پۆلیسی سلێمانی زانیاری لەسەر ڕوداوی هێرشکردنە سەر هاوڵاتیەکەی دوێنێی پێشانگای ئۆتۆمبیل دەخاتە ڕوو
PM:01:55---13-11-2018
ئه‌م بابه‌ته 1157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
پۆلیسی سلێمانی زانیاری دەربارەی ئەو دوکەسە بڵاوکردەوە کە دوێنێ لەپێشانگای ئۆتۆمبیل فرۆشتن لە سلێمانی هێرشیانکردە سەر کەسێک و برینداریانکرد،پۆلیس ڕایگەیاندوە ئەو دوو کەسە مام و برازان و ویستویانە هاوکاری پۆلیس بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسە بەڵام شەڕ ڕویداوە و تەقەیان کردوە.

پۆلیسی سلێمانی لەڕونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو ڕوداوە دەڵێ دوێنێ دوشەممە دوو کەسی مەدەنی کە فەرمانی کۆپیکراوی پۆلیسی کەرکوکیان پێ بووە، لەشاری کەرکوکەوە بەڕێکەوتون بۆ سلێمانی تا کەسێک ده‌ستگیربكه‌ن بەهاوکاری هێزەکانی پۆلیس‌ و ئاسایش.

لەرونکردنەوەکەدا هاتوە ئەو کەسەی کە ویستراوە دەستگیربکرێت فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە پێشتر بەهاوکاری چەند کەسێک کەسێکی نزیکی ئەو دوو کەسەی کوشتووە، جگە لەوەش لە پۆلیسی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بەمادەی۱٤ی موخەدەرات‌ و ٤۰٦ی کوشتن لە یاسای سزادانی عێراقی.

دەڵێ ئەو دوو کەسە پێشتر ئاسایشیان ئاگادارکردووەتەوە لەکاتی بینینی ئەو تۆمەتبارەدا دەستبەجێ مەفرەزەکان ئاگادار بکەنەوە، بەڵام کاتێک چونەتە پێشانگای‌ فرۆشتنی‌ ئوتومبێل (ناسراو به‌ مەعرەزی علوجەکان) لە سلێمانی کەسەکەیان بینیوە و بووە بەشەڕیان ‌و فریانەکەوتون بەئاسایش بڵێن، له‌ئه‌نجامدا فیشەکێکیان ناوە بە قاچی كه‌سه‌كەوە.

پۆلیس ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەو دوو کەسەی تەقەیان کردووە مام‌ و برازان ‌و یەکێکیان ناوی (ج. س. ت)ەو تەمەنی ٤۱ساڵە و ئەوی تریان ناوی (هـ. ج. س) تەمەنی۲۳ساڵە، بریندارەکەش ناوی (و. ج. ع) تەمەنی۳۰ساڵە و هەرسێکیان خەڵکی کەرکوکن، لەئێستادا سەرجەمیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراون ‌و بەبڕیاری دادوەر بەندن‌ و لێکۆڵینەوەكان له‌گه‌ڵیاندا بەردەوامە.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە