بەغداد: پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن لەئانوساتدایە
PM:04:46---19-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 610 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن لەنێوان لایەنە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی عێراق، نزیكبۆتەوە و هێشتا كورد خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە.

ئەندامێكی هاوپەیمانێتی ئەحراری سەر بەرەوتی سەدر لەبارەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن بە (ژیان)ی وت "ئەو هاوپەیمانیەتیەی كەبەنیازە رابگەیەندرێت پێكدێت لە لیستی سائیرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لیستی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم و هاوپەیمانی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، بریارە لیستی كوردستانیش لەم هاوپەیمانیەدا بەشداربن و هاوپەیمانیەتیەكە وەك گەورەترین هاوپەیمانیەتی رابگەیەندرێت بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق".

زەینەب خەزرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی ئەحراری سەر بەرەوتی سەدر بۆ (ژیان)ی روونكردەوە "ئێران لەدوای توندكردنی سزاكانی سەری لەلایەن ئەمریكاوە چانسی دەستوەردان و كاریگەری بوونی لەئایندەی عێراق و پێكهێنانی حكومەت بەویستی ئەو كەمبۆتەوەو ئەم هاوپەیمانیەتیەی كەبریارە رابگەیەندرێت دەبێت وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكاش پێی رازی ببن، چونكە نوێنەرایەتی تەواوی عێراقیەكان دەكات". 

پێدەچێت هەفتەی داهاتوو هەفتەیەكی گەرموگوڕی گفتوگۆی لایەنە سیاسی و قەوارە براوەكانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، لەو چوارچێوەیەدا وەفدێكی پێكهاتوو لە پێنج هێزی براوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی فراكسیۆنە گەورەكە گفتوگۆ بكەن. 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە تاوەكو ئێستا كورد خۆی ساخنەكردۆتەوە بەبڕوای ئەو لایەنە كوردییەكان لەگەڵ فراكسیۆنە گەورەكەدا دەبن. 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بە بەهێزی پێگەی ئێرانییەكان كرد لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بەراورد بەئەمریكییەكان و بە (ژیان)ی وت "فراكسیۆنەكەی عەبادی لەئەمریكییەكان نزیكە و عەبادی بەوە ناسراوە كە ئەو كاندیدی ئەمریكیەكانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی و جگە لەعەبادی هەموو لایەنەكانی تری شیعە لەئێرانەوە نزیكترن تا لەئەمریكا".
 
وتیشی "من لەو بڕوایەدام كە لەكۆتایدا لایەنە شیعەكان رەنگە باشتر رێكبكەوون لەسەر مەسەلەكان و كاندیدێك هەڵدەبژێرن كە تا ئەندازەیەك تەوافوقی بێت، بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر بەلای ئەمریكادا نەیشكێنێتەوە و سەبارەت بە ئێرانییەكان ئەوە یەكلایی كراوەتەوە كە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق كەسێك نەبێت كە پەیوەست بێت بە ئەمریكییەكانەوە".
 
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی بەهۆی ئەوەی كورد كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق نییە بۆیە كورد ڤیتۆی لەسەر هیچ كاندیدێكی سەرۆك وەزیران نییە بەو مەرجەی بەدەنگ ئەو پاكێجەوە بچن كە كورد پێشكەشی دەكات. 

بەبڕوای ئەسەسەرد "ئێرانییەكان ڤیتۆیەكی تەواویان لەسەر عەبادی هەیە و ئەمریكییەكانیش ناتوانن بیسەپێنن لەبەر ئەوە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق عەبادی نابێت". 

وتیشی "بەمسۆگەری ئەمریكیییەكان بەهەموو شێوەیەك پشتگیری عەبادی دەكەن و من پێموایە كە لەو بارەیەوە داوایان لەكورد و سوننەكانیش كردووە، بەڵام بەگومانم كە كورد و سوننەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان بە ئەمریكییەكان دابێت".

چاوەڕێدەكرێت دادگای فیدراڵی لەسەرەتای مانگی ئەیلولدا ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار پەسەند بكات، لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش گەورەترین قەوارە رابگەیەنرێت و حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، كاندیدی دەرچووی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، لەو بڕوایەدایە كە لایەنە كوردییەكان دابەش كراوون بەسەر دوو ئاراستەی ئەمریكیەكان و ئێرانییەكان لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا. 

 ئەحمەد حاجی رەشید بە ژیان¬ی وت" كورد پەرتەوازەیە لەدروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن لەعێراقدا و كورد بەشپرزەیی و پەرتەوازەیی دەچێتە ناو پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە و پێكهێنانی فراكسیۆنیەكان".

بەپێچەوانەی تێڕوانینی ئەسەسەردەوە، ئەحمەد حاجی رەشید لەو بڕوایەدایە كە تاوەكو ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق باڵانسی ئەمریكییەكان بەهێزترە بەراورد بە ئێرانییەكان" و جەخت دەكاتەوە كە "بوونی تاكە كاندیدێك لەلای ئەمریكییكەان وای كردووە چانسی ئەمریكییەكان زیاتر بێت بەراورد بەئێرانییەكان كە ئەوان چەند كاندیدێكیان هەیە". 

"كورد لەو بابەتەدا یەكگرتوو نییە و بەنموونە چوار لایەنە ناڕازییەكە تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەكمان نییە و ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامیش تائێستا لەگەڵ هیچ هاوپەیمانێتییەكدا نین" ئەحمەد حاجی رەشید وای وت. 




دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ ئێران دوو دەروازەی سنوری لەگەڵ عێراق داخست
ئۆپەراسیۆنیکی سەربازی فراوان دژی داعش لە ڕۆژئاوای عێراق دەستیپیکرد
لە ڕۆژی عاشورادا شیعەکان شیوەن دەگێڕن
باڵوێزی عێراق لە ئێران بانگهێشت دەکرێتەوە
وتەبێژی فەتح:بەرهەم ساڵح لای ئێمە کەسێکی پەسەندکراو و ڕێزلێگیراوە
سائیرون بون بە ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژیرێت
لەتەقینەوەیەکدا دوو کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون
باڵوێزخانەی ئەمریکا هەواڵی کۆبونەوەی برێت مەکگۆرک و قاسم سولەیمانی ڕەتدەکاتەوە
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبیتەوە
محەمەد حەلبوسی بەسەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێرا
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە