فایلی نهێنیی شەیتانی خائین
ئەحمەد میرە
PM:07:32---01-01-2017
ئه‌م بابه‌ته 24620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئەوەی مێژووی سیاسیی سەركردەكانی كوردی بەشێوەیەكی بێلایەنانەن‌و تەندروستانە نووسیوەتەوە، بەردەوام لەپاڵ وێنە شۆڕشگێڕییەكەیاندا ئەوەی خستووەتەڕوو ئەمانە لەباشترین خوێندنگەكانی خیانەتكردن دەرچوون‌و بەشێوەیەكی بنەرەتی ئەوە ڕوونبووەتەوە كە هەرگیز ڕێزیان لەو پرەنسیپانە نەگرتووە كە خۆیان بانگەشەیان بۆ كردوون‌و خۆشیان بەخاوەنداریان دەزانن، لەبەرانبەریشدا بێسڵەمینەوە پەلاماری هەموو ئەو كەسانەیان داوە كە بوێریی ئەوەیان هەبووبێت پێین بڵێن خیانەتتانكردووەو قاچتان خوار داناوە.

ڕۆژانە لێرەو لەوێ بەڵگەنامەی نهێنی لەسەر خراپەكارییەكانیان‌و فرۆشتنی خاك‌و خەڵك‌و سامانی كوردستان لەسەر بەرپرسانی هەرێم ئاشكرادەبێت‌و بڵاودەبێتەوە، بێ ئەوەی داواكاری گشتی‌و دامودەزگای دادوەری بوێریی ئەوەیان هەبێت ئەم دۆسیانە بجوڵێنن‌و لێپرسینەوەیان لەبارەوە بكەن.

ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوەو بە فایلەكانی دەزگای هەواڵگری‌و ئیستخباراتی ڕژێمی بەعسدا بچینەوە، گەلێك چیرۆكی سەیرو سەمەرەو قێزەونی ئەو بەرپرسانە دەبینین، كە تا ئێستاش بەشێكیان حوكمڕانی ڕەهای هەرێمی كوردستانن، لەو سەروبەندەدا ئەوەی بەرۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەستا لەناساندنی دیوی دووەمی بەرپرسە فایلدارەكان بەڕای گشتیی كوردستان، تەنیاو تەنیا میدیای ئەهلی بوو، نە پەرلەمان‌و نە دامودەزگای دادوەری‌و نە حكومەت‌و نە حیزب نووزەیان لێوەنەهات، تەنانەت زۆربەشیان بە چەپڵەڕێزان پلەی باڵایان لەحیزبدا پێبەخشرایەوە، هەشیانە ئێستا دەمڕاستی سیاسیی حیزبەو سەروبنی زمانی باسكردنی كوردایەتییە.

ئەمە جگە لەوەی بەدەیان بەڵگەنامەی نهێنیی مەترسیدار لەلایەن دەزگاكانی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ‌ لەسەر بەرپرسانی حیزبی‌و حكومیی هەرێم دزەیانكردووەتە ناو میدیای كوردی‌و جیهانییەوە، كە هەر یەك لەو بەڵگەنامانە بایی ئەوە بوون كەسە تۆمەتبارەكانی ناویان دادگاییبكرێن‌و لەجیاتی ئەوەی بەرپرس بن، دەبوو لەزینداندا بوونایە.

ئەو دۆخەی لەهەرێمدا هەیە، وەك هەموو دیاردەكانی تر لەهیچ دەوڵەت‌و كۆمەڵگایەكی تردا بوونی نییە، چونكە ئەم جۆرە بەڵگەنامانە لەكۆمەڵگا سەقامگیرەكاندا وڵات دەهەژێنن‌و بوومەلەرزەی سیاسی دروستدەكەن، تازەترین نموونەش لەم بارەیە بەكارهێنانی ئیمەیڵی تایبەتی هیلارلی كلینتۆن، كاندیدی دیموكراتەكان بوو بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەو خانمە نە خیانەتیكردبوو، نە تاوانی گەورەشی ئەنجامدابوو، بەڵكو تەنها لەجیاتی ئیمەیڵی فەرمی، ئیمەیڵی تایبەتی خۆی بۆ بەڕێكردنی كاروبارەكانی وەزارەتی دەرەوە بەكارهێنابوو، تەنها ئەم لەڕێلادانە وەك خۆی وتی جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە لەلایەن (ئێف بی ئای)ـەوە بووە هۆی سەرنەكەوتنی لەهەڵبژاردنەكانداو ئەگەر توندتر مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە، ڕەنگە ئێستا لەزینداندا بووایە.

لەو كاتەوەی سایتی ویكلیكس دەستیكردووە بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە نهێنی‌و تایبەتەكانی وڵاتان‌و سەركردەكانی دونیا، هەزاران بەڵگەی لەسەر كاربەدەستانی هەرێم بڵاوكردوونەتەوە، كە دواهەمینیان پێشنیازی فرۆشتنی كیڵگە نەوتییەكانی هەرێم بووە بە توركیا لەبەرانبەر قەرزدا، دەبوو ئەم دۆسیەیە هەرێمی كوردستان بهەژێنێت‌و لەهەواڵی میدیاكانەوە ببووایە بەسەرچاوەی سەرەكیی دروستكردنی ڕای گشتی، بێ چەندو چوونیش دەبوو داواكارە گشتییە كارتۆنییەكەی هەرێم، سەرۆكی حكومەت‌و مەسعود بارزانی‌و ئاشتی هەورامیی بدایە بەدادگاو خەڵكیش لەسەر شەقامەكان لەجیاتی داواكردنی مووچە پرۆسەی ڕەجمكردنی ئەم شەیتانە خائینانەی ئەنجامبدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی خیانەتكردن‌و دزیكردن لەمێژووی ئێمەدا زۆر ئاسایی بووەتەوەو تاڕادەیەكی زۆریش بووەتە نەریتێكی چەسپیوی حوكمڕانی لەهەرێمدا، وێنەی خەڵكیش بۆ كاربەدەستانی حكومیی ڕەها، تەنیا بریتییە لەوێنەی خیانەتكارو دز، كۆمەڵگا بێدەنگەو دادگاكانیش لەم بارەیەوە نقەیان لێوە نایەت، بەڵام ئەگەر بێت‌و كەسێك بە ئاشكراو بەناوی خۆیەوە لێدوان بدات‌و لێكدانەوەی جیاواز بۆ قسەكانی بكرێت، ئەوە لەكون فەیەكوونێكدا پازدە هەزار چەكداری بندیوار بەردەمی دادگا بگرن‌و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەو كەسە بكەن، كە بە وتەی ئەوان سووكایەتیی بە سیمبولەكانی نیشتیمان كردووە.

لەكاتێكدا دەبوو ئەو هەموو بندیوارە زۆرە دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەكانی ئەم دواییەی ویكلیكس، بەردەم كۆشكی سەرۆكیان بگرتایەو پێیانبووتایە؛ ئەزبەنی وەك چۆن ڕابوردوو‌و ئێستای ئەم وڵاتەتان هەرزانفرۆشكرد، ڕێگەت پێنادەین قووت‌و سامانی نەوەكانی داهاتوومان بكەیتە دیاری بۆ سوڵتانەكانی توركیا.
 






ئایا قۆناغی پۆست گۆڕان بەڕێوەیە؟
با بارزانی كوڕێكی لەسێدارەبدات
ئەژدیها سیاسییەكەی گۆڕان دەجووڵێتەوە؟
حەفتاو حەوت خاڵ بۆ سەلماندنی دیكتاتۆریەتی بارزانی
چاوەكان لەسەر یەكێتین
فایلی نهێنیی شەیتانی خائین
پارتی تەڕ تەڕنەباشە
ئایا تەنیا پارتی تاوانبارە؟
د.هۆشیار وه‌ك ده‌یویست شه‌هید بوو
ئەگەر بارزانی سەرۆكی حکومەتی بەریتانیا بووایە!
نەوشیروان مستەفا خەریكی چییە؟
ئەم دۆخە چۆن بگۆڕین؟
بازگەو كودەتا
هێمن بنەسڵاوەیی
دەبێ‌ پارتییەكان دوعا بۆ سەدام بكەن
123456

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە