پەرلەمانێك بەبێ پەروەردە، وتارێك کەڕەنگە کاندیدان پێی قەڵس بن!
هادی حەمەڕەشید
PM:05:26---03-08-2018
ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ـ لە(شۆڕشگێڕ)ـییەوە بۆ سەرۆك جاشیی

ساڵی ۱۹٦۱ یەکەم پۆلی پێشمەرگەی ئەیلول، لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراق(عەبدولکەریم قاسم) بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرئەچێت، هاوکات فەرمانەکە داوا ئەکات دەست بەسەر موڵك و سەرمایەی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا بگیرێت، بە هاوپێچی ۱۳۱ ناو کە بە خودی مەلا مستەفا دەست پێئەکات و زۆرێك لە هاوڕێکانی و سەرۆك هۆزەکانی کوردی تێدایە، گشتاندنی بۆ کراوە.

ئەمە ئاساییە، چونکە کەسانێك کە هەڵگری ناوی (شۆڕشگێڕ)بن، بێگومان ئامادەشن بۆ قوربانیدان و ڕەنگە وەك هێما و سومبولی شۆڕشگێڕیی دەقی تۆمارەکە لەچێوە بگرن، بەڵام ئەوەی کە زۆر نائاساییە، (۷۲) کەس لەم داواکراوانە، دواتر و لەقۆناغی جیاوازدا خۆیان یان کوڕەکانیان، بوون بە سەرۆك(جاش) و ڕاوێژکاری فەوجە خەفیفەکان!

ڕەنگە ئەم بناغەیەی شۆڕش، لەمێژووی هاوچەرخی ئێمەدا، دەرئەنجامێکی زۆر مەرگەسات و خەمئامێزمان بداتێ، وێنەیەك تیایدا ئەوانەی کە وەك (سەرانی شۆڕش) دەهاتنە بینین، لە زەمەنێکی کەمدا دەبنە داردەست و ئەڵقە لەگوێ و بەپێچەوانەی باوەڕ و بنەماکانیانەوە(ئەگەر هەیانبووبێت) ئەجەنگن و سەنگەر ئەگۆڕن!

چ وێنەیەکی مەترسیدارە! چەندە بەدبەختە گەلێك کە ئەمانە پێشڕەویان بووبن!
بۆیە ئەبینین لەو مێژووە بەدواوە، "سەنگەر گۆڕین و تەسلیمبوونەوە و بگرە سیخوڕییکردن...هتد" ئەبێتە کردەیەکی ئاسایی و بەرگی یەکێك لە(کەسابەت)ـە باوەکانی بەبەردا ئەکرێت، بەئێستاشەوە!
ئەو وێنەیەی سەرەوە لەسەر ئاستی بەناو( نوخبە و سەرکردایەتیی شۆڕش)بوو، بۆیە دواتر هەزاران پێشمەرگە و کادیر لە چاوتروکانێکدا بڕیاری سەنگەرگۆڕین و تەسلیمبوونەوەیان ئەدا!

ـ بەخشینەوەی غەنیمەت لەبەرامبەر دەستخستنی ئینتیما و بەیعەتدا

لەدوای ڕاپەڕین و دەسەڵاتی خۆبەخۆی هەرێمدا، ئەم گەمەیە لەئاستێکی ترسناکتردا پەرەی پێدرا، لەبری دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوەی تۆکمە، درێژە بەو بلۆکبەندییەی پێشوو درایەوە، هەمان (سەرۆك جاش) و دەموچاوی هەژمونداری ناو کۆمەڵگای ئێمە بە میکانیزمێکی فشەڵ و هاوکێشەی بەخشینی دەسکەوت لەبەرامبەر دەستخستنی وەلائـ و بەیعەت بە (سەرۆکەکان)ـدا، پەیامی بەردەوامیی لەسەر هەمان ڕێباز درا بە گوێی هەموواندا!

یەکێك لەخواستەکانی تاك لەزۆربەی کۆمەڵگاکاندا، بەشدارییکردنیەتی لە پرۆسەی سیاسیی و دروستکردنی بڕیاردا، ئەمە خواستێکی زۆر ڕەوا و نۆرمەڵە، بەڵام لەدوای (پرۆسەی ئازادیی عێراق)ـەوە کە یەکێتی و پارتی لەڕێگای کۆمەڵێك سەنتەری ڕۆشنبیریی و ناوەندی میدیاییەوە، کۆمەڵێك لە نەوە موخەزرەمە ڕۆشنبیرەکەیان دەستەمۆکردبوو، هەوڵیاندا کۆی دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ چەندین ساڵیتر گەرەنتی بکەن، لەبری شەڕکردن بەو سەرکردە سەربازیی و سەرۆك هۆزانەی پێشوو، لە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین ناوچەی ئازادکراو، پاشتریش لە فراوانکردنی قەڵەمڕەویی زۆنەکەیان، لەگرتنی کەپکی حەمەد ئاغا و دێگەڵە و هێڵی تەماسی نێوانیان، شەڕەکەیان گواستەوە بۆ دامەزراندنی سەنتەر و ناوەندی بەناو ئەکادیمیی، ئێستاش بۆ دروستکردنی تۆڕی میدیایی زەبەلاح و پڕ خەرجیی، کە لەڕێگایەوە سەدان ناو و فیگەری ناو میدیای ئێمە، کەرەستەی ململانێ نوێیەکەیە!

ئەم ململانێیە پشتئەستوورە بە زۆرترین بڕی بەخشین و پارەدارکردنی ئەو دەزگایانە، ئامانجەکەشی سەرباری درێژەدان بە ململانێ کلاسیکییە بێزراوەکەی نێوانیان، هاوکات سووك و بێبایەخکردنی مەبادیئـ و بیروباوەڕی میدیاکاران و مامۆستایانی زانکۆ و فیگەرە ڕووناکبیرییەکەیە، ئەمڕۆ لەمبەرە و بەقەولی خۆی سەرقاڵی خەباتی دژەگەندەڵییە، حەفتەی ئایندە لەو بەرەوە پاساو بۆ نەنگیی و کەموکورتییەکان ئەهێنێتەوە، ئەمڕۆ سوارچاکیی خەباتی دژ بە بنەماڵەیی و خێزانییکردن و کەسییکردنی حیزب و حکومەتە، سبەی تیۆرسێن و عەڕابی پێچەوانەی هەنگاوەکانی خۆیەتی!

ـ مەلا و میدیاکار و مورید و مامۆستا بۆ پەرلەمان

قۆناغی پاش پیشاندان و عەرزکردنی ئەو ئەکادیمیست و میدیاکار و مەلا و مامۆستا و فیگەرانە، بردنیانە بۆ ناو دنیای پەرلەمان و خستنە بازاڕیانە تا مایەکەیان بهێنێتەوە و بۆ وەرگرتنی قازانجیش دەست بخاتە پشت سەرییەوە!

یەکێك لە سیما دیارەکانی ئەم قۆناغەی پەرلەمانە پەلوپۆ شکاوەکەی ئێمە، چوونی کۆمەڵێك توێژە بەلێشاو بۆ ناو ئەو دەزگا گرنگە، وەك مافێکی ڕاگەیەنراو و سەلمێنراو ئاساییە کە هەر یەك لەو توێژانە خۆیان کاندید بکەن و بچنە پەرلەمانەوە، بەڵام بەلێشاو جێگای لەسەر وەستانە!

بەو باکگراوندە لە (پێشڕەوانی سیاسی)ـیمان و بەو دۆخە ناسازەی ئیداریی و وێرانیی خزمەتگوزارییەوە، پەرلەمان کرا بە بوئرەیەك بۆ دەستەمۆکردنی زیاتری ئەو توێژانە، تا دوا لێدان ئاراستەی باڵەخانەی سومعە و کەسێتییان بکرێت، لەڕێگای دەم و ڕەوانبێژیی(دەمەوەریی)ـیانەوە وانەیەك بە نەیارانی سیستم و دۆخی بەرقەرار بدرێت!
کۆمەڵگایەك کە کۆمەڵێك کڕدراو، نوێنەرایەتیی بکەن، نرخەکەیان هەرچەند بێت لەلای دەسەڵات، ئەوا لەلای کۆمەڵگا سووك و سووکتر ئەبن، بەڵام دواجار کۆی پرۆسەی سیاسیی بێبایەخ و هەرزانفرۆش ئەکرێت!

ـ حیزبی ڕاقیی، بەرهەمەکەی حکومەتێکی ڕەشید و پێشکەوتووە

ئەوەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێمەدا نائامادەیە، حیزبێکی ڕاقیی و دامەزراوەییکراوە، بەپێچەوانەوە، کۆمەڵە حیزبێکی گەندەڵ، خاکفرۆش، مشەخۆر، کۆمەڵکیتر دوکانی سیاسیی، هەندێکیتر لەژێر پەردەی موقەدەس و خوا و ئاینی کۆمەڵگادا درێژە بە ناکارایی و هیچ لەباردا نەبوونی خۆیان ئەدەن، هێزی پۆپۆلیستی بێ ڕوئیا(یان ڕاستتر ڕوئیا دزراو!)، کۆتایان هێزی بازرگانی چاوچنۆك و درۆزن!

لەم دۆخەدا ناکرێت داری لار سێبەرەکەی ڕێك و ڕاست بێت، حکومەت دەرهاویشتەی ئەم فەوزا و غەوغایەیە، پەرلەمانتارێك(هەڵبەت ئەم دیدە ڕەها نیە و کۆمەڵێك پەرلەمانتار تیشکی ئەم سەرنجانە کاڵیان ناکاتەوە) کە پەروەردە نەکرابێت بە توێشوویەك تا بتوانێت لەبەرامبەر گەندەڵیی و بەهەدەردان و ناپاکیی و وڵاتفرۆشیدا بوەستێەوە، بێگومان وەك ئەنتی ڤایرۆس پاش ماوەیەك بۆ خۆیشی ئەبێتەوە بە ڤایرۆسێکی ترسناك!

بەهەموو حیزبەکانەوە ملیۆنان تیراژ لەکارنامەی هەڵبژاردنی ڕاقیی ئەخەنە بازاڕەوە، بەبێ بوونی سەرچاوەی مرۆیی بۆ ئەو خەونە گەورانە، بۆ ئەو بەڵێنە زەبەلاحانە، تەنانەت زۆربەی کاندیدەکان ئاگایان لەمەرگی خۆیان بێت، ئاگایان لەو کارنامەیە نیە، نەك بەشدار نەکراوە لەنووسینەوەیدا، بگرە هەر نەیشیخوێندووەتەوە!

پەرلەمان و هەڵبژاردن، لەپایە گرنگەکانی دیموکراسین، بەڵام بە نەبوونی پەروەردە و هۆشیاریی گونجاوەوە، ئەبنەوە بەبار بەسەر کۆمەڵگاوە، وەك ئێستای ئێمە!





پاشاکان ڕووتن و نابێت بڵێین: ڕووتن!، ئێمە نەوەیەکی چەند بەدبەختین؟!
ئەرێ پیاوخوایەك نیە دوو جوملەی موفیدە فێری (حەمەتۆفیق ڕەحیم) بکات؟!
مزەلیی ناو ئاردەکە، تیرۆرێکی ڕێکخراو!
پەرلەمانێك بەبێ پەروەردە، وتارێك کەڕەنگە کاندیدان پێی قەڵس بن!
لەناو ماڵەکەی (گۆڕان)ـدا
بەڵێ بۆ "هاوپەیمانیی"
تا لەڕۆژی هەڵبژاردن نزیک ببینەوە!
بەحیزبییکردنى ناڕەزایەتییەکان لوتکەى بێ ڕەوشتییە
لەبارەی "سروە عەبدولواحید"ــەوە
گۆڕان؛ کاندیدەکانی، یەک لیستیی
مەلا بەختیار و هەڵوێستەکانی
سێ ڕستە لەسەر شاسوار، پێویستم بە چەند خولەکێک "بێلایەنی"یە
گەنجێک سەربەرزانە کورسى سەرۆکایەتى جێهێشت
د.هەڤاڵ چی بکات لەگەڵ خۆپیشاندەران؟
یەکگرتوو "بندیوار"ى هەیە؟!
12345

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە