چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
ئەحمەد میرە
PM:01:39---17-02-2018
ئه‌م بابه‌ته 4425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ئێستا لە هەموو كات زیاتر باس لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو هێزە سیاسییانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، سەرەڕای ئەزموونی خرابیان لەگەڵ هەڵبژاردن دڵخۆشن بە هەڵبژاردن، چونكە ئەم بارە چەقبەستووەی هەرێم دەگۆڕێت، ئەو هێزە سیاسیانەیشی لەناو دەسەڵاتدان دڵخۆشن بەوەی جارێكی تر گەمەیەكی براوە بەناوی دیموكراسیەوە لەگەڵ خەڵك و هێزەكانی تری هەرێمدا دەكەن.
هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا نە وەك یەكێك لە میكانیزمەكانی دیموكراسیەت مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، نە بووەتە مایەی بەرهەمهێنانی گۆڕانكاریی لە سیستەمی سیاسییدا و نە توانیویەتی فشاربخاتە سەر دەسەڵات، بۆ ئەوەی پرۆسەی چاكسازیی و گۆڕانكاریی لەخۆیدا دروستبكات.
بەپێچەوانەوە، هەڵبژاردن هەمیشە هۆكارێكی پێویست بووە بۆ ئارایشتكردنی دەموچاوی ناشیرینی حوكمی تاكحیزبیی و جوتحیزبیی لەكوردستاندا، چونكە هێزە حوكمڕانەكان بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی دەرەوەی بدەن، كە سیستەمی حوكمڕانیی لەم وڵاتە وێرانەی ئێمەدا لەڕێی هەڵبژاردنەوە نەخشەی بۆ دەكێشرێت، پرۆسەی هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە.
هێزە حوكمڕانەكانی هەرێم جیاوازترین ئەو هێزانەی دونیان، كە هەڵبژاردن نایانترسێنێت و هەرگیز بەهۆیەوە توشی تای بەخۆداچوونەوە نابن، چونكە ئەوان تا ئێستا دڵنیابوون لەوەی، كە گزیكاریی و هێز و پارە دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ئەواندا یەكلابكاتەوە، بۆ نمونە لێپرسراوێكی باڵای حیزبێكی حوكمڕان لەماوەی ڕابوردوودا زۆر بەئاشكرا گاڵتەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكی كوردستان كرد، ئەو هەمیشە خۆی بە مامۆستای داهێنانی ئیدیۆم و زاراوەی نوێ دەزانێت، بۆیە دەكرێت ئێمەیش پێیبڵێین فەیلەسوفی نوێی ماتماتیك، چونكە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی ئەم زانستەدا فەیلەسوفێكی وەكو ئەو توانیویەتی ئەوە بسەلمێنێت، كە ژمارە یەك یەكسانە بە سەد. ڕەهەندە سیاسییەكانی پشت ئەم گوتەزایەی ئەم فەیلەسوفە ماتماتیەكزانە ئەوەیە؛ نە خۆی و نە حیزبە هاوبەشەكەیشی نایانەوێت كورسیی دەسەڵات لە ڕێی هەڵبژاردنەوە ڕادەستی بەرانبەرەكانیان بكەن، ئەوان وا پەروەردە كراون، كە دەسەڵات بەخششی خودایە بۆ خۆیان و كارێكی گەوجانەیە لەسەر سینیی زێڕین ڕادەستی براوەكانی هەڵبژاردنی بكەیت.
بە هەموو پێوانەكان، ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی پەكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، تا ئێستایش بەشێوەی بەرچاو بەردەوامییان هەیە، لەوانە عەقڵیەتی خۆسەپێنیی هێزە حوكمدارەكان و نانیشتیمانی_بونی دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و قۆرخكاریی بواری ئابوریی و بەحیزبیكردنی كۆمەڵگا و دەستتێوەردانی وڵاتانی هەرێمیی، لەسەر پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا. هەر بۆیە لەبارودۆخێكی لەم جۆرەدا زۆر ئەستەمە بتوانین پرۆسەیەكی تەندروست ئەنجامبدەین و ئاكامەكەیشی یارمەتیدەر بێت بۆ چاكسازیی ڕیشەیی لەهەرێمی كوردستاندا.
هەر لەئێستاوە باس لەوە دەكرێت، كە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بێلایەن نیە و كۆمسیۆنێكی حیزبییە و تەنانەت توانای پاككردنەوەی لیستی دەنگدەرانی نییە، بەدرێژایی هەڵبژاردنەكانی ڕابوردوو ئەم كۆمسیۆنە بۆ خۆی بەشێكی گەورەی ئەنجامدانی گزیكاریی بووە، بەهۆیەوە بووەتە هۆی شكستپێهێنان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
بەكورتیی، هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەم بارودۆخ و شێوازەی ئێستایەوە، تەنها دەتوانێت گیرفانی هەندێك دەموچاوی نوێ پڕبكات و قەیرانی نێوان هێزە سیاسییەكان قووڵتربكاتەوە و پێكهێنانی كابینەی حكومەت بنكەفراوانتربكات، لەبەرئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا هێزی زیاتر بەشداریدەكەن و گومانیشی تێدانییە، كە دەتوانن كورسیی لە پەرلەمان مسۆگەربكەن، ئەمەیش سەڕەرای سودە سیاسییەكەی لەڕوی زیادكردنی مینبەری جیاواز لەناو پەرلەماندا، دواتر بۆ خۆی قەیرانێكی تر لەهەرێمدا بەرهەمدەهێنێت.
هەر لەئێستاوە دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بكەین، كە هەڵبژاردنەكان لەهەر كاتێكدا بكرێن، بەهیچ جۆرێك نابنە هۆكاری پێكهێنانی حكومەتێكی باش، لەبەرئەوەی فەلسەفەی حوكمڕانیی لەهەرێمدا بەدەست ئەو چەتە سیاسییانەوەیە، كە نایانەوێت هیچ شتێكی نوێ لەبەرژەوەندیی خەڵك و دیموكراسیەتدا بێتەئاراوە.






نێچیرڤان بارزانیی نەمرە!
ئەو بۆمبەی، کە (17) ساڵ لەمەوبەر تەقییەوە
پارتیی خاتری هەموانی گرت!
بۆ شازدەی ئۆكتۆبەر بۆ ڕویدا؟
هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
123456789

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە