پۆلیس: تەقەكەری پزیشكەكەی سلێمانی دەستگیركرا
PM:06:28---05-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 1354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
ئەو تۆمەتبارەی لەسلێمانی تەقەی لەپزیشكێك كرد دەستگیركرا، پۆلیسیش دەڵێت بەتەنها خۆی كارەكەی كردو دانی بەتاوانەكەشدا ناوە.

عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەریەك لەد.سەباح هەوارمی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و د.تەها مەحوی سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان ئامادەبوون، لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی كە رۆژی 3ی ئەم مانگە لەشەقامی ئۆرزدی سلێمانی لەناو نۆڕینگەكەیدا تەقەی لە د.كەمال ئەحمەد سەعید پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی كردو بەسەختی برینداریكرد  رایگەیاند"تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە ناوی (ه.ع.ك) و لەدایكبوی ساڵی 1982ەو خەڵكی دەرەوەی سلێمانی پیشەی كاسبەو سەعات 12:30 دەقیقەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ی كانونی یەكەمی 2018، لەلایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركراوە".

وتیشی"دەستگیركردنی تەقەكەرە لەكەمتر لە 72 سەعاتدا، وەڵامێكیشە بۆ ئەوانەی دەڵێن لەسلێمانی ئارامی نییە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا كە لەكاتی رووداوەكەدا هێزەكانیان گەیشتونەتە ئەوێ و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوەو تیمەكانیان لەڕێی چەند ئەفسەرێكەوە دابەشكردوە تا سەرەداوی تاوانەكە بدۆزرێتەوە تا ئەمڕۆ توانراوە ئەنجامدەری سەرەكی لەناو شاری سلێمانیدا دەستگیر بكەن.

ئەوەشی وت"تۆمەتبارەكە، پێشتر بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە، دەمانچەیەكی جۆری میكارۆفی كڕیوەو دوێنیش فرۆشتویەتیەوە، دەمانچەكەش بێدەنگ نەبوو، وەك هەندێك كەناڵی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە".

لەبارەی هۆكاری رووداوەكەشەوە، عەمید ئاسۆ وتی"هۆكاری رووداوەكە بۆ لێكۆڵینەوەكان جێدەهێڵن و ئەوە دادگا بڕیاری لێدەدات، بەڵام دانی بەتاوانەكەدا ناوەو تەنها خۆشی كارەكەی كردوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند"پاراستنی پزیشكەكان ئەركی سەرشانیانە، بۆیە پزیشكەكان دڵنیا دەكەنەوەو  كە هێزەكانیان بەوپەڕی ئامادەباشییەوە دەیانپارێزن".

لای خۆشیەوە د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەكەی و پزیشكانەوە سوپای هێزە ئەمنییەكانی سلیچمانی كرد كە توانیویانە لەماوەی كەمدا ئەنجامدەری تاوانەكە دەستگیربكەن".

راشیگەیاند"تەندروستی د. كەمال ئەحمەد سەعید باشترەو هیوادارن لەنزیكترین كاتدا بگەڕێتەوە ناو خانەوادەكەی".

هەروەها د.تەها مەحوی سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان، رایگەیاند"سوپاسی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكان دەكەین كە لەمەترین كاتدا ئەنجامدەری تاوانەكە دەستگیربكەن، ئەوەش بۆ خۆی پێدانەوەی دڵنیایی ئارامییە بەسلێمانی و رەواندنەوەی ئەو دڵەڕاوكێیەیە كە پزیشكەكان لەدوای رووداوەكەوە هەیانبووە، هەروەها باری دەروونی هاووڵاتیانیش ئارام دەكاتەوە".





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە