دوابڕیاری گۆڕان، "العبرە بالخواتیم"
هادی حەمەڕەشید
PM:07:52---21-08-2017
ئه‌م بابه‌ته 941 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

خاڵی هێزی گۆڕان تا ئێستا ئەوەیە کە زیاد لە گوێیەکی هەیە بۆ بیستنی سەرنجی دۆستان و تەنانەت ئەوانیتریش، سبەی بڕیارە لەگەڵ پارتی کۆببنەوە، بە کورتی تا ئێستا زۆر بە باشی هێناویەتی، لە کۆتاییەکانی بەشێک لە سیناریۆکانی پارتی و پەراوێزەکانی نزیک ئەبینەوە، وەها دۆخێک پێویستی خوێندنەوەی فرەڕەهەند و پێداگری لەسەر بنەما سەرەکییە چەسپاوەکانت هەیە.

دابەزاندنی بڕگەکانی ناو بەیاننامەکەی گۆڕان کە وەک پێشمەرجی کۆبوونەوە و دیدگای گۆڕان بۆ دانوستان بۆ دنیای واقیع گرنگە، بەڵام با ئاگاداربین ئێستا پارتی لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە، لەو دۆخە لوتبەرزییەی دوو ساڵی ڕابردوو هاتووەتە خوار، چونکە لەبنەڕەتدا ئەو بازاڕگەرمییەی ئەوسایان لەدەستدا، بازاڕگەرمییەک کە هەولێر تیایدا سەنتەری چاوپێکەوتنەکانی بارزانی بوو لەگەڵ سەرۆک و وەزیر و دیپلۆماتکارانی دنیادا، بازاڕگەرمییەک کە نەزانرا سەرمایەگوزاریی سیاسی بۆ کورد پێوە بکرێت، بەڵکو لە دۆخێکی وادا بازرگانی لەگەڵ داعش و بەدەستەوەدانی شەنگال و داخستنی پەرلەمان و شەخسەنەکردنی زیاتری هێزی سەربازیی و دەستخستنە ناو لایەنە سیاسییەکان و کەرت و پەرت کردنیان لەبری کرا بە ستراتیژ!

گرنگە ئێستا درک بە دۆخی دەروونی بارزانی و پرێس و فشارە کارتێکەرەکانی بخوێنرێتەوە، ئەوەندەی زانیارییم هەبێت بزووتنەوەی گۆڕان بە وەرەقەیەکی پڕ لە بەرچاوڕوونییەوە ئەچنە ناو کۆبوونەوەکانەوە، خاڵی درەوشاوە تیایدا;

*بە هەند وەرنەگرتنی بابەتی "کاراکردنەوەی پەرلەمان" یان ئەوترا تەنانەت ئاساییکردنەوەیشی، چونکە دواجار وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بەسەرچووە و کاراکردنەوەی تەنیا لابردنی بەشێک لەو فشارانەیە کە لەسەر پارتی و بارزانییە!

* لەوەش گرنگتر ڕەدکردنەوەی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، چونکە لەدەرەی زەمینەسازیی یاساییە و لیژنەیەکی ناشەرعی، کە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بە بێ گەڕانەوە بۆ دامودەزگای دانپێدانراوی هەمەلایەنەی بەبێ ماوەی ناشەرعی بۆ درێژکراوە بڕیاری لەسەر داوە!

ئەوەی پێویستە سبەی بکرێت;

* بەردەوامیدان بە بوێریی کە گۆران پێی ناسراوە، چونکە پارتی زۆر لەو بوێرییە ئەترسێت، هەتا بازاڕیان گەرم بوو کۆمەڵێک موراهیقی وەک "هێمن هەورامی و ئومێد خۆشناو" بەئەوپەڕی چاوقایمییەوە فیکەی کۆتایی گۆڕانیان لێدا، بە خۆڕاگریی و بوێری ئەو دیدگایەیان پێ گۆڕی.

* خستنەڕووی دیپلۆماسیەتێکی بەهێز لەبەرامبەر وەفدێکدا کە زۆر لەخۆباییانە خۆیان مانیفێست کردووە، تا ڕاستی دەستوپێ سپێتییان دەربخرێت، دیسان تا بازاڕیان گەرم بوو نەک خۆیان بگرە سیاسییە ترساو و تۆقیوە ڕەگەڵ کەوتووەکان ئەیانووت: پارتی لە ئاستی جیهاندا سیاسەت ئەکات و خەڵکیتریش نەیانتوانیوە شارەکەی خۆیان تێپەڕێنن!

پارتی لەسایەی شەڕی تیرۆردا قۆرخی مەلەفی دەرەوەیان کرد و لەخۆیان گۆڕا بوون، ئێستا بۆ دەربازبوون لەو پەراوێزکەوتنەی پاش موسڵ کە هەمووان چاوەڕێیان ئەکرد، پارەیەکی زۆر ئەدەن بە میدیایەکی بێ ناوبانگی وەک #عکاڤ ی سعودی تا چاوپێکەوتن لەگەڵ بارزانیدا بکات!

چونکە هەرکەسێک بەوردی سەرنجی چاوپێکەوتنەکەی بدات، ئەبینێت کە جۆرێک ڕێککەوتن لەسەر دەستەواژە و شێوازی پرسیارەکانیش کراوە، کە لەسەر دۆخی هەرێم پرسیاری لێئەکەن بە "ئیفلیج" ناوی ئەبەن، میدیاکە لە ناو کەوانەدا و لەزاری ئامادەکاری چاوپێکەوتنەکەوە ئەڵێ پرسیاری هاوڕێم "عبدالله الغچوی"ـیە و خۆی لێ بێبەری ئەکات!!

هێشتا بارزانی سورە لەسەر بەیت و بالۆرەی ئەوەی کە گۆڕان کودەتای کردووە!! ئەو چاوێکەوتنە کە مێژووەکەی بۆ ۱٦ی ئابی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەگەڕێتەوە، بارزانی بە لابردنی قەتماغەی برینەکان بەشدارییەکی خراپ ئەکات لە بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی سیاسیدا، هەروەک ئەم ئێوارەیە لەڕێگەی کۆمەڵێک شەبیحە و بەڵتەجییەوە پەلاماری د.بەهار محمودی پەرلەمانتاریان داوە، بۆ کەسانێک کە بڕیاری سیاسی بزووتنەوەیەکی ۵٠٠ هەزار دەنگدەریان بەدەستەوەیە ئەبێتە سیگناڵێکی باش، تا تێبگەن کە پارتی لە دۆخی لارەملیی و لاوازیدا ئەمە حاڵیان بێت، داخۆ لە ساتی تێپەڕاندنیاندا ئەبێت چی بڵێن؟!

* وەرگرتنی گرنتی، هەرچەندە بە هیچ جۆرێک بڕوام بە بەڵێنی پارتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم نیە، بەڵام بچووکترین هەنگاو بە بێ وەرگرتنی گرنتی لێیان خۆشخەیاڵیی و سادەدڵییە، چونکە بزووتنەوەکە لەماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی لەگەڵ کردن و وەرەقەی چاکسازیی فرەڕەهەندی خستە بەردەستیان، بینیتان کە چۆن خۆیان بە خاوەنی هەموو فەزیلەتێک ئەزانیی و گۆڕانیشیان پێ بچووک بوو؟!، دیسان گۆڕان ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی واژۆکرد، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی ڕێز لە هیچ هەنگاوێکی خۆیان و گۆڕانیش نەگرت!

* شکاندنی سیحر و تەلیسمی مارەتۆپیوی بە خیانەتی نیشتمانی ناوزەدکردنی هاوڕا نەبوون لەگەڵ ڕیفراندۆم!
بۆ خۆیان هەموو بڕیارێکیانداوە و سەرۆکی هەموو لیژنە و تەنانەت لیژنە لاوەکییەکانیش هەر خۆیانن، لیژنەی ڕیفراندۆم بیانەوێت بچنە تاوالێتیش ئەوا پارتییەک ئەنێرن بۆ سەرۆکایەتییان!
کەچی پاش هەموو شتێک هەر بۆ دیکۆری کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکان لا بەلای لایەنەکانیتردا ئەکەنەوە!

ئەوە چەندین ڕاپۆرتی شیکاریی ئەیسەلمێنن کە ڕیفراندۆم یارییەکی هەرێمایەتییە بۆ لەباربردنی ئەو کیانە جدییەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرپێکەوتووە، هاوکات ڕێگرییە لە پڕۆژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە" و لەباربردنی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی گەورە کە پەنتاگۆن زیاد لە دەیەیەکە بە مەبەست مارکێتینگی بۆ ئەکات!

کەواتە ئەوان بۆچی بێشەرمانە بەرگریی لە هەنگاوەکانیان ئەکەن، ئێمە بۆچی دوودڵ بین؟!

لەدەست نەدانی سەرکردایەتی و پێشڕەویییکردنی دەنگە ناڕەزییەکانی دەسەڵاتی بێباک، بەندە بە ئاستی ڕادیکاڵەتی گۆڕانەوە لە بەرخوردی لە ساتی دانوستانەکاندا، چونکە لەڕاستیدا بەم داروپەردووەی دەسەڵاتەوە لەوە گرنگتری لێ بەرهەم نایەت!

ئەم ماندووبوونەی جەستە و دەروونمان(کە ئەوان گرەوی لەسەر ئەکەن) ناکرێت بێ کۆتاییەکی جوان بێت"العبرە بالخواتیم"؟!





یەکگرتوو "بندیوار"ى هەیە؟!
موحەلیلی دەوڵەت خنکێن!
کوڕانی دوو بنەماڵە، شەریک بن یان تەریک؟!
حەمە ئاوات، شۆڕشگێڕێکی زاهید
چەندین بەرپرسی پارتی ڕوو لە ڕیزەکانی گۆڕان ئەکەن
حكومەتی هەرێم لە دیدی مەلا مستەفاوە لە مامۆستا ئەڕوانێت
شانە حیزبییەکەی مەلا بەختیار و سەفەرەکەی هەڵەدنی
چۆن نەوشیروان مستەفا نامرێت؟
نما و چیا، ڕابردووی ئێمە و باوکتان وێران ئەکەن
گۆڕان و کۆمەڵ، سوننە و بایکۆت
من "دەوڵەت"ـم ناوێ!
ڕیوەڵەکانی ناو میدیا و سیاسەت
دوابڕیاری گۆڕان، "العبرە بالخواتیم"
پارتی شەیتانە؟!
چاوەڕێی قەهری "گۆچان"ـەکەتین
1234
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە