غرووری پارتی دەشكێت، یان سیحری گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە؟
PM:05:11---22-12-2015
ئه‌م بابه‌ته 9132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
سالار مەحموود

بۆ كۆتایی هاتن‌و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی‌و ئیدارییەی كە لەپاش 12ی ئۆكتۆبەرەوە هاتووتە ئاراوەو بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەكە، هیچ ئاسۆو ئاماژەیەك نییەو هەڵووێستی هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆرانیش دەرفەتی سازان‌و ڕێكەوتن‌و كۆتایهاتن بەقەیرانەكەی لێنابینرێت.

پارتی سوورە لەسەر دوور خستنەوەی دكتۆر یووسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆرانیش بەهەمان جۆر سوورە لەسەر سازشنەكردن لەسەر لابردنی یووسف محەمەد لەسەرۆكی پەرلەمان.

هەڵووێستی پارتی دیموكراتی كورستان‌و لەبەرانبەریشدا بزووتنەوەی گۆران، هەردوولا ئاماژەی ئەوە دەدەن‌و ئەوە نیشان دەدەن كە ئاسۆی كردنەوەی گرێ كوێرەكەو تێپەڕاندنی قەیرانەكە دوورەو تەنها پاشەكشەی یەكێكیان لە هەڵووێستەكانیان دەبێتە دەروازەو سەرەتای چارەسەركردنی قەیرانەكە، بێگوومان پاشە كشەكردنی هەر لایەكیشیان كاریگەری تەواو لەسەریان جێدەهێڵێت‌و كاردانەوەی جۆراوجۆری دەبێت‌و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتووش باشترین وێستگەی ئاشكرابوونی كاریگەرییەكانی بەردەوامبوون، یان مكوڕبوون لەسەر هەڵووێستەكانیان دەبێت.

بەرپرسانی پارتی لەسەرەوە بۆ خوارەوە، جەخت لەسەر دوورخستنەوەی دكتۆر یووسف محەمەد دەكەنەوە لەسەرۆكی پەرلەمان‌و سوورن لەسەر ئەوەی كە نابێت ئەو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بێت، بە گوتەی ئەوان سەرۆكە گەنجەكەی پەرلەمان هۆكاری بنەڕەتی درووستبوونی قەیرانەكانەو دەبێت دوور بخرێتەوە، گوتارو هەڵووێستی پارتی‌و بەرپرسە باڵاكانیشی لەسەرەتای درووستبوونی قەیرانەكەوە تا ئێستا، بەروونی ئەوەی نیشانداوە كە پارتی تەنها یووسف محەمەدی كردووەتە ئامانج‌و تەواوی فشارەكان‌و دوور خستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕانیش ئامانج لێی توند كردنەوەی فشارە بۆ سەر بزووتنەوەی گۆران تا ناچارییان بكەن بەوەی كە دەست لە یووسف محەمەد هەڵبگرن‌و سازشی لەسەر بكەن، هەر لەسەرتاشەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ئەوەی بەوەزیرەكانی گۆران وتبوو كە پارتی كێشەی لەگەڵ ئەواندا نییەو ئێمە تەنها كێشەمان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەماندا هەیە، كێشەی پارتیش لەتەك یووسف محەمەددا رەنگە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە گوایە ئەو وتوویەتی بەهیچ جۆرێك ڕێگە بەدرێژكردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی نادەم، بێگوومان ئەمەش بۆ پارتی لەهەموو شتێك قورسترە.

ئەگەر پارتی پەشیمان ببێتەوە؟

هەرچەندە هەڵووێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دوور خستنەوەی یووسف محەمەد هیچ گۆرانی بەسەردا نەهاتووەو پارتی سوورە لەسەر دوور خستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام پەشیمان بوونەوەی پارتی لەم هەڵووێستەی یەكێكە لە فاكتەرەكانی ئاسایبوونەوەی بارودۆخەكەو تێپەڕاندنی قەیرانەكە، ئەگەرچی هیچ ئاماژەیەك نییەو تەواو زەحمەتیشە پارتی لەم هەڵووێستەی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام ئەگەر وایكرد، ئەوا سەرەتای شكاندنی غرووری پارتی دەستیپێكردووەو ئاماژەی ئەوەیە با پارتی خاوەنی هێزی چەكداری زۆریش بێت‌و ئابووری كوردستانیشی لە ژێر دەستدا بێت‌و خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانیش بێت، بەڵام چیدی ناتوانێت هەرچییەكی ویست بیكات‌و بەمەیلی خۆی بڕیار بدات، واتا پەشیمان بوونەوەی پارتی لە بریاری دوورخستنەوەی یووسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و رازیبوون بەمانەوەی سەرۆكە گەنجەكە، سەرەتای شكاندنی هەیمەنەی پارتی دەبێت‌و هەم سەرەتای قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی‌و حیزبایەتی دەبێت لە كوردستان.

ئەوەش ئەگەرێكی زۆر لاوازە كە لەبەرانبەر داواكاری‌و مەرجی دیكەدا لەگۆران، پارتی لەم هەڵووێستەی پەشیمان ببێتەوە، چونكە ئەوە دەبێتە جۆرێك لە شكستی سیاسی‌و كەمبوونەوەی هەیمەنەی لەهەرێمی كوردستاندا.

ئایا گۆڕان ساز لەسەر دكتۆر یووسف دەكات؟

بەهەمان جۆر تا ئێستاش بزووتنەوەی گۆران سوورە لەسەر هێشتنەوەی دكتۆر یووسف وەكو سەرۆكی پەرلەمان‌و هەڵووێستی سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیش هیچ ئاماژەیەكی لێناخوێنرێتەوە كە ئەوان دەستبەرداری دەبن‌و سازشی لەسەر دەكەن، بەڵام ڕازیبوون بە داواكەی پارتی‌و رازیبوون بەوەی كە بزووتنەوەی گۆران كەسێكی دیكە لە جێگەی ئەو بكاتە سەرۆكی پەرلەمان، دەروازەیەكی دیكەی كردنەوەی گرێ كوێرەكەو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی‌و ئیدارییەكەی پاش 12ی ئۆكتۆبەرە.

دیسان هەڵووێستی سەركردەو هەڵسووڕاوە باڵاكانی بزووتنەوەی گۆڕان تائێستاش ئاماژەی سازشكردنی بزووتنەوەكەی تێدا نییەو ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی كە هەر دەبێت یووسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بێت، بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان سازشی كردو بەداواكەی پارتی رازیبوو بۆ دوورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوا ئەو سیحرەی بزووتنەوەی گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە كە دەگوترێت تەنها هێزە دەتوانێت ڕێگە لەهەیمەنەو قۆرخكاری پارتی بگرێت، هیچ مەرج‌و داوایەكی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پارتی نابێتە بارتەقای دوور خستنەوەی یووسف محەمەدو چوونە ژێر باری خواستی پارتییەوە، ئەگەر هاتوو گۆڕان ئەمەی كرد، ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان باشترین چانس دەداتە پارتی بەوەی كە هەرچییەك‌و هەركەسێك بەخواستی ئەو نەبێت نابێت بمێنێتەوە‌و بەردەوام بێت.

بە بەراووردی پارتی، لەم قەیرانەدا، بزووتنەوەی گۆڕان‌و سەركردەكانی ئەو بزووتنەوەیە دەروازەی دیكەیان لەبەردەستایە بۆ ئەوەی قەیرانەكە بەقازانجی خۆیان بشكێننەوەو هاوكات سووریشبن لەسەر هەڵووێستەكانیان‌و تا ئاستێكیش مل نەدەن بەخواست‌و هەیمەنەی پارتی.
لە دوای پاشەكشەی پارتی لە هەڵووێستەكانی‌و مانەوەی دكتۆر یووسف وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هەرچەندە زۆرن ئەوانەی وایلێكدەدەنەوە كە چوونە دەرەوەیەكی ناچارییەو پارتی لە حكومەت وەدەریناون‌و ناتوانن كاریگەرییان هەبێت، بەڵام رەنگە هاتنە دەرەوەی یەكجارەكی بزووتنەوەی گۆران لەحكومەت‌و بوونەوەی بە ئۆ پۆزیسیۆن باشترین بژاردەو هەڵووێست بێت بۆ ئەوان، بەتایبەت كە ئەوان ئەزموونی كاری ئۆپۆزیسیۆن بوونیان هەیەو حكومەتیش لە دۆخێكی خراپی ئابووریدایەو دەیان مەلەفی جۆراو جۆریش هەیە كە كاری لەسەر بكەن.

یەكێتی‌و یەكگرتوو سیاسەتی خورمژ پەیرەو دەكەن

هیچ گوومان لەوەدا نییە لەم قەیرانەداو لەپاش 12ی ئۆكتۆبەر، دەبڕینی هەڵووێست‌و بوونە پارسەنگ بۆ كەوتنی قەیرانەكە بە لایەكدا، بۆ هەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی هێندەی پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان سەختە‌و ئەوان ناتوانن بە ئاسانی‌و بە ئاشكرا، هەڵووێست وەربگرن‌و مایلی هیچ كام لە پارتی‌و گۆڕان ببن، هەر بۆیە ئەوان هەوڵی میانگیری‌و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ دەدەن‌و بەروونی ناڵێن كێ لە درووستبوونی قەیرانەكەدا تاوانبارەو كێ هۆكاری راستەقینەی درووستبوونی ئاڵۆزییەكانە.

یەكێتی بەیەك ئاست لە پارتی‌و گۆرانەوە دوورەو بەیەك ئاستیش لێیان نزیكدەبێتەوە، ئەو باش دەزانێت كە نزیكبوونەوەی لە پارتی یەكسانە بە دوور كەوتنەوەی لەسلێمانی‌و بەشێكی زۆری جەماوەرەكەی‌و نیگەران بوون‌و توورەبوونی ئەوان، لەبەرانبەریشدا نزیكبوونەوەی تەواوەتی لەپارتی واتە لەدەستدانی بەشێكی زۆری بەرژەوەندییە ئابووریەكانی‌و لەسەرووی هەمووشیانەوە ناكۆكی‌و باڵباڵینەكانی نێو خۆشی ڕێگەی نادات كە خۆی یەكلایی بكاتەوەو وایلێكردووە لە نێوان پارتی‌و گۆراندا یاری بكات‌و سیاسەتی خورمژ پەیرەو بكات.

هەرچی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە، لەم قەیرانەدا تاراردەیەك لەیەكێتی دەچێت‌و هەر نزیكبوونەوەیەكی لەپارتی دەبێتە هۆكاری دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەو حیزبە لەدەڤەری سلێمانی‌و نیگەرانبوونی ئەو بەرپرس‌و ئەندامانەی كە لە ژێر كاریگەری‌و سرووشتی سیاسی سلێمانیدان، حەیرانبوونی یەكگرتوو لە نێوان هەولێرو سلێمانیداو دابەشبوونی سەركردایەتییەكەی لەنێوان بادینان‌و سلێمانیدا بەهەمان جۆر دەرفەتی ئەوەی نادات خۆی یەكلایی بكاتەوەو دەبێت بەهەمان تەرزی یەكێتی ئەمیش سیاسەتی خورمژ پەیرەو بكات.




كوا خوێنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە؟
منبەج ، بۆچی گرنگە؟!
سەلاحەدین بەهادین دەگەڕێتەوە
موحافیزكاران و ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا
غرووری پارتی دەشكێت، یان سیحری گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە؟
ڕۆشنبیرانی ”بەیعە“گەر
دەربارەی بەیاننامەی ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرەکە
قیڕەقیڕی عەلمانیەت و دین لە کوردستاندا
دکتۆر قاسملو:
"بیرمەندە شۆڕشگێڕەکە"
لولا داسیلڤا ، سەرۆكی بەرازیل
ئەو سەرۆكەی مێژوو دوبارەی ناكاتەوە
ئەژدیهای قــەرز لەگەردنـی هەرێمی کوردسـتانەوە دەئـاڵـێـــت

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە