وەزیری دارایی: ناكرێت تەنها پشت بە نەوت ببەسترێت
PM:06:35---05-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 358 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە پارێزگای هەولێر سەردانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و خانەنیشنی هەرێمی كرد.

لە سەرەتای سەردانەكەی وەزیری دارایی و ئابووری بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی بەسەركردەوە و گوێی لە سەرنج و داواكاری فەرمانبەران گرت بۆ باشتر رایكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم كۆبوەوە، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكرد كە ناكرێت تەنها پشت بە نەوت ببەسترێت، بەڵكو پێویستە گومرگ ببێتە سەرچاوەی داهات و  زیادكردنی بازرگانی و بۆ ئەو مەبەستەش كارئاسانی بۆ بازرگانان و هاووڵاتیان بكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەنگاوەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ  و دەروازەكان و هەردوو كارگۆی فرۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی كرا لە پێناو باشتر رایكردنی كاروباری هاوڵاتیان و بازرگانان، بەڕێوەبەری ئایتی گومرگ ئاماژەی بە هەنگاوەكانی بە ئەلیكترۆنیكردن كرد كە هەنگاوی باش نراوە.

هەروەها باس لە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە رێكخستنی پێناسەی گومرگی و ئەو كێشە و گرفتانەی لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بۆ ئەمەش وەزیری دارایی و ئابووری رونیكردەوە كە داوامان لە بەغدا كردوە خاڵە گومرگیەكان لاببرێن كە داواكاری بازرگانان و كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتانە لە هەرێم.

پاشان رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد و سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی بەسەركردەوە و گوێی لە فەرمانبەران و ئەو هاوڵاتیانە گرت كە سەرقاڵی رایكردنی كاروبارەكانیان بوون.

هەروەها كۆبوونەوەیەك  لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی ئەنجامدرا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كەسانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنیشنی دەكەن پێشتر لە حكومەتی هەرێم خزمەتیان كردوە و ئێستاش پێویستە رێزیان لێبگیرێت و نازیان هەڵبگیرێت و كارەكانیان بە ئاسانی بەڕێوە بچێت و لە هەردوو بەشی سەربازی و شارستانی.




زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە