‎بە ڕاكردنیش نەبێ، هەر دەگەنە بەغدا
مه‌سعودی‌ مه‌لا هه‌مزه‌
PM:06:24---24-05-2018
ئه‌م بابه‌ته 2230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

‎هەمیشە وایە، دوای هەڵبژاردنەكان گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێدەكاو لایەنە براوەكان هەوڵی كۆكردنەوەی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان دەدەن لە دەوری خۆیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ خۆیان.

‎لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا، لە سەرجەم كابینە یەك لەدوای یەكەكان كورد بەشدارێكی كاراو كاریگەر بووەو هەمیشە بەشێك لە پۆستە گرنگ و سیادییەكانیشی لابووە، بەڵام بارودۆخی ئەمجارە تەواو جیاوازەو هۆكاریش بۆ ئەمەزۆرن:

‎یەكەم: غیابی تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە ئایندەی عێراقدا.

‎دووەم: نەبوونی یەكگوتاری كوردو پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردی، بە جۆرێك بۆتە بەشێك لە مەحاڵ لایەنەكان پێكەوە كۆببنەوە.
‎سێیەم: دروستبوونی لیستی تازەو بەدەستهێنانی كورسی لە هەرێم و بەغدا، كە بەشێك لە كەسی یەكەمی حزبەكان یەكەم جاریانە بێنە نێو گۆڕەپانی سیاسی.

‎ئەمانەو چەند هۆكارێكی تریش هەن كە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان كردۆتە كارێكی قوڕس و بەشێك لە مەحاڵ، لە سەرووی هەموویان پەرتەوازەیی نێوماڵی شیعەكان و نەبوونی كەسی یەكەم و بڕیار بەدەست لەنێو سوننەكان و دەستوەردانی وڵاتان لە كاروباری عێراق.

‎لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، ئەگەرچی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو تانەیان لێی هەبوو، بەڵام ئاماژەكان وای نیشان دەدەن كە ئەوە ئەنجامی كۆتاییەو بەشێكە لە فاكت و دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بكرێ.

‎كەوایا هیچ گومانی تێدا نییە، كە حكومەتی داهاتووی عێراق لەلایەن ئەو لایەنە براوانە پێكدەهێنرێ، ئەوەی مایەی تێڕامان و قسە لەسەركردنە بەشداری كوردو چۆنیەتی بەشداریكردنیەتی لەو حكومەتە.

‎لە دوایین سەردانیدا بۆ كوردستان، برێت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی دژ بە داعش و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكان، لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا مەكگۆرگ جەختی لەوە كردۆتەوە كە مەبەستیانە كورد وەك یەك تیم بچنە بەغداو كۆدەنگ بن لە پرسەكاندا، كەواتا بەلای وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكاش یەكدەنگی كورد گرنگە، ئەی خێرە لای كورد خۆی ئەمە گرنگ نییە؟!
‎دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان ئەوەی چاوەڕوان دەكرا ئەوەبوو كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ئەنجام بدەن و دواجار بە پڕۆژەیەكی هاوبەشەوە بچنە بەغداو گفتوگۆی ماف و بەشداری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق بكەن، هەرچەندە لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا وا بڵاوكرایەوە كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكان، كەچی هیچ یەك لەو سەردانانەمان نەبینی و ئەوەی بینرا وەفدی پارتی چووە بەغداو بەدوای ئەودا نەوەی نوێ و یەكێیش چوون.

‎كێشەكە لە چوونی وەفدی تەنهای حزبەكان نییە بەقەد ئەوەی كێشەكە لەسەر ئەجێندای ئەو لایەنانەیە كە ڕوون نییە، ئەوەی ڕوونە لە سەردانەكاندا داوای پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، كە هەر لە سەرەتاوەو لە بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم ئەم پۆستە بۆ یەكێتی بووە، پرسیار ئەوەیە باشتر نەبوو لایەنە كوردستانییەكان لەنێو خۆیاندا ڕێك بكەوتنایەو وەك یەك تیم داوای پۆستی سەرۆك كۆماریان بكردایە؟ ئایا پارتی بە تەنهاو بێ ڕەزامەندی یەكێتی و لایەنە كوردستانییەكان دەتوانێ ئەو پۆستە بۆ خۆی زامن بكا؟ بێگومان وەڵامەكەی نەخێرەو بەبێ كۆدەنگی كورد بەگشتی و یەكێتی بەتایبەتی ئەستەمە ئەو پۆستە بۆ هیچ كەس و لایەنێك یەكلابێتەوە.
‎بە بڕوای من پێویست ناكا ئەو لایەنانە ئەوەندە پەلە پەلی ڕاكردنە بەغدایان بێ، لەبری ئەوە ئەگەر بتوانن یەكدەنگی كورد دروست بكەن و وەك هاوپەیمانێتییەكی هاوبەش بڕۆنە بەغدا ئەوا بێشك لایەنە عێراقییەكان دێنە هەولێرو سلێمانی و دەرگای گفتوگۆ بەڕووی لایەنە كوردییەكان دەكەنەوە، نەك وەك ئەوەی ئێستا هەیە لایەنە كوردییەكان پەلە پەلی گەیشتنیانە بە بەغداو هەوڵی چنینەوەی پۆست بۆ خۆیان دەدەن.

‎هەموو ئەمانە بە لایەك، خۆ هەر ئەو لایەنانە بوون لە كارنامەی هەڵبژاردنیان باسیان لە دنیایەك مافی نەتەوەیی كوردو جێبەجێكردنی دەستوور دەكرد، ئەرێ پێم ناڵێن چۆن ئەمانە جێبەجێ دەكەن؟ دەبێ لایەنەكان ئەوەندە بێ ئاگا بن كە نەزانن چوونیان ئاوا بە تەنهاو داواكردنی پۆست بۆ خۆیان جگە لە زیانگەیاندن بە مافەكانی گەلی كورد هیچی تری لێ چاوەڕوان ناكرێ.

‎ئەوەی ماوە بیڵێم، پێویستە هەرچی زووە بە وەلانانی ناكۆكییەكان، پێویستە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان كۆببنەوەو بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی دابنێن و تێیدا داواكارییەكانی كورد، هەر لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەستوور بەگشتی و ماددەی ١٤٠ و كێشەی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و ئیستحقاقاتەكانی پێشمەرگەو كێشەكانی سنوورو سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەخۆ بگرێ و هەموو لایەنەكان بەیەكەوە كاربكەن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە.

‎بە نەكردنی وەها كارێك لەوانەیە چەند لایەنێك پۆستێك یان دوو پۆست زیاتر یان كەمتر بەدەست بێنن، بەڵام لە دواجاردا ئەمە دەبێتە لەمپەرێكی گەورە لە بەردەم جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كورد و كۆتاییەكەی بەزیان بۆ ئایندەی مافە دەستوورییەكانی كورد دەشكێتەوە.

‎لە هەموو ئەمانە گرنگتر یەكگرتوویی و یەكگوتاری كورد دەتوانێ ببێتە ڕێگرێكی ڕاستەقینە لە بەردەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لە عێراقدا، كە ئەم جۆرە لە حوكمڕانییە ئێستا هەوڵی بۆ دەدرێ و دەیانەوێ سەربگرێ و بە سەركەوتنی ئەم هەنگاوە سەرجەم بنەماكانی تەوافوق تێكدەشكێ، ئەو تەوافوقەی عێراقی نوێی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لەسەر بنیات نراوەو ناكرێ ڕۆڵ و پێگەی هیچ یەك لە پێكهاتەو نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان فەرامۆش بكرێ.






‎یەكێتی دوای هەڵبژاردن
‎بە ڕاكردنیش نەبێ، هەر دەگەنە بەغدا
ڕاگەیاندن و ڕووماڵی پیشەیی
پارتی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕانی دروستكرد
یەك دەنگ لە ناوەند، هەرێمیش بكەنە پەند
لە ساڵیادی راپەریندا..ئەرێ هەولێر بۆ بێدەنگە؟
سیاسه‌تی‌ بێ ئامانج
یه‌كێتی و گۆڕان...نزیكی یان دووری
بارزانی ئاوی گۆمەكەی مەنگتر كرد
راگه‌یاندنى یه‌كێتى و به‌ره‌كانى جه‌نگ
هەڵوێستی ڕوونی پارتی
پارتی و پەكەكە ، شەڕی نفوس یان وڵاتان
سیستەممان دەوێ‌ یان شەخس؟
با ئۆرگانەكان دابخەین
یەكێتی بێدەنگە، پارتی و گۆڕان دەیقۆزنەوە
12

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە