژی یەکێتی:ڕازین بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوەیە
کەش و هەوای ئەمڕۆ و سبەینێ
خۆپیشاندانی خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی لە دهۆک دەستیپێکرد

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە