سێ ڕستە لەسەر شاسوار، پێویستم بە چەند خولەکێک "بێلایەنی"یە
هادی حەمەڕەشید
PM:12:43---07-01-2018
ئه‌م بابه‌ته 1924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆر ناڕازیم لەو پەیجانەی گۆڕان یان نزیک لە گۆڕان کە لەم دۆخە ناسازەی هەرێمدا خۆیان خەریک کردووە بە "شاسوار عەبدولواحید"ــەوە، چونکە ئەو گەنجە سروشتی کەسێتی خۆی هەرچۆنێک ببێت ڕۆژگارێک خزمەتی بە پڕۆژەی گۆڕان کردووە و حەقە لە ئێستاش بە دواوە هەوڵ بدرێت نەچێتە بەرەی دژە گۆڕانکاریی و پاساوی زیاتر نەدرێتە دەستی بۆ شەڕی لاوەکی و کەسییەکان.

بەڵام ئەو گوتارەی کە لە بانگەشەی (نەخێر لە ئێستادا) تا هەنووکە هەڵیگرتووە، گوتارێکە کە دوودڵمان ئەکەن لە ئایندەی کارەکانی، یان ئێمە ئەومان پێشتر نەناسیوە، یان ئەم ئایندەیەی کە ئەو چاوەڕێیەتی تیایدا سەنگەر لە ڕابردووی خۆی ئەگرێت و ئەبێتە مرۆڤێکی تەواو جیاواز!

قسە بۆ ووتن زۆرە، بەڵام دڵنیام هەرچی بڵێین ئەچێتە ناو چوارچێوەی ئەو توڕەیی و قەڵسییەی گۆڕانخوازانەوە کە لە ئەنجامی بێ ئەمەکی یەکێک لەوانەی کە "کاک نەوشیروان"ــی کردووە بە وێردی سەرزمانی، بۆیە ئاتاجم بە چەند خولەکێک "بێلایەنی"ــیە کە نیمە!
لەبری "بێلایەنی" کە کراوە بە ماسکێک بۆ پەردەپۆشکردنی زۆر پرسیار، هەوڵئەدەم بابەتیی بم کە لەڕاستیدا بەهایەکی زۆر بایەخدارە لە ژیانمدا، خوا یاربێت ناچمە ناو موهاتەرات و باسکردنی هیچ سەفەقاتێکی ژێربەژێر کە وەک بەشێک لە ئەندامانی نەوەی نوێ ئاماژەی پێئەکەن، تەنیا پشت بە چەند ئاکتێکی ئاشکرا ئەبەستم.

شاسوار وەک خۆی ئەڵێت:(ئێمە هەین و کاریگەرین، بۆیە هەمووان پێیمانەوە سەرقاڵن) ئەمە بانگەشەیە، ئەگینا ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانە دراماتیکییە بێت کە لە هەڵوێست و گوتاری ئەودا ڕوویدابێت، بەجۆرێک کە کردوویەتی بە خاوەنی گوتارێکی (ئەنسارولئیسلام)ــی، ئەو گوتارەی کە شەوێک ڕۆژ بوویەوە خەڵکی بینییان وا شاسوار لەگەڵ چەند"حەواری"یەکدا بووە بە عیسای موقەدەس و هەموو لایەکیش بوون بە "بەنی ئیسرائیل"!!
پاشان خۆپەرستی ئەو خەریکە میدیایەکی جوان و کاریگەری وەک nrt ئەکات بە قوربانیی، نیشانەی پرسیار کەوتووەتە سەر دروشمی سەرەکی(تاکە کەناڵی ئەهلی بێلایەن)، پاشتر دەیان پەیجی پڕ لایکی کڕیوە کە ئەو پەیجانە لەخزمەتی تەنیا و تەنیا یەک مرۆڤدان!!
هەموو ئەمانە جۆرێک لە قەرەباڵغی و تەپ و تۆزیان لەدەوری خۆیی و جوڵانەوەکەی دروست کردووە.

ئەوەی لەم ماوەیەدا ووتی و ووتیەوە پێناسەیەکی ناکامڵی لەبواری سیاسەتدا خستە بەر دیدەمان، بەڵام (وتەی کۆنگرە) ڕەنگە بۆ هەمووان جێگای ئیست لەسەر کردن بێت، کە من هەوڵئەدەم تەنیا لە ڕێگای سێ ڕەگەزی ناو وتارەکەوە (هەڵبەت خوێندنەوەی هەمەلایەنەی جوڵانەوەکە و کۆنگرەی دەستپێک باسێکیترە) سەرنجی خۆم بخەمەڕوو؛

یەک/ هەمان تەفسیری پارتی و بگرە توندتریشی بۆ جیاوازی بیروڕا هەبوو، ئەو مرۆڤە چالاکانەی عەیامێکە لە بادینان و هەولێردا لە خەباتدان دژ بە تۆتالیتارییەتی پارتی(ئیبراهیم عەباس و شێروان شێروانی) و دۆستەکانیان سەدان ڕەخنەی توندیان لە پارتی و پاراستن گرت، ڕاستە پارتی لەڕووی فیزیکییەوە ئازار و ئەشکەنجەیدان، بەڵام لەڕووی مەعنەوییەوە تەنیا لە ڕێگای پەیج و ئەکاونتی بێ دایک و باوکەوە جورئەتی قسەی بێسەرەوبەرە لەسەر کردنیانی هەبوو، کەچی وەک دوو سەرکردەی مەیدانیی جوڵانەوەکە چوار ڕستەی جدییان هەبوو، خێرا شاسوار تەخوینی کردن لە کۆنگرە و بەیاننامە و سەر شاشەی میدیا فەرمییەکەیان"سبحان محول الاحوال"!!

دوو/ چونکە بۆ خۆی بیزنسمانە، لە دنیای مادەوە لە مرۆڤەکان ئەڕوانێت و بەها و نرخیان ئەداتێ، لە کاتێکدا لە قوڵایی باوەڕییەوە هانی خۆبەخشانی نەوەی نوێی ئەدا، نموونەی "سیپان" ناوێکی هێنایەوە کە سەردەمێک وەک کارمەندی نووسینگەی دهۆکی nrt موچەکەی نزیکەی یەک ملیۆن بووە، دەزگای میدیایی حیزبێک مانگی یەک ملیۆن و نیوی داوە بە هاوڕێکانی و کڕینی، ئەم ئامادە نەبوو بەو دەستەوارە، کردمان بە بەرپرسی نووسینگەکە و بۆ خۆی گەورە بوو، ئێستا موچەکەشی زۆر باشە، ئەگەر بیانەوێت ئەو بکڕن ئەبێت مانگی ٥تا٦ ملیۆنی بدەنێ، بەڵام هاوڕێکانی هەر مانگانەیان ملیۆن و نیوەکەیە!!!!

سێ/ لە شیمانە و پێشبینیکردنی بۆ گەورە بوون و سەرکەوتنی نەوەی نوێ زوو زوو ئاماژە بە ئەزموونەکەی کاک نەوشیروان ئەکات، ئەڵێ: لە ٢٠٠٩دا زۆر کەس پێی وابوو کە کاک نەوشیروان(هەڵبەت دڵی بەرایی نادات بڵێ گۆڕان!!) تەنیا کورسییەک یان دوو کورسی ئەهێنن، بەڵام بینیمان ٢٥ کورسی هێنا.

جا سەیری ئەم خۆشخەیاڵییە! لە زووەوە وتوومە کە ناکرێت هەرکەسێک لەماڵەوە نیگەرانیان کرد خێرا دەست بکات بە پرتەقاڵ فرۆشتن!
نەوشیروان مستەفا ٢٠٠٩ دەستی پێنەکرد، ئەو لە ١٩٦٣وە وەک یەکێک لە ڕەگەزە گەنج و کاریگەرەکانی ناو باڵی م.س ی پارتی دەرکەوت، لە دەرگایەکی گەورەوە هاتە ناو سیاسەتەوە و لە دەرگایەکی بەرینترەوە لێی دەرچوو، ئەوەی ئەوی گەورەکرد بەها و بنەما ئەخلاقییەکانی بوو کە بوێری پێدا کە بیر لە وەها کارێک بکاتەوە، نەک سەرمایەی مادی و باسکردنی قەبارەی هێزی ئابووری و دەرکەوتن بە قۆنەرە و کاڵای مارکەوە!!





پاشاکان ڕووتن و نابێت بڵێین: ڕووتن!، ئێمە نەوەیەکی چەند بەدبەختین؟!
ئەرێ پیاوخوایەك نیە دوو جوملەی موفیدە فێری (حەمەتۆفیق ڕەحیم) بکات؟!
مزەلیی ناو ئاردەکە، تیرۆرێکی ڕێکخراو!
پەرلەمانێك بەبێ پەروەردە، وتارێك کەڕەنگە کاندیدان پێی قەڵس بن!
لەناو ماڵەکەی (گۆڕان)ـدا
بەڵێ بۆ "هاوپەیمانیی"
تا لەڕۆژی هەڵبژاردن نزیک ببینەوە!
بەحیزبییکردنى ناڕەزایەتییەکان لوتکەى بێ ڕەوشتییە
لەبارەی "سروە عەبدولواحید"ــەوە
گۆڕان؛ کاندیدەکانی، یەک لیستیی
مەلا بەختیار و هەڵوێستەکانی
سێ ڕستە لەسەر شاسوار، پێویستم بە چەند خولەکێک "بێلایەنی"یە
گەنجێک سەربەرزانە کورسى سەرۆکایەتى جێهێشت
د.هەڤاڵ چی بکات لەگەڵ خۆپیشاندەران؟
یەکگرتوو "بندیوار"ى هەیە؟!
12345

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە