كوا خوێنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە؟
PM:05:17---20-07-2016
ئه‌م بابه‌ته 4451 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
ڕاپۆرتی: لڤین
بۆچی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك زانیارییەكانی كەیسی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە ئاشكراناكەن؟

فەرمان مامە حەمە: ئێمە دڵنیاین، پۆلیسی كەركوك زانیاریی تەواوی لەسەر بكوژانی سۆرانی مامە حەمە هەیە، بەڵام مەبەستیان نییە، یان ناوێرن ئاشكرایبكەن، چونكە ڕەنگە خۆشیان بەشێك بن لەتاوانەكەو دەستیان لەكارەكەدا هەبێت. 

"سووربوونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەكوك ، چەندان جار ئەوی ڕووبەڕووی هەڕەشەو مەترسیی كردبووەوەو دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو."

"سۆرانی مامە حەمە بۆ خستنەڕووی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك‌و خاوەنی چەندان ڕاپۆرتی گرنگ‌و بە بایەخبوو كە بوو بووە مایەی هەراسانكردنی بەرپرسان‌و كەسانی گەندەڵی حیزبی لەو شارەو بە بێترس‌و سڵەمینەوە لەڕاپۆرتەكانیدا ڕووی ناشیرنی ئەوانی گوزارشت لێدەكرد.


 ڕاپۆرتی، لڤین
 
لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 لەترسی ڕژێمی بەعس شاری كەركوك جێدەهێڵن‌و ڕوودەكەنە شاری سلێمانی، لەحامیەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، ئەو دەمە سۆران تازە چووبووە قوتابخانە، فەرمانی برای دەڵێت، زۆجار دەمبینی كە لەدیوارەكانی حامیە شیعری دەنووسی، هەر لەو سەردەمەوە هەستمكرد كە سۆران مناڵێكی هەستیارەو جیاوازە لەمنداڵەكانی تر.
سۆرانی مامە حەمە، ساڵی 2003 كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، فەرمانی برای دەڵێت "سۆران لەمناڵییەوە عەشقێكی زۆری بۆ خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بە مناڵییش كاتێك لەپۆلی دوو، سێی سەرەتاییدا بووە لەدیوارەكانی حامیە شیعری نووسیوە، كاتێك سۆران لەپۆلی سێیەمی ناوەندی بوو لەساڵی 2003، ڕۆژێك لەكەڵ دایكمدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوكم، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییەو زۆر پیسەو پڕە لەئاژەڵ، دێتەوە ماڵەوەو بابەتێك لەسەر ئەوە دەنووسێت‌و لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاویدەكاتەوە‌و دوای نووسینەكەشی شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دەكات".

ئەحمەد میرە، سەرنووسەری گۆڤاری لڤین باس لەوە دەكات كە سۆران لەزۆنی مەرگداو لەژێر سێبەری تیرۆردا كاری ڕۆژنامەنووسیی كردووە "سۆرانی مامە حەمە كاتێك شەهید بوو تەمەنی 22 ساڵ بوو، لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، ڕۆژنامەنوسێك بوو لەزۆنی مەرگدا كاریدەكردو لەژێر سێبەرو ڕەشماڵی تیرۆردا بوو".
میرە دەربارەی ڕۆڵ‌و گوزارشت‌و ناوەڕۆكی ڕاپۆرت‌و كارە ڕۆژنامەوانییەكانی شەهید سۆرانی مامە حەمە دەڵێت "ئەو دەمەی سۆران شەهید بوو، لەناو دونیای شانۆی كوردیدا، ئەكتەرێك بوو لەشانۆی فرۆشتنی نیشتیماندا ڕۆڵی پاڵەوانێكی (دزگری) دەبینی، بەڵام شانۆگەرییەكە وەك هەموو شتەكانی تری ئەم وڵاتە پێچەوانە بووەوەو بوو بەدیاردەیەكی ڕاستی‌و دواجار دزەكان بەبەرچاوی هەموو دونیاوە پاڵەوانە ڕۆحسووكەكەی ناو شانۆگەریی فرۆشتنی نیشتیمانیان شەهیدكرد، كاتێك سۆران شەهید بوو، خەریكی نوسینەوەی چیرۆكی ئەو گەنجانەی شارەكەی بوو، كە نەیاندەزانی جیاوازیی ژیان چییە لەنێوان دەستی تیرۆری بەعسییەكانی دوێنێ‌و تیرۆری شۆڕشگێڕەكانی ئەمڕۆدا، هەوڵەكانی ئەو بۆ ئەوە بوون پێیانبڵێت؛ ئێمە لەبەر ئەوەی هەمیشە ژێردەستە بووین وا پەروەردەكراوین، دیكتاتۆرێكی كوردیمان پێباشتربێت لەدیموكراتخوازێكی بێگانە".
لە پاش هەشت ساڵ لەشەهیدكردنی، هێشتا بكوژانی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە ئاشكرانەكراون، برایەكی سۆرانی مامە حەمەش دەڵێت هێزە ئەمنییەكانی كەركوك زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆران لەلایە، بەڵام ناوێرن ئاشكرایبكەن.
 فەرمان مامە حەمە، برای شەهید سۆران، ئاماژە بەوە دەدات كە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، بەتایبەت هێزەكانی پۆلیس زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆرانی مامە حەمە هەیە "ئێمە دڵنیاین، پۆلیسی كەركوك زانیاریی تەواوی لەسەر بكوژانی مامە حەمە هەیە، بەڵام مەبەستیان نییە، یان ناوێرن ئاشكرایبكەن، چونكە ڕەنگە خۆشیان بەشێك بن لەتاوانەكەو دەستیان لەكارەكەدا هەبێت".  

ئەو لەزۆنی مەرگدا كاری ڕۆژنامەنووسیی دەكردو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بوو، سووربوونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك ، چەندان جار ئەوی ڕووبەڕووی هەرەشەو مەترسی كردبووەوەو دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.

سۆرانی مامە حەمە بۆ خستنەڕووی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك‌و خاوەنی چەندان ڕاپۆرتی گرنگ‌و بە بایەخبوو كە بوو بووە مایەی هەراسانكردنی بەرپرسان‌و كەسانی گەندەڵی حیزبی لەو شارەو بە بێترس‌و سڵەمینەوە لەڕاپۆرتەكانیدا ڕووی ناشیرنی ئەوانی گوزارشت لێدەكرد.

 سۆرانی بڕوای وابوو كە "گەندەڵی‌و خیانەتی جۆراوجۆر لای دەسەڵاتی كوردی بووەتە فەلسەفەو كردوویانە بە فاكتەری بەهێز بۆ مانەوەیان".
لەپاش چەندین بەڵێنی بەرپرسان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران‌و بكوژانی سۆران، بە بەڵێنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، بەڵام دوای هەشت ساڵ بەسەر شەهیدكردنیدا هێشتا تاوانباران ئاشكرانەكراون‌و كەیسەكەش بێئەنجام ماوەتەوەو بەڵێنەكان بە تاریكی سپێرراوون.


پرۆفایل
* (سۆران محەمەد عەزیز) ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە2/2/1986 لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە.
* لەساڵی (2003)ەوە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنووسی كردووە.
* شاعیرێكی هەستناسك‌و بە توانابووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە.
* قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو.
* بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بوو.
* شەوی12/22 ی 2008 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.





كوا خوێنی شەهید قەڵەم سۆرانی مامە حەمە؟
منبەج ، بۆچی گرنگە؟!
سەلاحەدین بەهادین دەگەڕێتەوە
موحافیزكاران و ریفۆرمخوازان لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا
غرووری پارتی دەشكێت، یان سیحری گۆڕان بەتاڵ دەبێتەوە؟
ڕۆشنبیرانی ”بەیعە“گەر
دەربارەی بەیاننامەی ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرەکە
قیڕەقیڕی عەلمانیەت و دین لە کوردستاندا
دکتۆر قاسملو:
"بیرمەندە شۆڕشگێڕەکە"
لولا داسیلڤا ، سەرۆكی بەرازیل
ئەو سەرۆكەی مێژوو دوبارەی ناكاتەوە
ئەژدیهای قــەرز لەگەردنـی هەرێمی کوردسـتانەوە دەئـاڵـێـــت
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە