ئایا ئۆتۆمبێلی کارەبایی مەحاڵە؟
گۆران دوکانی
AM:11:11---05-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

"پێشەکی"

دروست بونی ئەو هەرا گەورە (کۆمێدیا)یەی کەچەند ڕۆژێکە زۆرینەی تاکی کورد لەناو تۆرەکۆمەلایەتیەکان خۆیان پێوە سەرقاڵ کردوە لەسەر یەکێک لەخاڵەکانی پلانی نەوەی نوێ کە (هێنانی ئۆتۆمبێلی کارەباییە بۆ کوردستان)، دروست پێمان دەڵێت: چی نەوەیەکی (بێ ئاگا، داماو، خڵەفاو، ڕەشبین) لەژێر حوکمڕانیکردنی ئەو دەسەڵاتە دیماگۆجیەی (پارتی و یەکێتی)دا پەروەردەکراون، تائێرە بەهەرحاڵ بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەم ڕەشبینیە بەشێک لەنوخبە هەرە ڕۆشبیرو عاقڵمەندەکانیشی گرتۆتەوە!.

دەکرێت تێبینی و ڕەخنە لەسەر پڕۆژەکەی نەوەی نوێ هەبێت، بۆ نموونە جارێ بەر لەهەرشتێک لەم وادەی خۆپیشاندانە جەماوەریەی کەتەواوی شارەکانی هەرێمی گرتۆتەوە، کەی وادەی سەرقاڵکردنی خەڵکیە بەپرۆژەوە؟!، پاشان پرسیاری جەوهەری ئەوەیە؛ ئەگەر ئەم پڕۆژەیەش وەک پڕۆژەکانی رابردووی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەلایەن دەسەڵاتەوە کاری پێنەکرا ئەوکات ئەڵتەرناتیڤی نەوەی نوێ چی دەبێت؟! هاوکات داواکاریەکانی خەڵکی هەرێم لەئێستادا شتگەلێکی دیکەن کەزۆر گرنگترن لەهەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، دەیان تێبینی لەسەر خاڵە جەوهەریەکانی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، دەکرێت ئەمانەو چەندان قسەو تێبینی دیکە لەپرۆژەکە هەبن بۆ گوتن، لێ لەناو ئەو هەموو قسەوباسە جدیانەدا زەقکردنەوەی ئەو خاڵەی پرۆژەکە (هێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ هەرێم) کەچەند ڕۆژێکە زۆرترین قسەی وەک (کۆمیدیا) لەسەر دەکرێت، بەراستی توشی شۆک بووم لەناو ئەم جیهانی گڵۆبالیزەیشنەداو لەم عەسری تەکنەلۆجیایەدا خەڵکانێک هەن هێندە بێ ئاگاو داماو بیربکەنەوە.

"ئەو ووڵاتانەی پلانیان هەیە"

بەپێی ئەو داتاو زانیاریانەی تاکو ئێستا بڵاوکراونەوە چەندین وڵاتی گەورەی جیهان پلانی گۆڕینی ئۆتۆمبێلی گازو بەنزینیان هەیە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەساڵی 2025 تاکو ساڵی 2040 ئەو وڵاتانەش بریتین لە (بەریتانیا، فەرەنسا، هیندستان، نەرویج، دانیمارک، ئەڵمانیا، ئایرلندا، پرتوگال، هۆڵندا، ئیسپانیا، ئوسترالیا، یابان، چاینا، کۆریا،....لەگەڵ هەشت ویلایەتی ئەمەریکا) زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە:
http://money.cnn.com/…/countries-that-are-bannin…/index.html

"ئەو کۆمپانیانەی ئۆتۆمبێلی هایبرێدو کارەبایی بەرهەم دێنن"

لەگەڵ خۆ ئامادەکردنی زۆرێک لەوڵاتانی جیهان بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە گرنگەی کە پەیوەندی بەژینگەو ژیان و ئابووری هاوڵاتیانەوە هەیە، زۆربەی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لەجیهاندا خۆیان بۆ ئەم پلانە گەورەیە ئامادەکردوەو تەنانەت زۆربەیان ئۆتۆمبێلی جۆری کارەبایشیان دروست کردوەو بگرە چەندین ساڵیشە بڕاندە جیاجیاکانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە بەتایبەت هایبرێد لەبازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشرێت، دیارترینی ئەو کۆمپانیانەی کەسەرکەوتوبون لەدروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلەدا بریتین لە کۆمپانیاکانی (تیۆتا، هۆندا، لێکزس، بی ئێم دەبلیو، ڤاڵڤۆ، هەندای، کییا، شۆفرلێت)، زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە:
https://www.autobytel.com/top-10-cars/new-cars/hybrid-cars/…

"ئێستا لەجیهاندا ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێشەنگە"

ئەگەرچی بەشێکی زۆر لەکۆمپانیاکانی جیهان لەچوار ساڵی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلی کارەباییان بەرهەم هێناوە، بەڵام جۆرێکی دیکەیان کەپێی دەگوترێت ئۆتۆمبێلی هایبرێد Hybrid ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە بەباتری و بەنزین کار دەکات، بەڵام کەمترین ڕێژەی بەنزین سەرف دەکات هەرهێندەی باتری کارپێکەری ئۆتۆمبێلەکە شەحن دەکاتەوە، بۆ یەکەمینجاریش کۆمپانیای تیۆتا لەساڵی 2005 ئەم مۆدێلەی بەرهەم هێنا بەناوی تیۆتا پریوس Toyota Prius دوای ئەوەی بەیەکێک لەباشترین مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای تیۆتا هەژمارکرا، کۆمپانیاکانی دیکەی ئۆتۆمبێلیش جۆری هایبرێدیان خستەبازاڕەوە، لەئێستادا ئۆتۆمبێلی پریوسی کارەبایی بەباشترین و پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای تیۆتا دەستنیشان کراوە بەجۆرێک ئەم ئۆتۆمبێلە کارەباییە بەتەنها لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لەدوو ملیۆن دانەی لەسەرانسەری بازاڕەکانی جیهاندا لێ فرۆشراوە، کەدەکاتە فرۆشی نیوەی هەموو مۆدێلەکانی دیکەی کۆمپانیای تیۆتا، بەمەش مۆدێلی پریوس لەکۆمپانیای تیۆتادا ڕیکۆردێکی چاوەڕوان نەکراوی شکاند کە لەئێستادا فرۆشی لە(ئەڤەلۆن و کامری و کڕۆلاو تاکۆماو) تەواوی مۆدێلە بەناوبانگەکانی دیکەی تیۆتا زیاترە، تەنانەت لەسەرجەم مۆدێلەکانی لێکسزی ڕۆحی کۆمپانیای تیۆتاش فرۆشی زیاترە، ئەگەر پێشتر تیۆتا کڕۆلاو تیۆتا کامری و تیۆتا ئەڤەلۆن پێشەنگ بن، ئەوا ئێستا لات نامۆ نەبێت تیۆتا پریۆسی کارەبایی لەجیهاندا پێشەنگە.

"گەورەترین کۆمپانیاکانی تاکسی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاری دێنن"

بەهۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەی کەئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەبازاڕەکانی جیهاندا بەدەستیان هێناوە زۆرینەی کۆمپانیاکانی تاکسی ئۆتۆمبێلی جۆری هایبرێد بەکاردێنن، دیارترینیان هەردوو گەورە کۆمپانیای تاکسی جیهانی ئوبەر Uber لێفت Lyft کەزیاتر لەیەک ملیۆن و نیو شۆفێر لە 55 وڵاتی جیهاندا کار لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایەی تاکسیدا دەکەن، زۆربەی شۆفێرەکان ئۆتۆمبێلی هایبرێدی کارەبای بۆ کاری تاکسی بەکار دێنن کە لەناویشیاندا ئۆتۆمبێلی تیۆتا پریوس پێشەنگە لەڕیزبەندیدا، زانیاری زیاتر لەم لینکەدایە:
https://hyrecar.com/blog/cars-uber-lyft/

لەکۆتایدا پرسیارە سادەکە ئەوەیە: بۆچی ئەو هەموو وڵاتەی جیهان بەگشتی و هەردوو گەورە وڵاتەکەی جیهان بەتایبەتی (چاینا، هیندستان) کەزۆرترین دانیشتوانی جیهان پێک دەهێنن و خاوەن ڕووبەرێکی گەورەی جوگرافیان و زۆرترین ئۆتۆمبێلیان تێدایە، هاوکات داهاتی تاک لەم دوو وڵاتەدا لەئاستێکی زۆر نزم دایە، بۆ دەبێت ئەوان توانای جێبەجێ کردنی ئەو پلانەیان هەبێت کەچی بۆو هەرێمە بچووکەی ئێمە پلانێکی لەوجۆرە مەحاڵ بێت و وەک کۆمێدیا سەیربکرێت؟!.

گۆران دوکانی ـ ئەمەریکا





زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە