تەماتە سەوزەیە یان میوە؟
رەحمان غەریب
PM:06:30---04-12-2018
ئه‌م بابه‌ته 322 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

دەركەوتنی بارزانی لە دوو بۆنەدا یەكلاكەرەوە بوو، لە بەغدا پێگەی حزبەكەی لە حكومەت بەهێزكرد، كۆبونەوەی سەركردایەتیەكەیشی حزبەكەیشی بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی، بارودۆخێكی نوێ هێنایە پێشەوەو بێ دوو دڵیش نیچیرڤان بارزانی وەك كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم دیاریكرد.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعود بارزانی بە بێ ئەوەی بیر لە چاڵ‌و بەربەستەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی بكات، بە پشت بەستن بە رێكەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی" پۆستی سەرۆكی كۆمار بەرامبەر بە پۆستی سەرۆكی هەرێم"، تاك لایەنە ئەو پۆستە سیادییەی بۆ حزبەكەی یەكلاكردەوە.

یەكلاكردنەوەی بژاردەكانی "بارزانی باوك" لە كاتێكدایە كە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی حزبی، نەك مەدەنی، لە حاڵەتی مت بووندایەو پارتەكانی دەسەڵاتیش بە تایبەتیش پارتی، لەو پەڕی هێز، قسە لەسەر ئەوە نییە "متبوون"ی ئەوان‌و "هێز"ی ئەمان بەرهەمی پرۆسەی هەڵبژاردنە، ئێستا قسە لەسەر دەرئەنجامە نەك هۆكار، هەموانیش بڕیارە دەستیان نەرم یان توند بكەن لەگەڵ واقعی تازە.

بژاردەیەكی دی بەردەم بارزانی كە گرنگی كەمتر نییە لە یەكلاكردنەوە جەدەلی ناوخۆیی لەسەر پۆستەكان، ئەویش هەڵبژاردنی هاوپەیمانەكانێتی بۆ ناو حكومەت، دوور لە روحی پەراوێزخست‌و گوتاری رق‌وكینە، بە واتایەكی تر كاتێك زەمەنی هێزی پارتی سەرهەڵدەدات مانای ئەوەی نییە زەمەنی ئەوانی تر گوزەشت، بەڵكو زەمەنی راستەقینەی دەرخستنی هێز ئەو كاتەیە كە پارتی لەگەڵ "ئەوی دی جیاوا"ی ناو دیمەنی سیاسی ئاشتدەبێتەوە.

هەندێك لە تەماشاكەرانی ئەم جوڵە سیاسییە نوێیە، بیریان لەلای ئەوە نییە كە هاوكێشە‌و پێشاهاتە تازەكان چ كاریگەرییەكیان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە دەبێت، بەڵكو چاویان لەسەر پێكهاتەكە‌و قەبارەی بەشداری حزبەكانیان‌و لەناو حزبیش كام خێزانە سیاسییە كام پۆستە سیادییەی بدرێتی.

لەم دۆخەدا شەعبەوییەت‌و ژاوەژاوی بێ ناوەڕۆك چارەسەر نین، بەڵكو گوتارێك كە هەڵگری پەیام و ناوەرۆك بێت، بە خەڵك مەڵی مەسرور بارزانی دەبێتە مایەی فریادرەس یان كاولكەری پرۆسەی سیاسی، بڵی من لەناو تیمەكەی یان لە دەرەوەی تیمەكەم، چاودێرم، ئۆپۆزسیۆنم، تەماشاكەرم، بیدەنگم، بەڵام گوتارو كردار یەكبن.

مەچۆ خەڵكەكەت بە وەڵامی پرسیاری: ئایا تەماتە سەوزەیە یان میوە؟ سەرقاڵ بكە مەترسە بە ئەندامەكانت بڵێ نیازمە بەشداربم لە حكومەتەكە مەسرور بارزانی تۆ چی دەڵێت؟ مەڵێ ئەگەر پارتی سەردانی نەكردین هەڵوێستی ترمان دەبێت.

بۆ ئەوەی درۆ نەفرۆشی هەڵوێستی سیاسی روونت هەبێت، وەك سەركردەی سیاسی راستەقینە بن، پرس بە بنكە حزبییەكەتان خەڵكەكەتان بكەن، نەك میزاجی كۆمەڵێك فەیسبوكەوان.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە