پەیامم بۆ هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم
ئاڵا تاڵەبانی
PM:02:29---20-04-2017
ئه‌م بابه‌ته 5175 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
لە بەغداد لە نوسینگەی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیكردن و كۆبونەوە لەگەل نوێنەری ریكخراوی كورتەباڵاكانی كوردستان و لەنزیكەوە گوێمان لە داواو كێشەكانیان گرت.
خاوەن پێداویستەتایبەتەكانی كوردستان بەتەنها( ١٥٠ هەزار) دیناری حكومەتی هەرێمی كوردستان رازی بوون بە كولەمەرگیش بێت ژیانیان دەگوزەران ، بەڵام ئێستا حكومەتەكی كە دەنگیان پێدا نەك بەلێنەكانی بۆ جێبەجێ نەكردن ، بەڵكو بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسی و داراییەی كە بەهۆی ناشەفافیەتی نەوتەوە توشی هەرێمیان كردوە، ئەوەتا هاوكاری مانگانەی ئەم توێژەیان بۆ ( ٦٠ هەزار) كەمكردوەتەوە ، لەماوەی سالێكدا تەنها چوار مووچەیان پێدراوە.
وەزیرە بەریزەكانی یەكیتی نیشتیمانیی، كاتێك جەماوەری كوردستان بەگشتی و جەماوەری یەكێتی بەتایبەتی دەنگیان بەلیستی یەكێتیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، كۆمەڵێ بەڵێنی زۆرمان بەو چینەو كەسوكاری شەهیدان و كەم ئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە ...هتد دابوو ، كەچوینە سەر كورسی حكوم بۆیان جێبەبەجێ بكەین ژیانیان خۆش گوزەرانتربكەین و كەرامەتیان بپارێزین.
تاكەی بێدەنگدەبن بەرامبەر ئەم ناعەدالەتی كۆمەڵایەتیە؟!
ئاخر خێزانێكی خاوەن پێداویستی تایبەت چۆن دەتوانێ ساڵیك بەتەنها چوار مووچەی ( ٦٠ هەزاری) حكومەتەكەی گوزەران بكات ؟! بەبەرچاوی ئێوەش نەوت هەناردە ئەكرێ، ئەفرۆشرێ، بەڵام كەس بۆی نیە بزانێ داهاتەكەی چی لی دێت!
وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ بەرێزتان و ئەوسوێندەی بەجێ ئەهێنن كەلەكاتی وەرگرتنی پۆستەكانتاندا خواردبووتان؟!
هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەرێزان، زۆربەتان چونە شاخ و چەكی مەردایەتیتان كردەشان چونكە ناعەدالەتیتان پێ قبووڵ نەبوو ، بۆدیفاعكردن لە زوڵملێكراو لێقەوماوانی ئەم میلەتە خەباتان كرد، لە خەباتی پەرلەمانی و حكومەتیش یەكێتی و جەنابی مام جەلال خاونی پرۆژە، بەرنامەو و دروشمی خزمەتكردنی چێن و توێژی هەژارو خاوەن پێداویستی تایبەت بوە، هەمیشە جەنابتان بەرنامەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگاكان ئەنوسن.
تكاتان لێدەكم مەچنە هەولێر بۆ دروستكردنی كۆمیتەو كۆمسیۆنی ریفراندۆم ... بچن كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەرانەوەی شەرعیەت دروست بكەن.
بچن بۆ هەولێر، كۆمیتەی لیژنەی ماف و موچەو ئیستحقاقی ئەوخەڵكە پێك بهێنن كە لەهەڵبژاردنەكان بە ماڵ و پارەو شەونخونی خۆیان خۆیان كار بۆ سەرخستنی یەكێتی ئەكەن و دەنگمان پێ دەدەن !!!.
رێكخراوەكانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان... مامۆستایان، فەرمانبەران ،،،هتد. لەبێ ئومێدیان لە حكومەتی هەرێم و لە بەر قورسی باری ژیانیان و نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی ئەوەتا پەنایان ئەهێنە بەر بەغداد !!!
هیوادارم وەكو ئێمەی پەرلەمانتاران، لە میدیاكان و كۆبونەوەكان بەمانیش نەڵێن ( عێراقی) و جاشی نازانم كێ ؟!.





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە