هەڵبژاردنێکی ترسناک
ئەحمەد میرە
PM:05:38---14-03-2018
ئه‌م بابه‌ته 5178 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەڵبژاردنی مانگی ئایاری عێراق دەبێتە یەکێکی تر لەو میکانیزمە کاریگەرەی، کە بەتەواوەتیی پێگەی کورد لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا لاوازدەکات، لەبەرئەوەی لە ماوەی (15) ساڵی ڕابوردودا، هیچ کاتێک کورد ئەوەندە لاوازنەبووە بەرانبەر بە بەغداد، بە پێچەوانەیشەوە بەغدای ئێستا لە هەموو ڕویەکەوە لە هەرێم بەهێزترەو تا ئەو ڕادەیە مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گۆڕاوە، کە وەک سواڵکەرێکی ئابوریی و دۆڕاوێکی شەڕ و شکستخواردویەکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
لە ناوخۆی هەرێمیشدا لێکترازانی سیاسیی و نەبونی ستراتیژێکی هاوبەشی نیشتیمانیی، بونی قەوانێکی سیاسیی دوبارەو سواو، هەروەها داڕمانی تەواوی جومگەکانی ژیانی سیاسیی و ئابوریی لە هەرێمدا، بوارێکی گونجاو دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە بەتەواوەتیی کورد لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پەکبخات. ڕەنگە ئەگەر کۆنترۆڵێکی ژیرانەی دەرهاویشتە سیاسییەکانی هەڵبژاردنی مانگی ئایار لە عێراق لەلایەن کوردەوە نەکرێت، ئەوە بێگومان دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ ئەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیش بکەوێتە بەردەم مەترسیی لەناوچوونەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هیچ گومانێک لەوەدا نییە، کە لە ڕێی ئەم هەڵبژاردنەوە کورد ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی کارگێڕیی هەرێم بە شاری کەرکوکیشەوە دەدۆڕێنێت. بەجۆرێک ئەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکە داگیرکەرەکانی عێراق بە پیلانی سەربازیی ئەمنیی نەیانتوانی ئەنجامیبدەن، دەگونجێت بە شێوەیەکی یاسایی و لە ڕێی هەڵبژاردنەوە ئەم ناوچانە بەتەواوەتیی لەدەستبدەین و ئەم لەدەستدانەیش ببێتە هۆکاری گۆڕینی پەیکەری کارگێڕیی ناوچەکە و دواتریش ببێتە هۆکاری ئەوەی، کە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە سەرلەبەری گۆڕانی بەسەردابێت.
ئەگەر هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق سەرەڕای دیمەنە گاڵتەجاڕییەکانی، بەشێک بووبێتن لە پیشاندانی سیمای دیموکراسییانەی دەسەڵاتدارێتیی لە عێراقدا، ئەوە هەڵبژاردنی مانگی ئایار ئەرکێکی تری سیاسیی گرنگی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق تێدایەو مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر کورد وەک نەتەوە لە عێراقداو هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دەستوریی ددانپێدانراوی عێراق دەکەوێتە بەردەم مەترسیی لەناوچونەوە.
دەسەڵاتدارانی عێراق بەوردیی تاووتوێی دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردنیان کردووەو بۆ یەکەم جاریشە، کە هێزە گەورەکانی شیعە بەئاشکرا دژایەتیکردنی کورد و ئەزمونی خۆبەڕێوەبەریی کوردیان وەک کارتی یەکەمی هەڵبژاردن بەکاربهێنن. واتە هەر هێزێکی شیعە بۆ ئەوەی ڕای گشتیی شەقامی عەرەبیی بۆ خۆی ڕابکێشێت، باشترین و بەهێزترین بەرنامەی سیاسییانەی دژ بە کورد لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەخاتەڕوو، بە هەمان ئەو شێوەیەی، کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا حیزبە ڕەگەزپەرستەکانی تورکیا دژ بە کورد پەیڕەویانکردووە.
حیزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ڕەچاوی ئەو مەترسییانەیان نەکردووە، کە ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە وەک ڕوداوە مەترسیدارەکانی پێشوو نەگبەتیی بۆ کورد بهێنێت، تەنانەت بەلایشیانەوە گرنگ نیە، بەهۆی هەڵبژاردنەوە پێگەی کورد لە عێراقدا چیی بەسەردێت و بەکوێ دەگات!
بە بڕوای ئێمە؛ ئەوەی بۆ حیزبە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنەدا گرنگە، تەنها تاقیکردنەوەی سەنگ و پێگەی جەماوەریی خۆیانە. ئەگەر هات و بارودۆخیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا باش و بەهێز بوو، ئەوا بێگومان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە پایزی ئەمساڵدا ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەگەر هات و ئەنجامەکە باش و گونجاو نەبوو، دەبێت زۆر لەوە دڵنیابین، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت و وەک کارە قێزەونەکانی تریان چەندین پاساوی نابەجێی یاسایی و سیاسیی بۆ دەهێننەوە.






زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە