رۆمانێک بۆ هه‌موو سه‌ده‌کان
AM:08:56---11-01-2016
ئه‌م بابه‌ته 2392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
عەتا نەهایی

بە‌ دڵنیاییەوە هیچ رۆمانێک بە قەدەر دۆن کیشۆت (دۆن کیخۆته‌) نەخوێندراوەتەوە. ئەم رۆمانە بەرهەمێکی گەورە و شاکاری نووسەرێک، بە ناوی "میگۆئێل دو سێرڤانتس" کە هەرچەندە چوار سەدە لەمە پێش نووسراوە، بەڵام بە ‌درێژایی ئەم سەدان ساڵە نەک هەر تۆز و خۆڵی کۆنی و کۆنینەیی لێ نەنیشتووە و لە ‌مۆزەخانەی ئەدەبدا لەبیر نەچۆتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، وەک بەشێک لە ‌یادەوەری ئەدەبی هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکان هێشتا تەر و تازە و چێژبەخشەو، ئەگەر نەڵێم لە هەموو وڵاتانی دنیا، لانیکەم لە وڵاتە رۆژاواییەکان (لە پاش کتێبی پیرۆز) زۆرترین خوێنەری هەیە. سەیر ئەوەیە کە ئەم رۆمانە وێڕای ئەم هەموو خوێنەرە زۆر و زەوەندە کە بێگومان لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانن، لەلای نوخبەی ئەدەبی و بە تایبەت ناودارترین نووسەرانی ئەم سەردەمەش بە شاکارێک بۆ هەموو سەدەکان ناسراوە. وەها کە ساڵی 2002 لە کۆڕێکی گەورەی ئەدەبی، بە ‌ئامادە بوونی سەد کەس لە گەورەترین نووسەرانی هاوچەرخ، وەک پڕ ماناترین بەرهەمی ئەدەبی مێژوو راگەیەندراوە.

دۆن کیشۆت لە ژێر کارێگەری ئەفسانە و حەقایەتە کۆنەکان، خەون بە پاڵەوان بوونی خۆیەوە دەبینێت و بە‌تەمای شەڕ لە‌ پێناوی بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و نەهێشتنی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە لە ماڵ‌ دەردەکەوێت و رێگەی پڕ لە‌ کەندولەندی دوژمنایەتی کردنی زاڵمان و ستەمکاران دەگرێتە بەر. ئەو وەها نوقمی خەون و رۆئیاکانی خۆی بووە کە کاروانسەرای لێ‌دەبێتە قەڵای تەلیسم کراو، ئاشی بایی لێ‌دەبێتە دێوەزمەو، کچانی هەژاری گوندی لێ دەبێتە شازادە خانمی چاوەڕێی شاسواری روئیاکانیان. بەڵام ئەم خەون و روئیا شیرینە کاتێک کۆتایی پێ دێت کە لەگەڵ دنیای واقیع رووبەڕوو دەبێتەوە. دنیایەکی نوێ و نامۆ کە هەموو بەها کۆنەکانی خۆی دۆڕاندووە. ئەو لەم دنیا نوێ و نامۆیەدا ئیتر پاڵەوانێکی هەڵوەدای عەشق و دادپەروەری نییە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، پیرە پیاوێکی ئایدیالیسیتی سەرلێشێواوی گەمژە و شێتە. پیرەپیاوێک کە نە توانای تێگەیشتن لە‌ واقیعی هەیە و نە بەرگەی ژیان لەم دنیا نوێ و نامۆیە دەگرێت کە هەموو بیر و بۆچوون و هەست و هەڵوێستی مرۆڤەکان بە پێوەری عەقڵ و عەقڵانی بوون هەڵدەسەنگێنێت.

سێرڤانتس لەم رۆمانەدا نە ستایشی ئایدیالیزمی سەیر و سەمەرەی دۆن کیشۆت ‌دەکات، نە ئەم ئایدیالیزمە سەیر و ئینسانییە لەبەر پێی عەقڵ باوەڕی و عەقڵانییەتێکی ترسنۆکانە و کاسباکارانەدا دەکات بە قوربانی. ئەو خۆی لە‌ قەرەی قەزاوەت کردن و نرخاندنی هەڵوێستی کەسایەتییەکەی نادات، بەڵکوو ترس و تۆقینی مرۆڤ لە‌ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ‌ سەردەمێک نمایش دەکات کە بنەماکانی فکر تیایدا تووشی گۆڕانێکی جیدی بووە و حەقیقەتی تاقانە و رەها لەسەر تەختی پاشایەتی هەزاران ساڵەی دابەزیوە.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە