پێویستمان بە نەوشیروان مستەفایەکی ترە
ئەحمەد میرە
PM:03:53---16-12-2017
ئه‌م بابه‌ته 5908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

جاران ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، دوو جەمسەر و دوو گوتاری جیاواز و دژبەیەک لە هەرێمدا بوونیان هەبوو، ئاراستەی ڕوداوەکانیان دەکرد. جەمسەرێکیان پارتیی بوو، کە خاوەنی گوتارێکی کلاسیکیی پشتئەستوور بە ئەدەبیاتی شاخ و سەرکردەی ئەم جەمسەر خاوەنی ئەم گوتارە مەسعود بارزانیی بوو. جەمسەری دوهەمیان بزوتنەوەی گۆڕان بوو، کە خاوەنی گوتارێکی نوێ و شارییانە بوو، سەرکردەی ئەم جەمسەر و خاوەنی ئەم گوتارە نەوشیروان مستەفا بوو.

ئەودەمە سیاسەتکردن کەمێک جوانیی تێدا مابوو، ئۆپۆزیسیۆن_بوون و هەڵبژاردن بەهای سیاسیی خۆیان لەدەستنەدابوو، ئومێدی خەڵک بۆ گۆڕانکاریی لە ئاستێکی بەرزدا بوو. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کاریگەریی بەرچاویان هەبوو. پەرلەمان و میدیا پەکنەخرابوون، دەیانتوانی ڕۆڵی گەورە لە ئاراستەکردنی ڕوداوەکاندا بگێڕن، بەڵام کە نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد، هەموو ئەو شتانەی پێسوو تامی جارانیان نەما. گوتاری دوهەم پاشەکشەی بەرچاوی کرد، تەنانەت دەتوانین بڵێین لەسەر دەستی هاوڕێکانیدا لەگۆڕنرا، بەجۆرێک لە ئێستادا باسکردن لە ئۆپۆزیسیۆن_بوون  و گەڕانەوە بۆ شەقام وەک گاڵتەجاڕی سیاسیی سەیردەکرێت.

لە بەرانبەریشدا سەری گوتاری یەکەمی خوارد و سەرکردەکەیشی تا ڕادەیەکی بەرچاو کردە کەسێکی پەراوێزخراو لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێمدا، هەرچەندە هەندێک ناوەندی سیاسیی باس لەوە دەکەن، کە مەسعود بارزانیی تا ئێستایش لە پشت پەردەوە مومارەسەی دەسەڵاتەکانی دەکات، بەڵام ئەوەی لە واقیعی سیاسەتکردنی هەرێمدا دەگوزەرێت بە هەموو پێوانەکان، ئەوە دەردەخات کە ڕۆڵی بارزانیی لە هەرێمدا کۆتاییپێهاتووە و هەموو کارتەکانی دەستی سوتاون و جارێکی تر هیچ ناوەندێکی بڕیاردانی سیاسیی لە دنیادا مامەڵە لەگەڵ ئەم پیاوەدا ناکاتەوە. بەکورتیی ڕۆڵی مەسعود بارزانیی لە سەر شانۆی سیاسەت لە هەرێمدا لە سفر نزیکبووەتەوە.

ئێستا جموجوڵی نوێی سیاسیی لە هەرێمدا سەریانهەڵداوە. باس لەوە دەکرێت، کە مۆدێلێکی نوێ لە ئۆپۆزیسیۆن_بوون و سیاسەتکردنی جیاواز بەڕێوەیە، هەروەها باس لەوە دەکرێت، کە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر بەڕەی کۆنی ئۆپۆزیسیۆن. بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، هیچ هێزێکی سیاسیی نە لە ناو دەسەڵات و نە لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا دەتوانێت بارودۆخەکە بگۆڕێت، هەروەها نە زیندووکردنەوەی گوتارە سیاسییەکانی ڕابوردوو دەتوانن ئەم بارودۆخە چاکبکەن، چونکە بە هۆی فشاری سەربازییەوە نەخشەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بەتەواوەتیی گۆڕاوەو جەمسەری یاریکردنی سیاسیی لەنێوان هەولێرو سلێمانییدا نەماوەو کارەکتەرە سیاسییەکانیش لە هەرێمدا لاواز و بێدەسەڵات و دۆڕاوی جەنگن، باری ئابورییش بەتەواوەتیی داڕوخاوەو بەکورتیی ژێرخانی سیاسیی و ئابوریی لە هەرێمدا داری بەسەر بەردەوە نەماوە.

لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا بە بۆچوونی ئێمە، نە حکومەتی کاتیی و نە حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی، نە ئۆپۆزیسۆن_بوون و نە هەڵبژاردنیش ناتوانن بارودۆخەکە بگۆڕن. هەموو ئەوانە سەرئێشەی سیاسیی لە هەرێمدا دروستدەکەن. ئەوەی دەکرێت ئێمە پشتیپێببەستین، گەڕانەوەیە بۆ هێزو ئیرادەی شەقام، کە هەر لە سەرەتای دروستبونی قەیرانی داراییەوە ئێمە وەک تاکە چارەسەر بۆ دۆخی خرابی هەرێم پێشنیازمانکردووە، بەڵام گومانێکی گەورەیش لەو هێز و ئیرادە سڕکراوە هەیە، کە نەتوانێت، یاخود نەیەوێت بە گژ ئەو بارودۆخەدا بچێتەوە. ئەگەر جاران بمانگوتایە باشکردنی ژیانی خەڵک و گۆڕانی بارودۆخەکە پێویستی بەچاوەڕوانیکردنی گۆدۆ هەیە، ئەوە لە ئێستادا بەئەوپەڕی بڕوابوونەوە دەڵێم ئەم بارودۆخە بۆ ئەوەی بگۆڕێت یاخود لانیکەم بشڵەقێت، پێویستی بە نەوشیروان مستەفایەکی تر هەیە.





ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
هەڵبژاردنێکی ترسناک
لە ماندیلاوە بۆ ساڵح موسلیم
چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
پێشمەرگەی کۆن و شەڕڤانی ئێستا
مەسروور بارزانیی
شانازیکردن بە شەق و چەکەوە
پێویستمان بە نەوشیروان مستەفایەکی ترە
كەی خۆری نێچرڤان بارزانیی ئاوادەبێت؟
خەڵك حكومەت دەپارێزێت
12345678
زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە