داواکارییەکانی یەکێتی و گۆڕان لە پارتی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەت بڵاوکرایەوە
PM:12:43---18-11-2018
ئه‌م بابه‌ته 2265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لڤین:
گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوێنێ‌ (شەممە)وە دەستی پێكردو ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەتی نوێدا بەشداری دەكات و داوای جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات بۆ كاروباری دارایی.

دوێنێ‌ (شەممە) وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەردانێك گەیشتنە شاری سلێمانی‌و سەرەتا لەگەڵ وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی ئەو پارتە، كۆبوونەوە‌و پاشان لەگردی زەرگەتە لەگەڵ وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە. 

لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند :"ئامانجی پارتی‌و یەكێتی ئەوەیە بەزوویی حكومەتێكی بەهێز دروست بكەین، بۆ ئەوەش تاوتوێی چەند پرسێكمان لەكۆبوونەوەكە كردووە، لەكۆبوونەوەكە بۆچوونمان لەیەكەوە نزیك بووە، بەتایبەتی پرسی باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی‌و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهەموو ناوچەكانی كوردستان". 

لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتی :"لەكۆبوونەوەكە باسی پێكهێنانی حكومەتمان كردو وەك یەكێتی هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەحكومەت بكەن". 

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ژیان¬ی وت "ئێمە پڕۆژەیەكمان ئامادەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و دوێنێ‌ لەكۆبوونەوەكەی وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیدا ئاراستەی وەفدەكەی پارتی كرا". 

سەكردەكەی یەكێتی باسی لەوەشكرد كە یەكێتی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێی هەرێمدا‌و ئالیەتی پێكهێنانەكە دانراوە بۆ گفتوگۆكانی دواتر و سەردانی دوێنێی وەفدەكەی پارتی سەرەتایەكە‌و دوای ئەوەی پەیامەكان دەگات‌و گفتوگۆی لەسەر دەكەن‌و دواتر وەفدی تر دێت‌و گفتوگۆكان بەردەوام دەبێت".  

ڕۆژنامەی ژیان زانیوویەتی لەئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پڕۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و لەدانوستانەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پڕۆژەكە دەدرێتە وەفدی پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەیەوە‌و لە پڕۆژەكەدا یەكێتی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت لەدابەشكردنی پۆستە سیادییەكاندا پشكی سەرەكی هەبێت. 

هەروەها لەبەشێكی تری پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا ئاماژە بەوە كراوە كە نابێت ئەو ناهاوسەنگییەی كە پێشتر لەكابینەكانی پێشوودا هەبوو بمێنێت، بەوپێیەی یەكێتی لەو بڕوایەدایە كە ئەو ناهاوسەنگییەی دابەشكردنی پۆستەكان ناتوانێت خزمەت بەداواكارییەكانی خەڵك بكات. 

سامان گەرمیانی ئاماژەی بەوەشكرد، كە وەك یەكێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و چەند وەزارەتێك دەكەین بەدەسەڵاتی تەواوەوە. 

لەبارەی روانینی خۆیان بۆ پێكهاتەی حكومەتی داهاتووی هەرێم، سامان گەرمیانی وتی "لەئەنجامی گفتوگۆ‌و سەردانەكاندا دەردەكەوێت كە چ لایەنێك بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لەحكومەتی نوێی هەرێمدا دەكات".  

بەپێی زانیارییەكانی ژیان "لەكۆبوونەوەكەی دوێنێ‌ (شەممە)ی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی، گۆڕان كارنامەیەكی داوەتە وەفدی پارتی‌و تیایدا داوای شەراكەتی راستەقینە‌و گرەنتی لەپارتی دەكات". 

ژیان ئەوەشی زانیوە "لەكۆبوونەوەكەی نێوان وەفدی پارتی‌و گۆڕاندا، گۆڕان داوای جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە بۆ كاروباری دارایی". 





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە