مەولانا خالید... گەڕیدەیەک بە شوێن نووردا.
PM:09:17---28-12-2015
ئه‌م بابه‌ته 83797 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین : کامەران سوبحان

ئەدەبیاتی نامە و پاراستنی دەستنووسی کۆن، دوو ڕووخساری زۆر دیاریی کۆنی کوردن، کە لە پێش زۆر شتی ترەوە مافی خۆمانە شانازی بەو سەروەتە مەزنەوە بکەین، هەرچەندە ململانێی نێوان میرنشینە کوردییەکان و شەڕو ململانێی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان لە کوردستاندا و ژێردەستەیی و داگیرکاریی کورد، بەشێکی زۆری ئەو دەستنووس و میراتییە کولتووریی کوردیی بەرەو مۆزەخانەی وڵاتان و شوێنە پەنها دوورە دەستەکان برد و بەشێکیشیانی ون کرد.! بەڵام کۆمەڵێک هەوڵ و کۆششی دڵسۆزانە بۆ پاراستنی دەستنووسی دەنسقە لە کۆن و نوێدا جێگەی خۆشحاڵییە، یەکێک لەو کەسانەی کە لای من ژیان و دەستنووس و نامەکانی جێگەی لەسەر وەستان و وردبوونەوەن مەولانا خالیدی نەقشبەندییە.

سەرەتای خوێندنەوەو ئاشنا بوونم لەگەڵ بیرو هەڵوێستی مەولانا خالید، لە(یادی مەردان)ی مەلا عەبدولکەریمەوە دەستی پێکرد. ئەم کتێبە دەروازەیەکی گەورەی بۆکردمەوە بۆ ئاشنابوون بە نامە و ڕووخسار و دەستنووسی زۆرێک لەناودارانی تری کورد. بەتایبەتیش دەستنووس و نامەکانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، پێم وایە بۆ ئەوەی وێنای ڕووخسار و دونیابینی مەولاناخالید ببینیت دەبێت نامە و کتێب و دەستنووسەکانی بخوێنیتەوە، دوای خوێندنەدوەی هەردوو کتێبی(عەقیدەی ئیمان)و (شیعرەکانی) کە پیرەمێرد لە فارسییەوە کردبوونی بە کوردی، لە دونیابینی مەولانا گەیشتم، بەتایبەتیش مەولانا بەوە ناسراوە کە نامەی بۆ زۆر کەسایەتی بەناوبانگ و خزم و کەسوکارو خەڵکی ئاسایی نووسییوە، لەوانە (شێخ مارفی نۆدێ، شێخ عوسمان سەراجەدین، عەبدولڕەحمان پاشای بابان، ئیبراهیم پاشا، شێخ عەبدوڵڵای دەهلەوی، شێخ عەبدولقادر، مەلا یەحیا مزوریی، مەحمود پاشا)و دەیانی تر. لەو نامانەدا کە هەندێکیان دەربارەی کتێب و دەستنووسەکانییەتی، ئەو بە هەمان ئاستی نووسینی شیعر و کتێبەکانی، ئاستێکی بەرزی لە زمان و داڕشتنی نامەکانیشیدا هەبووە..

گەڕان بەدوای کتێب و تەریقەتدا

مەولانا خالید گەڕیدەیەک بە شوێن نوور و عیرفاندا دەگەڕا. نزیکەی ٥٠ ساڵ ژیا، هەمو تەمەنی لە گەڕاندا بوو لە نێوان کوردستان و بەغداو شام و هیندستان و ئێران و مەککەدا، کاتێک سلێمانی بەرەو بەغدا جێدیڵێت و لەوێ لەناو کتێب و دونیای نووسینی خۆیدا خەریکی بانگەوازی ڕێبازەکەی دەبێت، نامەیەک بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت، هەروەک خۆی لە نامە دەستنووسەکەیدا ناوی هێناوە "زەعیفەی عەفیفە، هەمخوابەی شەریفە، کچی یوسف، هیچ کتێبێ بە جێنەیەڵن، هەموی بێنن." کاتێک کۆچ دەکات بۆ شام لە نامەیەکی تریدا بۆ محەمەد ئەسعەد ئەفەندی، نووسیووەو دەڵێت" وەعەلا کول تەقدیر، کتێبەکان لەگەڵ یەکەم قافڵەدا رەوانە بکەن، پێویستییەکی زۆرمان بە کتێب هەیە." (مەولانا و کتێب- چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی-نەوشیروان مستەفا-ل٢١٥). بەدەر لە کاریگەریی ئاینی و رێبازی نەقشی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر شێوازی دیالێکتی شیعری شاعیرانی بابان داناوە، وەک (سالم) لە کۆپلە شیعرێکدا دەڵێت:

لەڕۆژی ئیمتیحانا دیم، بەرامبەر گالب و مەعشوق
کە مەربەستەی هونەر هاتن، لە تیپی عەشقبازاندا
لە لایی (نالی و مشوی) و لە لایێ (سال و کوردی)
لە هەنگامەی هونەری گەرمیی، تکا جۆ بوون لە (مەولانا)

ئەم کاریگەرییە بەتەنها لەسەر سالم نەبوو، بەڵکو بەهەمان شێوەش لە شیعری نالی و مەحوی ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەمە جگە لەوەی لەو سەردەمەدا خانەقای سلێمانی بوویە مەڵبەندێکی گەورەی ئەدەبیان و زانست و لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستانەوە شاعیران و خوێندەواران بۆ خوێندنی ئاینی ڕوویان تێدەکرد، ئەمەش هێندەی تر کاریگەریی لەسەر بەرەو پێشچوونی ڕۆشنبیریی سلێمانییەوە هەبووە، ئەمە بوویە زەمینەیەکی گرنگ بۆ ئەو شێوە دیالێکتەی کە شاعیرانی سێکوچکەی بابان لەو سەردەمەدا شیعرییان پێدەنووسی .
ئەوەی ڕیچ دەیڵێت، من نایڵێم.!

ئەوانەی مەولانا دەناسن، هەر کەناوی ئەو دەبەن هەڵهاتنەکەی لە سلێمانی و ململانێ توندەکەی لەگەڵ (شێخ مارفی نۆدێ)یان دێتە بەرچاو، زۆرێک لەو نووسین و توێژینەوانەی کە لەسەر ئەم لایەنە نووسراوە دەرفەت نایەڵێتەوە بۆ وتنی شتێکی نوێ و نەوترا لەسەر ئەو ململانێیە. یەکەمین کەس لەسەر ئەم ململانێیە قسەی کردبێت، گەڕیدەی بەریتانی (کلدیۆس جیمس ڕیچ) لە گەشتنامەکەیدا نووسیوویەتی " موسڵمانێکی دەست لە دنیا داشتووی گەورە لە سلێمانی دەژی، ناوی شێخ خالیدە، بەڵام کوردەکان لایان وایە سوکییە بۆی لە(حەزرەتی مەولانا)بەولاوە هیچ ناوێکی تری لێبنرێت.!موسڵمانەکانی سلێمانی و کوردستان وتەکانی وەک فەرمودەی پێغەمبەرەکەیان ئەژمار دەکەن و زۆریشیان لە ڕیزی پێغەمبەری خۆیاندا دایدەنێن، ١٢ هەزار موردیدی لەناوچە جیاوازەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە." لەبارەی قوڵبوونەوەی ململانێکانی نێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ، ڕیچ دەنوسێت"بەیانییەکی زوو، مەولانا خالید لە سلێمانی هەڵهات، پێش چەند ڕۆژێک کوردەکانی سلێمانی مەولانا خالیدیان لە شێخ عەبدولقدری گەیلانی بە گەورەتر دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ بە کافری ناودەبەن و زۆر شتیش لەبارەی لوتبەرزی و خوانەناسی دەگێڕنەوە، خەڵکی سلێمانی گەلێ قسەو باسیش لەسەر هۆکاری هەڵهاتنەکەی دەگێڕنەوە، لەوانە دەیانوت "مەولانا خالید تۆویی پشێویی لە نێوان میرو پاشاکانی بابان ڕواندوە، هەندێکی تر دەیانوت خەریکی دانانی بناغەی ئاینێکی تازەیە و ویستوویەتی خۆی بکات بە گەورەی وڵات."زۆر شتی تریشی درایە پاڵی کە وانەبووە. هۆکاری هەڵهاتنەکەی ئەوە بووە سەیدەکان و شێخ مارفی نۆدێ، ڕقیان لێی بووەو ویستوویانە بیکوژن.!" سلێمانی لە درووستبوونییەوە تا ئێستا شارێکی پڕ لە جوڵە و ململانێیە، ململانێ سیاسییەکانی یەک سەدەی ڕابردوویی ئەم شارە بەشێکی پەیوەندی بە درێژکراوەی ئەو ململانێیەوە هەیە کە لە نێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێدا هەبووە.

تێڕوانینی بەهەشتی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و نەوشیروان مستەفا لە دواهەمین کتێبیدا(چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی-ڕایەڵەی پێوەندی ڕۆحیی لە تەریقەتی نەقشبەندیدا)لەسەر ئەم ململانێیە، زۆر شتی وردی تێدایە، بۆیە نامەوێت لەوە زیاتر هیچ لەسەر ئەو لایەنە بنووسم، ئەمە جگە لەوەی ئەوەی ڕیچ لە یاداشتەکانیدا لەسەر ئەو ململانێیە وتوویەتی ڕووی ڕاستەقینەی ململانیکانی ئەو ڕۆژگارەیەو نامەوێت لەوە زانیارییانە زیاتر هیچ لەسەر ئەو لایەنە بنووسم.!

عەقیدەی ئیمان ...عەقیدەی کوردی

بەدەر لە شیعرە فارسییەکانی کە پیرەمێرد کردنی بە کوردی و لە (ژین)دا بڵاوی کردنەوەو دواتریش ساڵی ١٩٨٧ لە بەغدا چاپکران و بەشێک لە نامەکانی کە بەهەشتی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە (یادی مەردان)دا چاپیکردوون، مەولانا خالیدی نەقشبەندی نزیکەی ١٧ کتێبی دەستنووسی هەبووە، کە کتێبی (شەرحی مەقامی حەریریی، ئەگباق ئەلزەهەب، دوعا و سەڵەوات، نامیلکەیەک لە بارەی حەجەوە، کیمیا و سەعادەت و عەقیدەنامەی کوردی)گرنگترینیانن. یەکێک لەو کتێبانەی کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی زمان و دیالێکتی کوردی هەیە(عەقیدەی ئیمان یان عەقیدەنامەی کوردیی)ەکەیەتی. ناوەڕۆک و زمان و شێوازی نووسینەکەی گرنگە. کە ئەم کتێبە لەگەڵ مەولودنامەکەی شێخ حسێنی قازی هەردووکیان بە کۆنترین شێوە نووسینی پەخشانی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی خواروو(ناوچەی سلێمانی) دێتە ئەژماردن. پێشتریش شاعیر و زانای کورد ئەحمەدی خانی بەشێوەی هەڵبەست و بە دیالێکتی کرمانجی باکور(عەقیدەی ئیمان)داناوەو ساڵی ١٩١٨ لە ئەستەنبوڵ چاپ بووە.

کاتێک ئەم نامیلکەیەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەخوێنیتەوە زۆر نهێنی و لایەنی درەوشاوەی زمان و پێکهاتەی دیالێکتی کرمانجی خواروی ناوچەی سلێمانیت بۆ دەردەکەوێت، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا سلێمانی بەهۆی پێکهاتەی جوگرافیا و بوونی خانەقای مەولانا خالید تێیدا مەڵبدنێکی گەورەی ڕۆشنبیریی ناوچەکە بووە و جێگەی شاعیرانی بابان و دەیان زانای بەرزی تر بووە. بەڵام لەو ساتەدا ئاخافتنی دانیشتوانی سلێمانی سەر بە دیالێکتێکی تایبەتی نەبووە، لەبەر ئەوەی کە سلێمانی درووست بوو، خەڵکێکی زۆری ناوچەی میرنشینی سۆران و بابان و موکریان و هەورامان و سنە و شارەزوور هاتنە سلێمانی، ئەمانە هەموی شێوە ئاخافتن و نەریتی تایبەتی خۆیان هێنایە ئەم شارە نوێیەی ناوی سلێمانی بوو، لەبەر ئەوە نەبوویە خاوەن شێوازێک لە دیالێکتی تایبەتی، ئەم تایبەتمەندییە تاڕادەیەکی زۆر لە عەقیدەنامەی کوردییەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی رەنگی داوەتەوە. 

لەناو زمانی عەقیدەنامەدا، بۆ نمونە لەبری (تر) وشەی (دی)بەکار هاتووە، واتە ئەگەر وشەی(کەسێکی تر) بنووسرێت، نووسراوە (کەسێکی دی) لە بری (بێن) وشەی (بۆن) نووسراوە. لە ڕێنووسەکەشیدا لەبری (گ) پیتی (ک) دانراوە.لەبری (ڕەوانە کردووە) نووسراوە (ڕەوانەی کردوونە)نووسراوە، ئەم هەمەچەشنی و هەمەڕەنگییەی زمانی پەخشانی عەقیدەنامەدا ڕەنگدانەوەی ئەو هەمەڕەنگییەی سلێمانی بووە لەو سەردەمەدا، ئەمە نەک تەنها لەم کتێبەی مەولانادا، تەنانەت لە زمانی دەستنووسی نامەکان و زمانی شیعریشیدا ڕەنگیداوەتەوە، تەنانەت لەو شیعرانەشیدا کە لە غەریبیدا لە شام و هیندستان و حەج نووسیونی. بۆ بیرهێنانەوەش سێ کۆپلە شیعری جیاوازی مەولانا خالید ئاماژە پێدەدەین لەکە لە سێ قۆناغی جیاوازی ژیانی ئاوارەیدا لە حەج و هیندستان و شام نووسییویەتی، ئەو تایبەتمەندییەی زمان و شێوە زارو دیالێکتییەی تێدا ڕەنگیداوەتەوە:

نــەشــئــەیــی لــوگـفـی ئـیلاهـی پـێـوەیـە بـادی صــەبا
بــۆنـــی فـیـردەوسـی بـەریـنـی لـێـوە دێ سـەر تـا بــەپا
مـوردەیـی صــەد سـاڵـە بـۆونی پێ بگا، دەردێ لە خـاک
ئـەو نـەسـیـمـەی وا لـە یەپـریب دی رەوان و جــان فـــــزا
نــەک ئـەوەنـدە وەصـفـی یەپریب چاوی شەخصی عالمە
بـیـبـیـلـەی ئـەو چـاوە نـووری چـاوی قـەومــی ئـــادەمــــا
************************
لـه تـاوانــا دوولـەت بـوو مـانـگ کـە ئـەو ئـەنـگـوسـتـی بـۆ ڕاهـێـشـت.
لـە فەیزی ئــــــاوی دەســـــت نوێژی لە دەشــتــا دەنـگـی ڕوبـــار دێ.
***********
دڵ سوتا و و جەرگ بڕا و کۆڵان بە کۆڵان دەربەدەر
کەس بە دەری من نەچێ دوورکــــەوتەیی یار و دیار
پۆرترێتێکی هەمەڕەنگ، ناوی مەولانا خالیدی نەقشبەندییە.

پۆرترێت و ڕووخساریی، پیاوێکی باڵا بەرزی چوار شانە، سپیکەلە و روومەت ئاڵ، چاو و موو رەش، برۆ پان، ڕیشدارێکی هێور و جوان، جلوبەرگی پۆشتە و دەریایەک لە زانست و ویقار و خوێندەواریی، گەڕیدەیەک بەشوێن زانست و عیرفانیاتدا وێڵ، خاوەن سەروەتێکی مەزن لە زانست و دەستنووس و شیعر و تەریقەت، لەسەروبەندی کۆچکردنی ئەشرافی بەگزادەکانی بابان لە قەڵاچۆلان و ناوچەکانی تری کوردستانەوە بۆ درووستکردنی شارێک نوێ و پێشکەوتوو بەناوی سلێمانییەوە، تەنها پێنج ساڵ دوای دانانی بەردی بناغەی ئەم شارە، واتە لەساڵی ١٧٧٩ فاتمەی هاوسەری ئەحمەدی کوڕی حوسێنی جافی میکایڵیی، لە گوندی زەردیئاوای ناوچەی قەرەداخ، کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێن خالید. دواتریش بە خالیدی شارەزووریی ناوبانگی دەرکرد. ئەم منداڵە بوویە یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی ئەو سەدەیەی کورد، کە ناوبانگی زۆر لە ناوبانگی میرانی بابان و بەرپرسانی تری کورد زیاتر بوو، ئەو ناوبانگەشی سنووریی میرنشنە کوردییەکانی تێپەڕاند و وڵاتانی هیندستان و مەغریب و شام و فەلەستین و پاکستان و تورکیا و ئێران و زۆر شوێنی تری دونیا گرتەوە، دواتر بوویە خاوەنی تەریقەتێکی بەناوبانگی ئاینیی کە بە تەریقەتی (نەقشبەندیی) ناوبانگی دەرکرد. بە ئێستاشەوە ئەو ڕیبازە کاریگەرییەکی قوڵی لە ژیانی ئاینداریی و ڕۆحانیدا جێهێشتووە.

مەولانا خالید لە ھیندستان لای شا عەبدوڵڵا دیھلەوی فێری تەریقەتی نەقشبەندی دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات. لە تەمەنی لاوێتییدابە فەقێیەتی چووەتە سلێمانی و لە لایەن شێخ محەمەد قەسیمی سنەیی مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتوە. کاتێ سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای کۆچی دوایی دەکات، مەولانا بە فەرمانی عەبدوڕەحمان پاشای بابان لە جێی دادەمەزرێ و دەست دەکات بەوانە وتنەوە و لەماوەیەکی کەمدا لە سلێمانی ناوبانگ دەردەکات. لەو ماوەیەدا کە سەرقاڵی وانە وتنەوە بووە، ھەمیشە گەڕاوە بەدوای مورشدێکی ڕۆحی کە تەسەووفی لێ وەربگرێ. کاتێک دەچێ بۆ حەج. کەسێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کە بۆ فێربوون تەسەووف دەبێ بچێ بۆ ھیندستان. ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج، دەچێت بۆ ھیندستان، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لە ساڵێک دەگاتە دیھلی و شا عەبدوڵڵا دیھلەوی لە گەورەکانی تەسەووف دەبینێ. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوندە لە لای شا عەبدوڵڵا زۆر خۆشەویست دەبێت. دوای سەرکەوتن لە پلە و پایەکانی تەریقەت، شا عەبدوڵڵا ئیجازەی ئیرشادی لە ھەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوھرەوەردی، کوبرەوی و چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شا عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دەستدەکات بە ئیرشاد بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. ھاوینان چووە بو ھەورامان و ھەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددینی ناسیووە .

مەولانا لە سالی ١٢٢٨ی کۆچیدا‌ بۆ جاری دووھەم چووتە بەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوە. دەبینێ کە بارودۆخی سلێمانی بەھۆی کێشە و ناکۆکی لە ناو بابانەکاندا ناخۆش بووە و لە سالی(١٢٣٦ک)دا بۆ جاری سێھەم دەچێ بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوە، بەرەو شام بەڕێدەکەوێ دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەریکی قودس دەکات. لەوێش زۆر لە زانایان و پیاو ماقووڵان و خەڵکی تر دەبن بە موریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوە تا ساڵی ١٢٤١ خەریکی وانە گوتنەوە بە فەقێکان دەبێ. ساڵێک دوای گەڕانەوە بۆ شام، واتا لە سالی ١٨٢٨ز، شەوی چوارشەممە ١١ی مانگی زی‌القعدە تووشی نەخۆشی تاعوون دەبێ و لە شەوی هەینی سێزدەی ھەمان مانگدا کۆچی دوایی دەکات.



زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە