گۆڕان؛ کاندیدەکانی، یەک لیستیی
هادی حەمەڕەشید
PM:12:26---11-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 1573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


(١)
هێزى سیاسیی سەرکەوتوو، ئەو هێزەیە کە بە شەفافى باس لە گرفت و ئاریشەکانى خۆی بکات، "بزووتنەوەى گۆڕان" وەک تەڤگەرێکى پڕ لە جوڵە و دینامیکییەت، لە هەر پرۆسەیەکدا کە دێتە پێشەوە، جۆرێک لە کەمپەین و فشار لەلایەن پێکهاتەکانییەوە درک پێئەکرێت، کە بەپلەى یەکەم نیشانەى زیندوێتى بزاڤەکەیە، بەڵام بێگومان زیادەڕۆیی لەم نەریتەدا ئەبێتە هۆى ئیفلیج بوونى کۆى جەستەى ڕێکخراوەیی!

ڕوونتر بڵێم؛ مافى دەنگدەران و پشتیوانانى گۆڕانە کە سەرنجى خۆیان بخەنەڕوو لەو بارەیەوە، بەڵام بە گیانى یەکتر قەبوڵکردن و گوێگرتن لە ئارگیۆمێنت و خاڵى هێزی بەرامبەریان کە پڕبێت لە لۆژیک و بەویژدانێکى زیندووەوە چاکترین بژاردە بۆ بزووتنەوەکە هەڵبژێرن.

کارى پەرلەمانیی و قاڵبوون تیایدا، بە پلەى ئیمتیاز پێویستى بە ئەزموون هەیە، بەشێک لە ڕەگەزەکانى سەرکەوتن ئەزموون و شارەزاییە کە دووانەى تەواوکەری یەکترن، سەیرم لێ دێت کە لەم نێوەندەدا ڕستە و ڕاى سەیر ئەخرێتە پاڵ "کاک نەوشیروان" کە بەشێک لەو ڕایانە تەنانەت ناکۆکیشن بەسەرەتاییترین بنەماى دیموکراسى، گوایە کاک نەوشیروان یەکێک لە بنەماى کارکردنى ئەوە بووە کە یەک جار دەرفەتى کارى بە کەسێک داوە، تایبەتتر لە بوارى کاندید بووندا بۆ کارى پەرلەمانیی، تەنیا یەک خول ڕێگاى بە ئەندامانى گۆڕان داوە!

سەربارى ئەوەى کە بچوکترین بەڵگەى نووسراو و تۆماری ڤیدیۆیی و دەنگیی کاک نەوشیروان بوونى نیە لەو بارەیەوە، هاوکات بە مانى کاک نەوشیروان، بزووتنەوەکە بوو بە خاوەنى "دەستوورى ناوخۆیی" خۆى کە ڕەنگڕێژى هەموو ئاکتەکانى ئەکات و "سید الموقف"ــە، بەڵام هەر بە سادەیی؛ ئایا لیستى یەکەمى ٢٠٠٩ چەند پەرلەمانتارێکى خولى پێشووتریان تیادا نەبوو، وەک کوێستان محەمەد و عوسمان بانى مارانى؟! یان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران د.بایەزید حەسەن دووبارە کاندید نەکرایەوە؟!

یان بەپێى لۆژیک؛ ئایا گۆڕان کارگەى بەرهەمهێنانى پەرلەمانتارانى (ئێرانى گوتەنى) یەکبار مەسرەفە؟!
واتە لیست پڕ بکات لە پەرلەمانتارى بێ ئەزموون و پاش ٤ساڵ خانەنشینیان بکات؟ هەر لە یەکەم ساتى چوونى بۆ پەرلەمان هیچ ئەگەرێک بۆ کاندیدبوونەوەی لەبەردەمیدا نەبێت و بیر لە سەلماندنى زیاترى خۆى نەکاتەوە؟!

ئێمە لەبەردەم دەیان نموونەى تەندروستى کارى پەرلەمانیداین، کە پەرلەمانتاران تیایدایە ساڵانێک کارى پەرلەمینییان کردووە، پەرلەمانەکەشیان کارا و مەرجەعى بێ چەند و چۆنى وڵاتەکەى خۆیان بوو، زیندووترین و نزیکترینیان بۆ ئێمە، پەرلەمانتارانى کورد لە باکور(تورکیا)، وا بۆ چەندین و خول و چارەکە سەدەیەکە، کاندیدن و دووبارە بەناوى جیاوازەوە ئەچنەوە ناو پرۆسەکەوە، خەتیب دیجلە و ئەحمەد تورک و لەیلا زانا و سەباحات تونجەل و گوڵتەن کشاناک و سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان بایدەمیر، لەزۆربەى هەڵبژاردنەکانى شارەوانییەکان و پاشتر بۆ پەرلەمان، چارەکە سەدەیەکە ناوى دووبارەبووە و جوانى بەردەم جەماوەرن.

مرۆڤسازیی و سەرکردەسازیی، کارى لەپێشینەى هێزى شێلگیر و جدییە، کە هاوتەریب و بەبەرنامەى تۆکمە کارى بۆ ئەکرێت، هیوادارم گۆڕانخوازان هۆشیارانەتر بیر لەم پرسە بکەنەوە، پێویست بە ناوهێنان ناکات، بەڵام ئۆپشنى جدیی و کارتى بەهێز لەدەستى گۆڕاندایە، کە نابێت بەهیچ هەنجەتێکى لاواز ئیستیغنایان لێ بکات.

هەروەک ئەوانیش بۆ خۆیان کەڵکەڵەی سەرۆکی لیست"بۆ مسۆگەربوونی دەرچوونیان" وەلانێن و ئاوڕێک لەو دەنگدەرە دڵسۆز و بەشمەینەتە بدەنەوە، گەورە بیربکەنەوە و پانۆرامای وێنەکە ببینن، نەک لە گۆشەیەکی کەسیی تەسکەوە!

(٢)
زۆر بەکورتیی؛ پرسى پێکهێنانى لیستى هاوبەش لەناوچەکانى ماددەى١٤٠، لەگەڵ بەرەى شکست، لەگەڵ پارتى و یەکێتیدا، ئەوەندە قیزەونە کە بۆ هیچ کەس قووت ناچێت لەناو گۆڕاندا، هەرچەندە سەعید کاکەیی ئەم پرسەى یەکلاکردەوە، کاتێک کە وتى: پرۆسەى هاوپەیمانێتیی کۆتایی پێهاتووە لە ڕووى یاساییەوە، دیارە کە یەکێتى و پارتى پاش شکستى ڕیفراندۆم و خیانەتەکانى ١٦ى تشرینى یەکەم و ڕۆژانى دوایی لە خانەقینەوە تا سحێلا و شەنگال، ئیتر بە دەست و پێ شکاویی و ئیحراجییەوە ناتوانن بچنەوە بەردەم دەنگدەرانى ئەو ناوچانە، بۆیە وادیارە بیانەوێت لە ڕێگاى حیزبى زەحمەتکێشانەوە بەڵێنى دەنگدان بەلیستى "نیشتیمان" بدەن!

ئەگەرنا نەکردەنییە کۆبوونەوە لەگەڵ کەسانێک، کە لەناوەوەى عێراق و کوردستان و لە دەرەوەش، هیچ کەس و لایەنێک ئامادە نیە لەژێر ناوى پارتى و یەکێتیدا لەگەڵیان کۆببێتەوە و تاکە ڕێگاى هەناسەدانیان سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمە!






پەرلەمانێك بەبێ پەروەردە، وتارێك کەڕەنگە کاندیدان پێی قەڵس بن!
لەناو ماڵەکەی (گۆڕان)ـدا
بەڵێ بۆ "هاوپەیمانیی"
تا لەڕۆژی هەڵبژاردن نزیک ببینەوە!
بەحیزبییکردنى ناڕەزایەتییەکان لوتکەى بێ ڕەوشتییە
لەبارەی "سروە عەبدولواحید"ــەوە
گۆڕان؛ کاندیدەکانی، یەک لیستیی
مەلا بەختیار و هەڵوێستەکانی
سێ ڕستە لەسەر شاسوار، پێویستم بە چەند خولەکێک "بێلایەنی"یە
گەنجێک سەربەرزانە کورسى سەرۆکایەتى جێهێشت
د.هەڤاڵ چی بکات لەگەڵ خۆپیشاندەران؟
یەکگرتوو "بندیوار"ى هەیە؟!
موحەلیلی دەوڵەت خنکێن!
کوڕانی دوو بنەماڵە، شەریک بن یان تەریک؟!
حەمە ئاوات، شۆڕشگێڕێکی زاهید
12345
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە