بارزانی رزگار بكەن
رەحمان غەریب
PM:12:39---09-10-2018
ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

....، بەڵام دەرنەچوونی كاندیدی كاك مەسعود بۆسەركۆماری عێراق، پێویستە دەرگا لەسەر بابەتێكی ئێجگار گرنگ بكاتەوە، كە رەگوڕیشەی لە زۆر رووداوی ئەم چەند ساڵەی دواییدایە: بۆچی دەبێت ململانێ سیاسییەكانی پارتی یەكسان بكرێنەوە بە ململانێ شەخسییەكانی كاك مەسعود؟

روونتر: كاك مەسعود كە سیاسییەكی قەدیری كوردستانە و لە تەواوی رووداوەكانی پەنجا ساڵی رابردووماندا هەیە، بۆچی هەموو ڕووداوە سیاسییەكان بە لایەنی دەروونیی ئەوەوە دەبەستنەوە؟

كەس نەیووتوە پارتی و تیمەكەی بارزانی، سازش لەسەر تێڕوانینەكانی بارزانی بكات، بەڵام لۆبی و مانۆڕی زیاد لە پێویست بۆ "بڕیار"ەكانی. ئەوە بەرهەمدەهێنی كە دەیبینین و دەبیستین بە نیگەرانییەوە دەڵێن گوایە: قسەی بارزانی شكێنراوە.

راگەیاندنی پارتی و نەیارەكانی پارتی و راوێژكارەكانی بارزانی و رۆژنامەنووسی سەربەخۆیش، چەند ساڵێكە برەو بە تێڕوانینێكی خێڵەكی دەدەن، گوایە قسە قسەی بارزانییە و سازش نازانێت لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا نەرمونیانی نییە.

لەبەر ئەوە دەبێت پێش هەموو كەسێك، دڵسۆزانی كاك مەسعود، سەرۆك لەو داوە ڕزگار بكەن كە كەم و زۆر لەگەڵ تێڕوانین و مێژووی سیاسییەكی وەكو بارزانیدا، یەكناگرێتەوە.

ئەگەر ڕاستییەكیش لەوەدا هەبێت كە كارەكتەری خودی بارزانی ڕێژەیەك لەو خۆنەگری و كەمحەوسەڵەییەی هەبێت، ئەمە نابێت بێتە بواری گشتییەوە. ئاخر پێگەكەی بارزانی دەبێت بیرمان بخاتەوە كە هیچ شتێك بۆ ئەو شەخسی نییە و ئەوەی هەیە، ململانێی بەرژەوەندی و هەندێكجاریش جیاوازیی تێڕوانینی سیاسییە.

بۆ بارزانی و پارتی و گەلی كوردیش وا باشە كە كار لەسەر تۆخكردنەوەی ئەو هێڵانە بكەن كە سكێچی كارەكتەرێكی بەئەزموونمان پیشان بدەن كە مێژووەكەی سەرشارە، لێوانلێوە لە رووداو، لەم ڕووداوانە و تەنها جووڵەیەك لە جووڵەكانی بارزانی دەگۆڕێت و ئەوراق تێكەڵ ناكات و گرژییەكی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

نیسبەتی بارزانی بە تەحقیقكردنی خەونەكانی، نیسبەتی ماسییە بە ئاو. دەوترێت كە بارزانی مەبەستیەتی كە وەكو سەركردەیەكی مێژوویی و نەتەوەیی بچێتە مێژووەوە و بیەوێت كەلەبەری هەندێك ڕووداو پڕبكاتەوە. بۆیە باشترە پارتی هاوكاری بن وەكو سیاسییەكی خاوەن موبادەرە و سنگفراوان و بەئەزموون هەڵوێست وەربگرێت. ئەوەی ئێستا پارتی دەیكات دروستكردنی وێنەی سەرۆك حیزبێكی نەفەسكورتە كە لەو كاتەی ڕووداوەكان بە دڵی ئەو ناڕۆن، هەڵوێستی توند دەبێت ‌و لە دڵی دەگرێت.

دەبێت جەنابی بارزانی خۆی پێش هەموو كەس و دواتر تیمەكەشی ئەوە بزانن، كە مێژووی بارزانی و ئەو تەنگوچەڵەمانەی تووشی هاتوون، كارەكتەرێكیان دروست كردبێت بەرگەی ئەوە بگرێت كە هەندێك رووداو بە ویستی ئەو نەبن. بەڵكو دەبێت ئەو توانایەشی هەبێت وەبەرهێنان لەو ڕووداوانە بكات و بەكاریانبهێنێتەوە بۆ چەسپاندنی دید و تێڕوانینەكانی بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن.

بۆ نموونە: كاك مەسعود ریفراندۆم ‌و ئینجا هەڵبژاردنیشی لەكاتی خۆی كرد‌و بۆی چۆیە سەر، ئێستا دەرنەچوونی كاندیدی پارتی بۆ سەركۆماری عێراق، دەبێتە بكرێتە دەرفەتێك كە بارزانی دەسەڵات و نفوزی خۆی بخاتە ئەو جێگەیانەوە كە پێشتر نەیتوانیوە. ئەمەیە كە دەوترێت سیاسەت فەنی مومكینە.

بارزانی ڕێگەی دووەم و سێیەمی لەبەردەمدا نییە لە بەرامبەر دەرنەچوونی كاندیدەكەی، وەكو هەندێك ڕۆژنامەنووس دەیخەنەڕوو و پێیانوایە بارزانی ناچار كراوە بەدوای شەریكی نوێدا بگەڕێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات وەكو برا بچووكێك (لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكان)، یان دورتریش دەڕۆن، وەك گەڕانەوەی دوو ئیدارەیی.

تاكە ڕێگەی بارزانی ئەوەیە لەپاڵ خەونە نەتەوەییەكانیدا، پێشهاتە نوێیەكان موتوربە بكات لە دیدگاكانی خۆی و باشكردنی گوزەرانی خەڵك‌و هاوكار بێت لە هاندانی هەموان بۆ دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز، كە بتوانێت ئاستێكی بەرزی عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكات. ئەمانەش ئەگەر خۆی بیەوێت، هەڵبەت.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە