گۆڕان و كۆمەڵ لەمەسرور بارزانی بەگومانن
PM:06:42---05-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 3523 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
گۆڕینی كاندیدی سەرۆكی حكومەت لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ مەسرور بارزانی لە لایەن پارتییەوە لایەنەكانی خستووەتە گومانەوە، هەر یەكە لە گۆڕان و كۆمەڵ پێیان وایە بە ئەزموونی ڕابردووی ئەو كەسایەتییە ناتوانێت سەركەوتوو بێت و یەكێتییش دەڵێت لە دانانی ئەو كەسەدا پارتی تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەكات.

ئەم هەفتەیە سەركردایەتیی پارتی لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا نێچیرڤان بارزانی كە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوویدا لە دوو پۆستی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتدا بووە بگۆڕێت بە مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید كرا، ئەم ئاڵوگۆڕە بووەتە جێگەی باس و قسەی لایەنەكان و هەندێكیان بە گومانەوە لەو گۆڕانكارییە دەڕوانن.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی و بەرپرسی مەكۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەی "ئاژانس"ی راگەیاندووە ״جگە لە گۆڕینی كاندید، پارتی بەهۆی سیاسەتی ڕابردوویەوە كابینەیەكی لاواز بوونی هەبوو، بۆیە گرنگە سەرەتا پارتی هەوڵی یەكڕیزی بدات و سازش لە هەندێ داواكارییەكانی خۆی بكات.״

وتیشی"مەسرور بارزانی بۆ پۆستی حكومەت كارەكتەرێكی تازەیە، بەڵام لە ڕابردوودا بینیمان نەیتوانی بە پۆستەكەی ئاسایشی هەرێم بپارێزێت و تیایدا سەركەوتوو بێت، ئەگەر پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا نەكەن مەسرور بێت یان هەر كەسێكی تر سەركەوتوو نابێت".

مەسرور بارزانی كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە، تەمەنی 49 ساڵە و لە كۆنگرەی سیانزەی پارتیدا بە زۆرترین دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمیش بووە.

لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا مەسرور بارزانی لە سلكی ئەمنیدا بەرپرسیارێتی هەبووە، ئێستا هەندێك لایەن دەڵێن ئەگەر كاری هەواڵگری تێكەڵاوی كاری حكومڕانی بكرێت سەركەوتوو نابێت.

فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی بە رۆژنامەكەی وتووە،  ״ئەگەر سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بە هەمان كۆپی حكومەتەكانی ڕابردوو بێت بێگومان سەركەوتوو نابێت.״

وتیشی"مەسرور بارزانی پێشتر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بووە، سەرۆكی حكومەت بەرپرسیارێتیی هەموو خەڵكە بە باش و خراپەوە، دەبێت فراوانتر بیر بكاتەوە، ئەگەر وەك بەرپرسی دەزگای هەواڵگری لە حكومەتدا كار بكات سەركەوتوو نابێت".

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 80 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا تێپەڕیوە، تا ئێستا دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەنگاوی كرداری نەناوە.

عەدنان حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، پارتی لەبەر ئەوەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە خۆیان بڕیار دەدەن كێ كاندید بكەن، بەڵام پێشی وایە لە حاڵەتی شكست یان سەركەوتنی كابینەی حكومەتدا هەر دەبێت خۆشیان بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرن.




زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە