جانتاکەی یڵدرم لە بەغداد
د.بەختیار شاوەیس
PM:06:36---08-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

یەكێك لە پرسیارە جەوهەریەكانی چاودێرانی سیاسی و ناوەندەكانی میدیا لەپەیوەندیدا بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عیراق ئەوەیە داخۆ لەجانتاكەی بینایی یڵدرمدا كام مەلەف و چی لەهەگبەكەیدایە؟ پرسیار لە ناوەرۆكی سەردانێك كە لەدوای هەڵكشان و داكشانێكی زۆر و گرژیەكی توند لە پەتی پەیوەندیەكانی ئەنكەرە و بەغداد هاتوەتەوە ئاراوە. هەریەك لە كێشەی نەوت و مەسەلەی لەشكركێشی توركیا بۆ سەرخاكی عیراق و هەروەها هەبوونی گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەی شەنگال، ئەو باس و خواستە گەرمانە دەبن كە دەچنەخانەی ئەجێندای كۆبوونەوەكانی هەردولاوە.

وە نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت كە ئەگەر رێگاكانی سەفەری ساین یڵدرم درێژبیكرێتەوە و ئاراستەكەی هەولێرێش بگرێتەوە ئەوا هەمان ئەجێندا بەشێوەیەك لەشێوەكان مێزی گفتوگۆكانی لەگەڵ كاربەدەستانی هەولێر دەگرێتەوە بەو پێیەی كە هەریەكە لەم ئاریشە و قەیرانانە كۆلكەی هاوبەشی نێوان هەرسێ‌ پایتەخت ئەنكەرە، بەغداد، هەولێرن.

 لەرووی زەمەن و لێكەوتە سیاسیەكانیەوە ، ئەم نزیكیەی نێوان توركیا و عیراق كە بریارە سەرەتاكانی دەستپێبكات و لەهەمانكاتادا جۆن كیربی وتەبێژی كۆشكی سپی خۆشحاڵی خۆی دەربری و توركیای بەئەندامی ناتۆ و ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش ناوبرد و سەردانەكەی پێ گرنگ بوو، لەسات و هەلومەرجێكدایە كە پایتەختی هەردوو دەوڵەت گیرۆدەی زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەكی تەقینەوەو كاری تیرۆریستی و تەنانەت شەوی سەری ساڵی توركیا یەكێك بوو لەشەوە رەشەكانی حكومەتەكەی ئاك پارتی، هەروەك لەرەهەندێكی دیكەوە لێدوانە توندەكانی هەریەك لەئەردۆگان سەبارەت بە گەریلا و شەرڤانان و سرینەوەیان لە شەنگال یان ئەوەی كە دەڵێن پێویستە لەم بەهارەدا قەندیل نەمێنێت و هەروەها لێدوانەكەی نوری مالیكی سەبارەت بە كشانەوەی پێشمەرگە و دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان بۆ پێش 2003 وە بەستنەوەی هەردوو لێدوان و كاتی رووداوەكان بەئەجێندای سەردانەكەوە بۆنی پیلانێكی لێدەكرێت بەرامبەر پێشمەرگەوگەریلا لەناوچەكەدا بەو پێیەی كە :

 1.راستە هەریەك لەرەجەب تەیب ئەردۆگان و نوری كامل مالیكی سەرۆك وەزیرانی جكومەتەكانی توركیا و بەغداد نین ، بەڵام لەپشتی پەردەوە بریاردەرن و جوڵێنەری رووداوەكانن و هەیمەنەی سیاسی و سەربازی و پەرلەمانیان هەیە و لەمەش زیاتر:

 2.هەر خۆشیان ئەندازیاری تێكچوونی پەیوەندیەكانی هەردوو دەوڵەتەكە بوون لەساڵانی رابردوودا ، ئەمە ئەگەر ئەوەمان لەبیر نەچێت كە رێگەنەدانی ئەنكەرە بە چوونە ژورەوەی سوپای ئەمركاو هاوپەیمانەكانی بۆ لێدان لە صدام حسین لەساڵی 2003 زەمینەی خۆشكردبوو بۆ لاسەنگی لەپەیوەندیەكان. كەواتە ئێستاش كە بەرەو قۆناغی دەركردنی داعش دەرۆن لە موسڵ و تەواوی عیراق، بەرژەوەندی هەردوولایان لەدەركردنی هێزە كوردیەكان دەبیننەوە و ئەمەش دەبێتە خاڵی كۆكەرەوەیان. هەروەها:

 3.ئەوەی ئەمە ئاسانتر دەكات هەڵوێستی سەرۆكی حكومەتی هەولێرە كە چەند رۆژێك پێش ئێستا داوای دەركردنی پەكەكەی كرد لە شەنگال وە ئەگەر پرۆسەی داش بەداشی نێوان ئەنكەرەوبەغداد كەدەركردنی پەكەكەیە لەبەرامبەركشانەوەی پێشمەرگە لەوناوچانەی كەبەخوێن لەچنگی داعشی دەرهێناوە ئەوا دەبێتە ئیحراجبوونی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم . وە دواجار:

 4.رەنگە لەسەروبەندی سەركەوتنی ئەم مەسەلەیەدا ، دۆسیەی نەوت و ئەو كێشانەی كە لەنێوان هەردوولا بەهەڵپەسێرراوی ماوانەتەوە بە هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەولێرو ئەنكەرە كۆتایی پێبێت، لەوسۆنگەوەی كە حكومەتی عیراقی ئەم رێككەوتنە بەنادەستووری و نا یاسایی دەزانێت و بەهۆكارێكی بەتاڵانبردنی داهاتی عیراقی دادەنێت. هەموو خوێندنەوەكانی سەرەوە ئەگەری كراوەن و لەداهاتووی نزیكی ئەم سەردانەدا دەخرێنە بەرباس و گفتوگۆ بەڵام ئەوەی كە گرنگە بەتایبەتی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق ، ئەوەیە كە:

•لەكاتێكدا كە دەوڵەتی توركیا لەشكركێشی دەكردە سەرخاك و سەروەری عیراق و 2000 چەكداری میتی لەباشیك جیگیركرد، لەمكاتە هەستیارەدا پەرلەمانی عیراق تەنها بریاری كشانەوەی ئەو هێزەمان دەركردو داوامانكرد لە عەبادی بانگهێشتی سەفیری توركیا بكات ، بەڵام لەسەرئەرزی واقع گەرلاكانی پەكەكە شەری تیرۆریستانی داعشیان لە شەنگال و ناوچەكانی تر دەكرد و خاكی عیراق و هەرێمیان دەپاراست.

 •لەكاتێكدا كە موسڵ بە چەند كاتژمێرێك كەوت و سێیەكی خاكی عیراق كەوتە دەست داعش ، هێزەكانی پێشمەرگە بەقوڵایی 1050 كیلۆمەتر بەرگریان لە كەركوك و خانەقین و دووز و مەخمور دەكرد هەربۆیە لەبری داوای كشانەوەیان با هەردوو حكومەتەكە پابەند بن بەدەستوور و مادەی 140 هەڵبژێرن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئایندەی بەرێوەبردنیان چونكە مومكین نیە كە ناوچەیەك تۆ بۆت نەپارێزرابێت و تەسلیمی داعشت كردبێت ، دواتر پێشمەرگە بە1600 شەهید پاراستبێت ئێستا داوای چۆڵكردنی لێبكەیت.

•هەروەك لەمەلەفی نەوتدا گرنگە هەردوو حكومەتەكە بگەرێنەوە بۆ دەستوور و هەوڵبدەین لەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمان یاسای نوت و گاز بەتەوافوق پەسەند بكرێت و بەغداد پابەند بێت بە جێبەجێكردنی و هەرێمیش رێککەوتنەکەی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێنەێتەوە.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە