نامەی نوام چۆمسکی و برادەرەکانی، بۆ ئۆباما
PM:05:17---26-01-2016
ئه‌م بابه‌ته 10179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
وەرگێڕانی كامیار سابیر
بەڕێز و خۆشەویست، سەرۆک
گومان لەوەدا نییە کە ئاگاداریت، چیی دەگوزەرێ؟ حکومەتی سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب گەییب ئەردۆغان، لەم چەند مانگەدا، گەمارۆی شار و گەڕەکە کوردنشینەکانی، لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ داوە و تۆپبارانیان دەکات. پاڵنەری سەرەکیی ئەمەش، بەتایبەتیی، بەرەنگاربوونەوی تێرۆریزمی ناوخۆییە کە خۆی لە لاوازکردنی پارتیی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە- دا دەبینێتەوە. بەشێوەیەکی زۆر ترسناک، هەمان بیانووەکانی سەرۆک ئەسەد، دووبارە دەبێتەوە کە بەرمیلە بارووتی بەسەر هاووڵاتییەکانی خۆیدا، هەڵدەڕشت. ئەمەش لە باشترین هەڵسەنگاندندا، بەشێك لە ئیجرائاتەکانی ئەردۆغان، بەیان دەکات. ئەم ئیجرائاتانەش وا دەردەکەوێ کە کەمپەینێکی بەرینی تۆقاندن بێت و ئامانجەکانیش، چالاکوانە کوردەکان و ئەوانەی کە داکۆکیی لە مافی کەمایەتییەکانی تر لە تورکیادا دەکەن، دەگرێتەوە. ئەوانەی بەشوێن چارەسەرێکی دیپلۆماسییەوەن بۆ کێشەکان، لەناویشیاندا ئەندامان و لایەنگرانی پارتیی دێمۆکراتیی گەلان ( هەدەپە)، دەگرێتەوە.
بە هەمەحاڵ، مەعقولییەت یان ئەوەی مۆتیڤی رەسمیی حکومەتەکەی ئەردۆغان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بە قەبارەیەکی گەورە، شەڕی نابەرابەری داسەپاندووە و کۆتاییەکەیشی شەڕێکی نادیارە. ئەمانەش دەبنە ئازارچەشتن و دەردەسەریی بۆ خەڵکی سیڤیل کە دەکرێ روونەدەن و قابیلی قبوڵکردنیش نیین. هاوکات، بە پێی قانوونی ناوخۆیی و نێونەتەوەییش،ئەمانە، نا مەشروع و ناقانوونیین. ئێمە نیگەرانین لەوەی ئەم گرژییانەی ئێستا تەشەنە بسەنن و تورکیاش بگرنەوە. بۆی هەیە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی سەرتاسەریی هەنگاو بنێ. بەڕاستیی، جێگەی گاڵتەجاڕییە لەکاتێکدا هاووڵاتییە کوردەکانی عێراق و سوریا، حکومەتی لۆکاڵیی خۆیان هەیە و شەڕی داعش دەکەن، هەروەک چۆن برا کوردەکانیشیان لە تورکیا هاوکاریی ئەوانیان لە شەڕی داعشدا، زۆر بەباشیی کردووە و بەرەنگارییەکی سەرسەختانەیشیان، نیشان داوە.
هەڵسوکەوتەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان، بەبێ تەحەداکردن ناگوزەرێ، لە ناوەوەی تورکیا بێت یان لەدەرەوە بێت. خەڵکی تورکیا لە فرە نەژاد، فرە جێندەر و کەسانی پرۆفێشناڵ، بە ناڕەزایەتیینامەیەک داوایان لە حکومەتەکەیان کرد کە ئاگربەستی شەڕ رابگەیەنێت دژی هاووڵاتییە کوردەکان و دەروازەی دایەلۆگ لەگەڵ چالاکوانە ئاشتییخوازە کوردەکاندا بکاتەوە. هەروەها داوایان کرد کە رێگە بە ژۆرناڵیستە بێلایەنەکان بدرێ کە بچنە ناوچە کوردنشینەکان کە ئێستا لە ژێر ئابڵۆقە و بۆمباردوماندان. وەڵامی حکومەتی ئەردۆغان، تەنیا سەرکوتکردنی زیاتری نەیارەکانی بوو، گرتنی ئەو ئەکادیمستانە بوو کە پرۆتێستیان کردبوو. هەروەها ئێستا دەردەکەوێ کە کوشتنی بەئەنقەستی ئەو سیاسییە دیارانەی لەناو ئۆپۆزیسیۆندا رۆڵیان هەبووە، پیلانی بۆ دانراوە یان لای کەم لەباری ئاساییشەوە تەگەرەکان لادەبەن و رێگە خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی بکوژرێن.
دان بەوەدا دەنێین کە رێگەچارەکان، سنووردارن، کاتێ دێتە سەر دەخالەتکردن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تر کە نیگەرانیی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها باوەڕمان بەوە هەیە کە هێزی قەناعەتپێکردنی مۆراڵیی، بەتایبەتیی کە لە تۆوە سەرچاوە بگرێت، چەند بچووکیش بێت، جێگەی خۆی دەگرێ. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەکرێ ئاڵوگۆڕێک بەسەر دۆخەکەدا بهێنرێت.
بەمجۆرە، ئێمە بە تەقدیرەوە، داوات لێدەکەین روو بەڕای گشتیی و لە رێی پێوەندییە شەخصییەکانتەوە، سەرۆک ئەردۆغان، هان بدەیت ئەم داواکارییانە جێبەجێ بکات:
1. دەستبەجێ ئەو تۆپبارانە هەڕەمەکییانەی حکومەت دژ بە ناوچە کوردنشینەکان، لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، بوەستێندرێ.
2. دەستبەجێ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ عەسکەرییانە یان ئەو دۆخەی بە ناوی ( قەدەغەی هاتوچۆوە) لەسەر ناوچە کوردنشینەکان هەیە.
3. کردنەوەی دەستبەجێی ئەم گەڕەک و شارانە، بەڕووی ئەو ژۆژرناڵیستانەی کە لە هەموو نەتەوە و ئینتیما سیاسییە جیاوازەکان، پێکدێن. ئەمانە، هێشتا دەتوانن فۆرمی کارییترین گورزی رۆشنایی بە رای گشتیی بگەیەنن، کاتێ دێتە سەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکارییەکان، لەلایەن حکومەتەوە.
تۆ، سەرۆک، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، سەرچاوەی ئیلهامی سیاسیی و مۆراڵیی، بۆ صەدان میلیۆن مرۆڤ(بەڵێ بە ئێمەشەوە ) لەسەرتاسەری جیهاندا، بوویت و هەیت. ئومێدەوارین کە بزانیت، کاتێ ئەمەت بۆ دەنووسین، ئەمە زۆر بەسەلیقەوە لە فەچیلەتی نموونەیی تۆدا، بەهەردوو بارە مۆراڵیی و کارگوزارییە سیاسییەکەی، بەرجەستە بووەتەوە و ئاوێزان بوونە. بە ئومێدێکی پڕ لە باوەڕەوە، پێمانوایە کە تۆ هەرچییەک بتوانی و لەدەستت بێ بۆ پاراستنی کەمینەی کوردیی دەیکەیت. هەروەها هەوڵ بۆ پاراستنی دەیان میلیۆن تورک کە رێزی دەستورەکەی خۆیان و هاووڵاتییانی نیشتمانی خۆیان دەگرن، لەدەست ملهوڕییەکانی حکومەتەکەی بەڕێز ئەردۆغان، دەدەیت.
بە سوپاس و باشترین ئومێدەوارییەوە



زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە