‌ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئاماژه‌ به‌پێشێلكاری ده‌كات
PM:05:11---24-06-2018
ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی یاسایی و ئیداریی به‌په‌له‌ كردوه‌، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند ده‌نگۆیه‌ك كه‌ باس له‌ پێشێلكاری له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان ده‌كات.
ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ راپۆرته‌كانی ئۆپۆزسیۆن سه‌باره‌ت به‌ رودانی پێشێلكاری له‌ پارێزگای ئورفه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ گێچه‌ڵیان پێ ده‌كرێت تا ناچار بكرێن ده‌نگ بۆ ئه‌ردۆغان و پارتی دادوگه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار بده‌ن.

كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری كه‌ پارتێكی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزسیۆنه‌، دوای ده‌نگدان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وتی كه‌ حزبه‌كه‌ی سكاڵای پێگه‌یشتوه‌ و زانیویه‌تی له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی توركیا واته‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان پێشێلكاری رویداوه‌.

وتیشی"هه‌ر پێشێلكارییه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان روبدات، گورزێكه‌ له‌ دیموكراسییه‌كه‌مان، بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ئاگادار بكه‌مه‌وه‌ و پێیان بڵێم: به‌ ئه‌ركی خۆتان هه‌ستن."

له‌به‌رامبه‌ریشدا عه‌بدولحه‌مید گول، وه‌زیری داد-ی توركیا دوای ده‌نگدان له‌ شاری غازی عه‌نتاب له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی توركیا وتی: هیچ سكاڵایه‌كمان سه‌باره‌ت به‌ رودانی پێشێلكاری پێنه‌گه‌یشتوه‌.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا وتویه‌تی ده‌نگی هاوڵاتیان له‌ شاری ئورفه‌ ده‌زرێن و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌نگێكی زۆریان خستوه‌ته‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی سكای نیوز، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌ نزیك بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ شاری ئورفه‌ ئۆتۆمبیلێكیان گرتوه‌ كه‌ چه‌ند لیستی ئاماده‌كراوی ده‌نگدانی تێدا بووه‌ و سێ كه‌سیشی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردوه‌.

هاوكات موحه‌ره‌م ئینجە، كاندیدی پارتی گه‌لی كۆماری و رکابەری ئەردۆغان خۆی بۆ شەڕێکی یاسایی ئامادە دەکات و دوای ده‌نگدانی له‌ شاری یلوا-ی نزیك ئه‌سته‌نبوڵ رایگه‌یاند كه‌ ده‌یه‌وێت بچێته‌ به‌رده‌م كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌وێوه‌ چاودێریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی حوزه‌یرانی 2018، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا ده‌ستی پێكرد، پرۆسه‌كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دای به‌رده‌م ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داده‌نرێت كه‌ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ خۆی و حزبه‌كه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدان.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ رێگه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تیی جێبه‌جێكاری به‌هێز ده‌دات كه‌ ئه‌ردۆغان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات، سیستمه‌كه‌ له‌ ساڵی 2017دا ریفراندۆمی له‌سه‌ر كرا و زۆرینه‌یه‌كی كه‌م له‌ هاوڵاتیانی توركیا ده‌نگیان بۆ دا.



هاوسه‌رێكی نهێنی جه‌مال خاشوقچی له‌ كه‌نداوه‌وه‌ ده‌ركه‌وت
بەهۆی زیادبوونی نرخی سوتەمەنی فەرەنسا خۆپیشاندان دەکات
تره‌مپ بۆ میشێل ئۆباما: له‌ مێرده‌كه‌ت خۆش نابم
په‌رله‌مانی ئه‌وروپا داوای سه‌پاندنی گه‌مارۆی چه‌ك به‌‌سه‌ر سعودیه‌دا ده‌كات
ئه‌مه‌ریكا بیرۆكه‌كه‌ی ماكرۆن ره‌تده‌كاته‌وه‌
میلانیا له‌ كۆشكی سپی ئافره‌تێكی به‌ ده‌ركردن دا
داواكاری گشتی سعودیه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر 24 نهێنی کوشتنی خاشوقچی هه‌ڵده‌داته‌وه‌
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی واشنتۆن دەکات
شازاده‌ی سعوودیه‌ فه‌رمانی كوشتنی خاشوقچی ده‌ركردووه‌
ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا لە زیادبووندایە

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە