١٩ی ئاب چی ڕوویدا؟
کامەران سوبحان
PM:09:09---19-08-2017
ئه‌م بابه‌ته 590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

شکستهێنانی دانیشتنی ١٩ی ئابی پەرلەمانی کوردستان، پێوەرێکی درووستە، بۆ هەڵسەنگاندنی دیدوبۆچوونی نوخبەی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە، کە چەند باوەڕی بە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەند ئامادەیە ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی پەرلەمانی بگرێت.!

دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٩ی ئاب، ڕووداوێکی کەم وێنە و گرنگ لە خەباتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕوویدا، کە پاش دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوەدا زۆرێک لەم ڕوداوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدەن، پەرچەکرداری ئەو ڕووداوەیە و لە منداڵانی ئەوەوە لەدایک بووە!. بەتایبەتیش (موچە بڕین و تەنگەژەی سیاسی و پەکخستنی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ بە دێوبوونی حیزب!).

١٩ی ئاب، لە بنەڕەتدا، پڕۆژە یاسای پێنج لایەنی کوردستانی بوو (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوە) بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتییەوە، بۆ پەرلەمانی.

پارتی پێی وابوو هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی کۆدەنگی و زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانی، بە مەرگی خۆی و پەراوێزخستنی ئەو، کۆتایی دێت!.
 بۆیە بە زەبری هێز و دەسەڵات ڕێگریی کرد لەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان و دوای دوو هەفتەش، ڕێگریی کرا لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بچێتەوە پەرلەمان لە هەولێر.

ئەم ڕووداوە، کۆی ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستانی لە چارەکە سەدەیەکی ڕابردوودا خستە ژێر پرسیارەوە، قورسترین پرسیار و گومانێک لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی پەکخستنی پەرلەماندا گوێم لێبوو، دیبلۆماتێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا وتی "دیبلۆماتێتی کوردی پاش داخستنی پەرلەمانی کوردستان، چۆن دەتوانێ باوەڕ بە ئەوروپییەکان بێنێت، کورد دژ بە نەیارانی دیموکراتی خەبات دەکات!".

لە ماوەی نێوان ٢٣ی حوزەیران بۆ ١٩ی ئاب، دونیایەک کێشە و ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبوو، بەتایبەتیش تیمی پەرلەمان و سەرکردایەتی حیزب. تیمی پەرلەمانی خوێندنەوەیەکی تاڕادەیەک ڕۆمانسییانەیان هەبوو. پێیان وابوو، کۆنەستی کارەکتەرە تەقلیدییەکانی حزیبی کوردی، گۆڕانی بەسەردا هاتووەو پەرلەمان شوێنی بڕیاردانە.!


فراکسیۆنی پارتی، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بوو، وا هەستی دەکرد ئێستا ئەوان کەمینەی پەرلەمانین. بەو پێیەی ژمارەی کورسییەکانی (گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو و شیوعی و بزوتنەوە) لە ژمارەی کورسییەکانی ئەوان زیاترە، ئەمەش هێندەی تر ڕووداوەکانی ناو پەرلەمانی ئاڵۆزتر کرد و دەستەی سەرۆکایەتیش نەیتوانی ئەو هەستە بڕەوێنێتەوە.!

خاڵێکی تر کە دەبێت ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەوەیە کە ١٩ی ئاب پێی وتین نوخبەیەکی سیاسی لە کوردستان ئامادەیی هەیە، بە هەمان هزر و بۆچوونی شاخەوە، ئەوەی باوەڕی پێی نەبێ خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتییە، تەنها ئەو کاتە باوەڕیان بەو خەباتە پەرلەمانییە هەیە، کە زۆرینەیەک کۆبکەنەوە و کەمینەی پێ بخنکێنن.

پاش دوو ساڵ بەسەر ڕووداوی ١٩ی ئابدا، بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم، ئەرێ ئەو ڕووداوە، هێندەی دەهێنا ئەو کۆمەڵە ئەکشن و پەرچەکردارە دڵڕەق و تراژیدیانە درووست بکات؟ ئەرێ بەڕاست ئەم هەمو کێشانە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا تەقینەوە، مافی ئەوەمان نییە گومان بکەین کە ١٩ی ئاب چی ڕویدا و ١٩ی ئاب چی بوو؟!





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە