کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
ئەحمەد میرە
PM:04:20---16-04-2018
ئه‌م بابه‌ته 6064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

هەڵبژاردنی (12/5/2018) بۆ هێزە سیاسییەکانی کورد لە هەرێمی کوردستاندا تا ڕادەیەکی بەرچاو جیاوازیی گەورەی لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو تێدایە. ئەمجارەیان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی بەبێ ئامادەبوونی باوکە کلاسیکییەکەیان دەچنە هەڵبژاردنەوە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ڕووی سیاسییەوە باوکە سوننەتییەکەی تا ڕادەیەکی بەرچاو کەنارگیرکراوە و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا تەواو لاوازبووە. لە بن هەنگڵی ئەم حیزبانەدا چەند ڕەوت و گروپێکی سیاسیی دروستبوون، کە هەریەکەیان بەدوای میراتی باوکە کلاسیکییەکاندا دەگەڕێن، بە جۆرێک قەوارەی هاوپەیمانیی چاوی لە میراتی تاڵەبانییەو قەوارەی گەنجەکانیش چاوی لە میراتی نەوشیروان مستەفایە.
بەڵام ئەوەی پرسیاری گرنگە، ئەوەیە، کە ئایا ئەم حیزب و ڕەوتە نوێیانە دەتوانن پاشەکشەی گەورە بە میراتگرە سیاسییەکانی ئەو کەسایەتییانە بکەن و بڕوایش بە دەنگدەری کورد بهێنن بۆ ئەوەی متمانە بەدەستبهێنن؟
ڕەنگە خوێندنەوەکە بۆ هەر پارت و ڕەوتێکی سیاسیی جیاواز بێت، بۆ نمونە قەوارەی هاوپەیمانیی لەبەرئەوەی بەشە بەهێز و کاریگەرەکەی لە ناو هەناوی یەکێتییەوە هاتووەتەدەرەوە، لە ناوخۆی یەکێتییشدا پشتیوانیدەکرێت و سەرکردە دیارەکانی لە سیاسییە کۆنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و خاوەنی پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەهێزن، بەڕادەیەک لەناو حیزبی کوردییدا دەکرێت ئەم حیزبەیان لە هەموویان سەرکەوتوانەتر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخستووە، هەربۆیە گومان لەوەدا نییە، کە بەئاسانیی دەتوانێت لەناو پەرلەمانی عێراقدا پێگەیەک بۆ خۆی داگیربکات.
بەڵام شەڕکردن لەسەر میراتی نەوشیروان مستەفا هەروا کارێکی ئاسان نیە، لەبەرئەوەی ئەو بەرنامەیەی ئەو دایڕشتبوو بۆ چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە حوکمڕانیی هەرێمدا تا ئێستایش جادووی خۆی لەدەستنەداوەو سەرەڕای ناکۆکییە قووڵەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، سەرکردەکانیان بەناچارییش بێت دەستیانگرتووە بە گۆڕی نەوشیروان مستەفاوە. تەنانەت وا پێدەچێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا سەرکردەکانی گۆڕان وەفاتی نەوشیروان مستەفا و گۆڕەکەی بکەنە یەکێک لە میکانیزمە گرنگەکانی کۆکردنەوەی دەنگ. بۆ ئەم کارەیش بەئاسانیی دەتوانن سۆزی خەڵک بۆلای خۆیان ڕابکێشن و جارێکی تریش بە ئەدەبیاتی نەوشیروان مستەفاوە شەڕی هەڵبژاردن بکەن. لە بەرانبەریشدا هەموو هەڵمەتێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەدەبیاتی نەوشیروان مستەفا لەم قۆناغەدا لە جیاتی زیان بە سوودی پێچەوانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو حیزبە و سەرکردەکانی، چونکە لە یادەوەریی خەڵکدا نەوشیروان مستەفاو بەشێک لە سەرکردەکانی هاوڕێی لە تۆپی ئەو کەسانە بوون، کە بۆ یەکەم جار ڕاستەوخۆ دژایەتیی سیستەمی حوکمڕانییان لە هەرێمدا کرد و زۆر سەرکەوتووانەیش بنکۆڵیان کرد.
ڕاستە ئەزمونی گۆڕان لە حکومەت و تا ڕادەیەکیش لە پەرلەماندا سەرکەوتوو نەبوو، بەرپرسەکانیان هەندێک جار کەوتنە ناو تۆڕی حیزبە حوکمڕانەکانەوە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت، کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بتوانیت وەک نێچیرێکی ئاسان ئەو ئەدەبیاتە قووتبدەیت، کە جادووگەرێکی سیاسیی وەک نەوشیروان مستەفا دایڕشتووە.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ململانێ لە نێوان نەیارە باوەکانی جاراندا نابێت، واتا بە ئەندازەی پێشوو گۆڕان و پارتیی و یەکێتیی شیر و تیر لە یەکتری ناسوون، بەڵکو ململانێ گەرمەکە لە نێوان هێزە نوێکان و پارتیی و یەکێتیی و گۆڕاندا دەبێت. دەرئەنجامی ئەو ململانێیەیش بە هەموو ئاراستەکاندا کراوە دەبێت، تا ڕادەی ئەوەی شتی چاوەڕواننەکراوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبدات، بەتایبەتیی بە هۆی کەمبوونەوەی ترس لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی پارتیی و لاوازبوونی پارتیی لە ناو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا و نەمانی پێگەی پارتیی و یەکێتیی لە ناوچە جێناکۆکەکان و لەدەستدانی پشتیوانیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بۆ حیزبە حوکمڕانەکان ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لەوەی، کە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو لە هەڵبژاردنەکاندا ڕووبدات. هەروەها نایشبێت هیچ هێزێکی سیاسیی شەڕی پیرۆزیی و شۆڕشگێڕیی خۆی لە ڕابوردوودا بە هێزە نوێکان بفرۆشێت و دەرگایان بەڕوودا دابخات و بە لادەر و تێکدەر و ناپاک بیانناسێنێت، ئەگەر بێت و ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا مۆدێلی قبوڵکردنی ئەوانی دیی بهێنینەکایەوە، ئەوا تاکە دەستکەوت دەبێت بۆ پرۆسەی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە وەک پێشتر گوتوومانە: ئەم هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنەکانی تریش لەم بارودۆخەدا هیچ دەستکەوتێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان لێسەوزنابێت.






هەڵبژاردنی (٣٠) ی ئەیلوول چی دەگۆڕێت؟
چەند پرسیارێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
هەڵبژاردن لە نێوان بایکۆت و بەشداریکردندا
دوای دەساڵ سۆرانی مامەحەمە تیرۆركرایەوە
شێرپەنجەی گۆڕان چییە؟!
ئایا ئۆپۆزیسیۆن مردووە؟
کێ مەتەڵی (12) ی ئایار دەزانێت؟
لە نۆزدەی ئایارەوە بۆ دوازدەی ئایار
پارتیی گاڵتە بە بارزانیی دەکات
کێ دەتوانێت نەوشیروان مستەفا قووتبدات؟
هەڵپەڕین لە ناو ماڵی بارزانییدا
هەڵبژاردنێکی ترسناک
لە ماندیلاوە بۆ ساڵح موسلیم
چەتەكانی سیاسەت و فەیلەسوفی ماتماتیك
پێشمەرگەی کۆن و شەڕڤانی ئێستا
12345678

زۆرترین خوێنراو
گۆڤاری لڤین
318
ژمارە
وتار
لڤینی نوێ
59
ژمارە