ئەردۆغان و خەونی ئیمپراتۆریەتی تورکی
PM:07:22---11-01-2016
ئه‌م بابه‌ته 61360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ڕۆبەرت ئێلیس

هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە کاتێک ئەردۆغانی سەرۆك کۆماری تورکیا باس لە ئەڵمانیای هیتلەر بکات وەک مۆدێلێک بۆ سیستمێکی نوێی سەرۆکایەتی.

سەرکردە تۆتالیتارەکانی سەدەی بیستەم بە کۆمەڵیك نازناوی جیاواز ناویان دەرکردبوو وەک "دێر فوهرەر" لە ئەڵمانیا، "ئیل دوچە" لە ئیتاڵیا، "جێنێرالیسمۆ" لە ئیسپانیا و "ئێل ماکسیمۆ" لە کوبا و ئێستاش تورکیای عوسمانی نوێ "ڕەئیس"ی خۆی هەیە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغانە. تەنانەت فیلمێکی تورکیش بە هەمان ناونیشان دەردەکرێت. 

لە دوای شکستهێنانی تورکیای عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، موستەفا کەمال و شوێنکەوتووە نەتەوەییەکانی لە ساڵی ١٩٢٣دا تورکیای مۆدێرنیان وەک دەوڵەتێکی کۆماریی سێکولار بنیات نا، بەڵام پرۆسەی سێکولار بوونی دەوڵەت بەرەبەرە پێچەوانە بوویەوە پاش گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن ئەردۆغان و پارتەکەیەوە ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢دا.

لە سەرەتادا ئاکەپە بە بەڵێنی چاکسازیی لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام وەك هەمیشە ئەمە بازرگانییەک بوو بۆ شاردنەوەی غەشکردن لە وەرگرتنی باجدا و گۆڕینی یاسای پێدانی تەندەری کەرتی گشتی بە جۆرێک کە بووە هۆی هاتنە کایەی دەوڵەتێکی زۆر لێڵ و نا شەفاف.

ئاك پارتی دەیویست ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە ئەنجامی ڕیفۆرمەکانی ئەتاتورکەوە سەری هەڵدابوو ڕاستبکاتەوە لە ڕێگای کاراکردنەوەی دین لە ژیانی گشتیدا.

هەم لە سەرەتا و هەم لە بڕگەی ٢٤ دەستوری تورکیای سێکولاردا هاتووە کە هیچ کەسێک بۆی نییە بە هیچ جۆرێک ئایین بەکاربهێنێت بۆ مەبەستی تاکە کەسی و سیاسی، بەڵام ئەمە هەمان ئەو شتە بوو کە ئاکەپە کردی.

پێش چوار ساڵ ئەردۆغان ڕایگەیاند، کەئامانجی ئاکەپە ئەوەبووە کە نەوەیەکی دیندار پێبگەیەنێت، ئەمەش ئەو ڕێگایەیە کە ئەوان لەسەری دەڕۆن. 

بودجەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوبەرایەتی کاروباری ئاینی و کۆرسەکانی قورئان بە شێوەکەی لە ڕادەبەدەر زیادکرا.
ئامادەییە دینییەکان "قوتابخانەکانی ئیمامەت و وتاربێژی" یەکێکە لەو ئامرازە کاریگەرانە کە ئاکەپە لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بەکاری دەهێنێت بۆ گۆڕینی کۆمەڵگای تورکی.

لە ساڵی ٢٠٠٢ دا ئەم قوتابخانانە ٦٠هەزار قوتابییان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاد لە ملیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابییان هەیە.
لە بنەڕەتدا ئەم قوتابخانانە بۆ پێگەیاندنی ئیمامەکان کرابوونەوە، ئێستا ئامانجیان ئامادەکردنی کادیرانی "تورکیای نوێیە". سەرۆك ئەردۆغان خۆی دەرچووی ئامادەییەکی "ئیمامەت و وتاربێژی"یە وە دەرچووی ئەم ئامادەییانە ئێستا لە چەند جومگەیەکی هەستیاری دەوڵەتدان.
دەست بەسەراگرتنی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگای تورکی لە لایەن ئاك پارتییەوە هەنگاو بە هەنگاو لە سیاسەتی 'Gleichschaltung' (ڕێکخستن)ی ئەڵمانیای نازییەکان دەچێت. هەر وەک چۆن هیتلەر ئێرنێست ڕۆهم و شوێنکەوتوانیی لەناوبرد، ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە هەڵگەڕاوەتەوە لە هاوپەیمانی پێشووی، فەتحوڵڵا گولەن ، کە زانایەکی تورکی دانیشتووی پێنسیلڤانیایە، و شوێنکەوتووانی لە ناو بزوتنەوەی خزمەتدا.

لە ساڵی ٢٠٠٧ دا سوپای تورکیا ڕایگەیاند، کە ئەوان بۆ خۆیان "تاکە بەرگریکاری ڕاستەقینەن لە سێکولاریزم"، بەڵام ئەردۆغان بە پشت بەستن بە لایەنگرانی بزوتنەوەکەی گولەن لە ناو پۆلیس و دادگاکاندا توانی سەر بکەوێت بەسەر سوپا و بەرهەڵستکارە سێکولارەکانیدا لە زنجیرەیەک دادگاییدا کە ڕەنگی خۆدەرخستنی پێوە دیاربوو، بەڵام دەرکەوتنی گەندەڵییە بەرفراوانەکانی ناو حکومەت دوو ساڵ لەمەوبەر وای کرد کە ئەردۆغان بزوتنەوەکەی گولەن بەوە تاوانبار بکات کە دەیانەوێت "کودەتا"ی بەسەردا بکەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هەزاران پۆلیس و داواکاری گشتی و دادوەر لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی ئەردۆغان پێی دەڵێت "پارالێل" یاخود "هاوتەریب".

بە هەمان شێوەی 'Sondergerichte' (دادگا تایبەتەکان)ی نازییەکان، کۆمەڵێک دادگای خاوەن دەسەڵاتی تایبەت دامەزرێنراون و بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەیارەکانی ئاکەپە، هەر بەمەوە نەوەستان ئەم دادگایانەیان کرد بە دادگای تاوان و دەسەڵاتی لە ڕادە بەدەر درا بە تەنها دادوەرێك. ئەمە بەشێکە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەری، کە وای کردووە حکومەت بتوانێت کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بکات.

لە لایەکی ترەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی سوودمەنبوونی دوو لایەنە لە نێوان ئەردۆغان و ئاك پارتی لە لایەک و دونیای بازرگانی لە لایەکی ترەوە هاوشێوەی "cron capitalism" دروستبوو، کە تیایدا کۆمپانیاکان لە بەرامبەر بەخشینی پارە بە دامودەزگاکانی ئاك پارتی و ئەردۆغان، بۆ نموونە بە دامەزراوەی گەنجان و خزمەتگوزاریی پەروەردەیی (TÜRGEV) کە بیلالی کوڕی ئەردۆغان سەرۆکی بۆردەکەیەتی، دەتوانن بەڵێننامە و تەندەری زەبەلاح لە ‌حکومەت وەربگرن.

سەرئەنجام ئەو کۆمپانیایانەی کە بەم جۆرە کارناکەن و پارە نابەخشنە ئەو دامەزراوانە، ڕووبەڕووی توڕەیی حکومەت دەبنەوە و بێبەش دەبن لە بەڵێننامە و تەندەرە گشتییەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا گروپی میدیایی دۆغان کە گەورەترین گروپی میدیایی تورکیایە ڕووبەڕووی دوو شەپۆلی زۆر گەورەی سزادانی باجی بوویەوە پاش ئەوەی هەستا بە ڕووماڵکردنی چەند کەیسێکی گەندەڵی لە ناو ئاکەپەدا، هەروەها بانک ئاسیا کە پەیوەستە بە بزوتنەوەی گولەنەوە و گروپی میدیای ئیپێکیش لە لایەن حکومەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. 

بە هەمان شێوە هەڵمەتی دەرکردن و دەستگیرکردن و ناوزڕاند کۆمەڵێکی زۆر ڕۆژنامەنووس و کەسی ئەکادیمی و هەموو ئەوانەی گرتووەتەوە کە ڕەخنە لە ڕژێمەکەی ئەردۆغان دەگرن، هەمووشیان بە ناپاک لە قەڵەم دەدرێن.

گەروەترین مەترسی لەسەر دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان لاوازبوونی گەشەسەندنی تورکیایە لەگەڵ زیادبوونی بێکاری و ڕێژەی هەڵئاوسان. لە لایەکی ترەوە بە هەمان شێوە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر سوریا لە ئەنجامی پشتگیری کردنی گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و بەرەی نوسڕە پاشەکشەی کردووە.

زیاد لەمانە وتاری ڕق ئامێزی ئەردۆغان بەرامبەر بە پەکەکە و گەشەسەندنی شەڕ دژی ئەو پارتە ئێستا بووەتە هەڕەشەیەك لەسەر دابەشبوونی خاکی تورکیا و گەر بەردەوام بێت پێدەچێت تورکیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی دابەش ببێت.

* ڕۆبەرت ئێلیس لێکۆڵەری کاروباری تورکیایە و بۆ میدیا دانیمارکی و نێودەوڵەتییەکان دەدوێت و دەنووسێت.




زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە