ئەژدیها سیاسییەكەی گۆڕان دەجووڵێتەوە؟
ئەحمەد میرە
PM:03:42---15-02-2017
ئه‌م بابه‌ته 44079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

تادێت باسكردن لەڕێككەوتنی نوێ‌و هاوپەیمانێتیی نوێ لەهەرێمی كوردستان گەرموگوڕتر دەبێت، لەبەرانبەریشدا ئەو بژاردەیە زاڵە كە نابێت هیچ هێزێكی براوەی هەڵبژاردنەكان بكرێتە دەرەوەی حوكمڕانی لەهەرێمدا، بەدیاریكراوییش پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتوو گرفتێكی ئەوتۆ یاخود درزێكی قووڵی ئەوەندە گەورەیان لەنێواندا نییە، بۆ ئەوەی بتوانن هەم هاوپەیمانێتی‌و ڕێككەوتن ئەنجامبدەن‌و هەم حوكمڕانییش بەهەژموونی پارتییەوە لەنێوان خۆیاندا دابەشبكەن، بەڵام ئەوەی گرفتی بەردەم (یەكێتی‌و یەكگرتوو)ە، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامییە، ئەم دوو هێزە هەر یەكەیان لەڕوانگەی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیانەوە نایانەوێت بەشداربن لەحوكمڕانییەكی نوێدا، بەبێ بەشداریی نەیارە بەهێزەكەی بنباڵی هەردووكیان.

بۆ یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان نەیارێكی بەهێزی تەقلیدیی متبووە، هەموو جوڵەیەك بەئاراستەی پارتیدا ئەو ئەژدیها سیاسییە متبووە دەجوڵێتەوەو دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر، كە ڕەنگە یەكێتی لەم بارودۆخەدا نە بیەوێت ئەو شەڕە بەقەرز بۆ پارتی بكات‌و نە بەدۆخی ناوخۆی خۆیشییەوە دەتوانێت ئەو شەڕە قورسە بكات.

لای یەكگرتووی ئیسلامییش، بزوتنەوەی گۆڕان نەیارێكی بەهێزی هەڵبژاردنەو تا ڕادەیەكی زۆر ئەم دوو حیزبە لەناو بازنەیەكی لێكنزیكی دەنگە خۆڵەمێشییەكاندا كاردەكەن‌و هەریەكەیان دەیەوێت ئەو دەنگانە بەلای خۆیاندا ڕابكێشن.

لەبنەڕەتدا كردنەدەرەوەی گۆڕان لەحوكمڕانیی هەرێمكدا بۆ پارتی، هەم دەستكەوتێكی سیاسیی گەورەیەو هەم بەئاسانییش بارێكی گران لەسەرشانی خۆی لادەبات، هەروەها بەهۆی ئەمەشەوە وێنەی یەكێتی‌و یەكگرتوو هاوشێوەی خۆی لێدەكات، واتا پارتی بەبەردێك سێ نیشانەی سیاسیی گەروە دەپێكێت.

بارودۆخەكە بۆ كۆمەڵی ئیسلامی بەجۆرێكە، كە نە بۆ پارتی‌و نە بۆ یەكێتی مەترسییەكی سیاسی‌و جەماوەریی گەورە نییە، توانای دروستكردنی سەر ئێشەی زەبەلاحیشی نییە بۆ نەیارەكانی، بەڵام هاوبەشیی كۆمەڵ لەگەڵ گوتاری سیاسیی گۆڕاندا پێگەی ئەو حیزبە بەهێزتردەكات‌و دەتوانێت لەم ڕێیەوە پشكی سیاسیی خۆی بەرێت، بەتایبەت لەو خاڵەدا كە هەردوو هێزەكە تا ڕادەیەك گوتارێكی توندی سیاسییان هەیەو دەتوانن لەجوڵاندنی شەقامدا بەكاریبهێنن.

بەڵام پرسیاری سەرەكی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت؛ بۆچی بەم حاڵەیەوە دەیەوێت بەشێك بێت لەحوكمڕانی؟ ئایا نایەوێت ویستە سیاسییەكانی پارتی بسەپێن‌و وەك خۆیان دەڵێن جارێكی تر كورسیی حوكمڕانییان بەئاسانی بۆ بەجێبهێڵن؟ یاخود لای گۆڕان قۆناغی ئۆپۆزیسیۆنبوون تێپەڕیوەو بووەتە عەیبەیەكی سیاسی، كە ناكرێت جارێكی تر مومارەسەی بكەنەوە؟

بە بۆچوونی ئێمە پێكهێنانەوەی حكومەتی هەرێم بە بەشداریی هەر پێنج حیزبەكە، هەڵەیەكی سیاسیی گەورەیە، وەك چۆن پێكهێنانەوەی حكومەت لەسەر بنەمای جووتحیزبی "یەكێتی‌و پارتی" هەڵەیەكی كوشندەیە.

بەڕای ئێمە هەردوو مۆدیلەكە شكستخواردوون‌و دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێم گفتوگۆو دانیشتنەكانیان لەسەر بنەمای ئەوە بێت، كە كاری كابینەی هەشت بەتەواوەتی كۆتاییهاتووەو هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنی پێشوەخت (ئەگەر كێشەو گرفتیشی تێدا بێت) چارەسەرێكی زۆر گونجاوترە لەدوو مۆدیلە ئاماژە پێكراوەكەی سەرەوە، چونكە هەر جۆرە داڕشتنەوەیەكی نوێی حكومەتی هەرێم بەهیچ جۆرێك چارەسەری بارودۆخەكە ناكات، بەپێچەوانەوە قەیرانەكان قووڵتردەكاتەوەو ململانێكان توندتردەبنەەوە، تەنها ئەوەی دەگۆڕێت فۆرمی ململانێكانە.

لەبارودۆخێكی لەم جۆرەدا، هاتنەدەرەوە لەحكومەت‌و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنبوونێكی كاریگەر نەك عەیبە نییە، بەڵكو دەستكەوتێكی سیاسیی گەورەیە بۆ گۆڕینی نەخشەی حوكمڕانی لەهەرێم، لانی كەم لەبارودۆخێكی لەم جۆرەدا دەتوانرێت فشارەكان توندتر‌و كاریگەرتر بن لەوەی لەئێستادا هەیە، بۆیە دەبێت یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتو‌و كۆمەڵ بە وریاییەكی زۆرو سەلیقەیەكی سیاسیی دەوڵەمەندەوە درێژە بەو یارییە بدەن، كە پارتی دەیەوێت لەئێستاوە بەبراوەیی لێیدەربچێت، بەئاسانیش ڕێگەنەدرێت بەو گروپە سیاسییانەی لەڕوانگەی بەرژەوەندییەكی دیاریكراوەوە جارێكی تر بەئاسانی حوكمڕانی لەهەرێمدا بۆ پارتی پینەبكەنەوەو شەرعیەتی پێبدەنەوە.

ئەوەی ئێمە چاوەڕێیدەكەین؛ ئەوەیە كە ئایا ئەژدیها ونبووەكەی ئەم چوار ساڵە، گفتوگۆكان دەیجوڵێننەوە؟ یاخود لەسووڕی متبوونی خۆی بەردەوامدەبێت؟!






تاڵەبانیی و شەڕی كتێبەكان
بەڵێ بۆ ڕەتكردنەوەی یاریی ڕیفراندۆم
یەكێتیی خەریكی چییە؟
دەهۆڵی بەتاڵی سەربەخۆیی
ئایا قۆناغی پۆست گۆڕان بەڕێوەیە؟
با بارزانی كوڕێكی لەسێدارەبدات
ئەژدیها سیاسییەكەی گۆڕان دەجووڵێتەوە؟
حەفتاو حەوت خاڵ بۆ سەلماندنی دیكتاتۆریەتی بارزانی
چاوەكان لەسەر یەكێتین
فایلی نهێنیی شەیتانی خائین
پارتی تەڕ تەڕنەباشە
ئایا تەنیا پارتی تاوانبارە؟
د.هۆشیار وه‌ك ده‌یویست شه‌هید بوو
ئەگەر بارزانی سەرۆكی حکومەتی بەریتانیا بووایە!
نەوشیروان مستەفا خەریكی چییە؟
123456

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە